یەکەم سەنگەری بەرگریی لە ژن

09:53 - 2022-11-30
جەمال ئارێز
278 خوێندراوەتەوە

ساڵانە لە 8ی مارس و 25ی نۆڤەمبەردا بە سەدان بەیاننامەی پشتگیریی و پشیتوانی بۆ مافەکانی ژنان و بانگەواز بۆ یەکسانیی جێندەریی دەبینین و دەبیستین، لەبەرامبەریشدا بە سەدان بەیاننامە و یادداشتی سکاڵا و ناڕەزایی سەبارەت بە پاشەکشەی دەسەڵاتداران و کۆمەڵگە لە رێزگرتن لە خەبات و چەندین ئاماری کوشتن و خۆکوشتن و خۆسوتاندن و سووکایەتی و دەستدرێژیی بۆسەر مافەکانی ژنان و کچانمان بەرگوێ دەکەوێت، گرفتەکەش ئەوەیە کاری زۆرێک لە رێکخراوەکان بە لۆکاڵی و نێودەوڵەتییەوە تەنیا بووە بە دەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزایی و سەرکۆنەکردن و ئەژمارکردنی شەلاق و قامچییەکان، چونکە ئەگەر ئەو بەیاننامە ناڕەزایی و سەرکۆنەکردنانە ببوونایەتە پێوەری بەرچاوڕوونکردنی کۆمەڵگە و رووناکبیران و دەسەڵاتداران، ئەوا دەبوو ساڵ بەساڵ لەو بۆنانەدا ئاماژە بە کەمبوونەوەی رێژەی توندوتیژیی و ژمارەی قوربانییەکان بکرایە، نەک بەپێچەوانەوە.

گرفتی ژنان چییە؟
رەنگە زۆرێک لە رووناکبیرانی سکولاریست تەنها گرفتی ژنان ببەستنەوە بە پرەنسیپە ئایینییەکانەوە و ئۆباڵی هەموو ئەو کێشانە بگێڕنەوە بۆ ئایینەکان، بەپێچەوانەشەوە  گرفتەکان لە روانگەی نووسەر و رووناکبیر و بانگخوازە ئایینییەکانەوە، دەگەڕێنرێتەوە بۆ خیتابی سیاسی و رووناکبیریی هێز و رەوتە سکۆلاریستەکان. 
لەلایەکی دیکەوە زۆربەی رەوتە کۆمەڵایەتییە موحافیزکارەکان ئۆباڵی دۆخی نالەباری ژنان دەبەستنەوە بە چەمکەکانی دیموکراسی و لیبراڵیزمەوە کە گوایە پەیڕەوانی ئەو چەمکانە شیرازەی خێزان و ئادابی گشتیی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبەن. 
بەپێچەوانەشەوە لیبراڵ و دیموکراتەکان ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی موحافیزەکارەکانەوە کە ئەوانە رەوتی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و شارستانی و پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیی و زانستییەکانیان پێ هەرس ناکرێت و دەیانەوێت کۆمەڵگە لە چەقبەستووییدا بهێڵنەوە، بە دەستگرتن بە کەلتور و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی دەیەکانی رابردووەوە.

کێ هاوکارە لەم کێشمەکێشەدا؟
ئەگەر زۆر زیادەڕۆیی نەکەین لە مەسەلەی داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، کەلتور، ئایین، دیموکراسی، لیبراڵیزم و کرانەوەدا، هەموو ئەم چەمکانە بەشێک لە راستییان لە خۆیاندا هەڵگرتووە، بەڵام گرفتە سەرەکییەکە هاوکاریی ژنان خۆیانە لە برەودان بەو ململانێیەی چەمکە جیاجیاکاندا و دواجار قوربانیی یەکەمی ململانێکانیش  هەر خودی ژنانن، ئەوەش بە هۆی درک نەکردنی ژنان بە ماف و ئەرکە جێندەرییەکانی خۆیان و تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی ژنبوون و چۆنێتی چەسپاندنیان لە پەروەردەی خێزانی و کۆی سیستمی پەروەردە و فێرکردندا.
نموونەی هاوکاریی ژنان زۆرە لە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچان و جیاوازیی جێندەریدا، کە دەشێت رێکخراوەکانی ژنان بە گشتی ئەو حزب و رەوتە سیاسییانەی کە خۆیان بە پارێزەر و بەرگریکار لە مافەکانی ژنان دەزانن بەتایبەتی، کاری لەسەر بکەن بۆ دانانی سنوورێک لەبەردەم پێشێلکاریی و ستەمی دژبە ژناندا.

رۆڵی پەروەردە و سیستمی پەروەردە
دەشێت پەروەردەی خێزانی وەک خانەی یەکەمی بنیاتنانی کۆمەڵگە شرۆڤە بکەین، لە دەیەکانی رابردوودا نایەکسانیی جێندەریی چەسپاندبێت بەهۆی ئەوەی کە ژنانێک هەبووبن لەژێر سایەی داب و نەریتە باوەکاندا جیاوازیی جێندەرییان لە نێوان کوڕ و کچەکانیاندا کردبێت، یان ناچاری ئەوە بووبن لەژێر ستەم و سیستمی نێرسالاریدا کچەکانیان  بەچاوێکی کەمتر لە کوڕەکانیان سەیرکردبێت، ئەوە هەم لە منداڵە کچەکانیشدا بۆتە گرێی دروونیی خۆ بەکەم زانین لەناو کۆمەڵگە و لەبەرامبەر رەگەزی نێردا، هەم لە سیستمی پەروەردەشدا لە قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوەندیی و ئامادەییدا بابەتی یەکسانیی جێندەریی نەبووەتە بەشێک لە پڕۆگرامی خوێندن و نەوە جیاجیاکان بە کوڕ و کچەوە دەستوپەنجەیان لەگەڵدا نەرم نەکردووە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئیستا پێشکەوتنێک لەو بوارەدا هەیە و ژنان و پیاوانێکی رووناکبیر و خوێندەوار هەن کە لە خانەی یەکەمەوە کە ماڵ و پەروەردەی خێزانییە، ئەو جیاوازیی جێندەرییەیان کاڵکردۆتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سیستمی پەروەردەدا کاڵ نەکراوەتەوە و یەکسانیی جێندەریی نەبۆتە پڕۆگرامی خوێندن و کچان و کوڕان بە ماف و ئەرکەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا ئاشنا نەکراون، ئیتر لە دەرەوەی ماڵەوە بابەتەکان لەلایەن هەندێکەوە لە سێکسدا چڕ دەکرێتەوە و لە هەندێکیشدا بە حەرام و دوورکەوتنەوەی ئەو دوو رەگەزە لە یەکترییدا چڕ دەکرێتەوە. 

چوونی ژنان بۆ ناو بازاڕی کار، جیاوازییەکانی نێوانیان لەگەڵ پیاو کەمدەکاتەوە

کاریگەریی نەریتە باوەکان، یان داهێنراوە نوێیەکان خودی ژنانی کردۆتە دووبەشی تەواو جوداوە و خەریکە لە نێوان رەش و سپیدا هێڵێکی خۆڵەمێشی یان فرەڕەنگ بەدیی نەکەین، لەلایەکەوە  هەموان دەزانین هیچ ژنێک لەناخەوە و بە پەنهانی قبووڵی نییە هاوسەرەکەی ژنی تری بەسەردا بهێنێت جا پاساوەکانی هەرچییەک بن، بەڵام ژنانێک پەیدابوون بۆ رەتکردنەوەی قسەی سکۆلاریستەکان، ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئەوەی خۆیان خوازبێنی ژنی دووەم و سێیەم بۆ مێردەکانیان بکەن. 
لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ هەبوونی یاسای قەدەغەکردنی فرەژنی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام بەشێک لە پیاوانی دەوڵەمەندی نەریتی یان سەربە رەوتە ئیسلامییەکان دەچنە دادگای شارەکانی دیکەی عیراق یان ناوچە جێناکۆکەکان و لەوێ ژنی دووەم و سێیەم و چوارەم مارە دەکەن، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی و سیاسی و کارگێڕیی لەو مەسەلەیە بێدەنگە.
روویەکی دیکەی ئەو گرفتانە بڕوابوونی ژنان خۆیانە بە بەشێک لە چەمکە کۆنەپەرستییەکان، چونکە وەک ئاماژەمان پێدا زۆربەی ژنان لە ناخەوە دژی هێنانی ژنی دووەم و سێیەمی هاوسەرەکانیانن بە هەموو پاساوێک، هاوکات دژی ئەوەشن کە کوڕەکانیان یان براکانیان بێوەژنێک بهێنێت، تەنانەت زۆرێک لەو ژنانەش کە گوایە رووناکبیرن و بێوەژنی بەلایانەوە نەنگی نییە، بەڵام کە دێتە سەر براو کوڕی خۆیان بە نەنگیی دەزانن جا ئیتر ئەو بێوەژنە جیابووبێتەوە لە هاوسەرەکەی یان هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردبێت.
روویەکی دیکەی گرفتەکە خراپ حاڵیبوونی ژنان و کچانە لە ئازادیی و یەکسانیی جێندەریی و مافەکانیان و خۆ بەدوورگرتنیانە لە دەنگ هەڵبڕین بەرامبەر ستەمی جێندەریی و لەژێر کاریگەریی هەندێک بانگخواز و واعیزی ئایینیدا پێیانوایە ئەوە بەواتای بەدڕەوشتی و فاحیشە دێت لەناو کۆمەڵگەدا. 
هەر پەیوەند بەو بابەتەش هەندێک کەناڵ و میدیا بە ئەنقەست بێت یان لە بێئاگایی، بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بوونەتە هاوکار لەو بەد حاڵیبوونە، لەڕێگەی تەرویجکردن بۆ هەندێک لە ژنان و کچانی لادەر نەک لە پرەنسیپە خۆرهەڵاتی و ئیسلامییەکان، بەڵکو لادەر لە پێوەرە مرۆڤایەتییەکان و کردنیان بە ئەستێرە کە بەداخەوە لە رووی رووناکبیریی و یەکسانیی جێندەرییەوە سفرن، چونکە ژنانی پێشکەوتنخواز و یەکسانیخواز بڕوایان بەوە نییە کە بەژن و لاشەی ژنان و کچان ببێتە کاڵای چێژ و حەزی سێکسیی پیاوان، بەڵکو بڕوایان بەوەیە کە ژنان و پیاوان یان هەر لە بنەڕەتەوە نێر و مێ جیاوازییان نییە بەو پێیەی هەرچیی بڕوانامە و پلەو پۆستێکی زانستی و سیاسی و کارگێڕیی کە بە کوڕان و پیاوان بەدەستدەهێنرێت، بە کچان و ژنانیش بەدەستدێت.

زۆربەی رەوتە کۆمەڵایەتییە موحافیزکارەکان ئۆباڵی دۆخی نالەباری ژنان دەبەستنەوە بە چەمکەکانی دیموکراسی و لیبراڵیزمەوە کە گوایە پەیڕەوانی ئەو چەمکانە شیرازەی خێزان و ئادابی گشتیی بەرەو هەڵوەشانەوە دەبەن

 ژنان و پیاوانی ئازادیخواز نایەنەوێت فرەشوویی وەک فرە ژنی رێپێدراو بێت، بەڵکو دەیانەوێت ژن و مێردایەتی بە شێوازە سروشتییەکەی هەبێت لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی و ئەگەر پێکیشەوە هەڵیان نەکرد بە رێز و خۆشەویستییەوە جیاببنەوە و هەر رەگەزەو ژیانی نوێی خۆی هەڵبژێرێت، نە پیاوی جیابۆوە بە گورگی برسیی لەشولاری ژنان وێنابکرێت لە کۆمەڵگەدا و نە ژنانی جیابۆوەش وەک پەڵەیەکی رەش بە نێوچاوانی خێزان و کەسوکارەکەیەوە وێنا بکرێت.
بێگومان چارەسەری هەموو ئەوانەش پەیوەستە بە پەروەردەیەکی دروستی خێزانی بۆ چەسپاندنی یەکسانیی جێندەریی کوڕان و کچان لە ماڵەکانیانەوە، پڕۆگرامێکی پەروەردەیی مۆدێرن، سیستمێکی سیاسیی مرۆڤسالاری یەکسانیخواز و سیستمێکی دادوەریی پێشکەوتوو و بەدەسەڵات و ریفۆرمێکی بنەڕەتیی قۆناغ بە قۆناغ لە هەندێک لەو دەق و تەفسیرە ئایینییانەی کە لەلایەن بەشێک لە پیاوانەوە قۆستراونەتەوە  بۆ هیشتنەوەی جیاوازیی جێندەریی، چونکە تا ئەو چەمک و تێگەیشتنانە لە بنەڕەتەوە دەستکارییان نەکرێت، بەیاننامە و یادداشتەکان وەک ئەو دەقە ئایینییانە دەمێننەوە کە لەکاتی بەرژەوەندییەکاندا خودی پیاوانی ئایینیش کاری پێناکەن و وەک ئەو یاساو دەستوورانەی لێدێت کە خودی حوکمڕانەکان لەسەر ئەوە بەشێک لە بنەماکانی دەسەڵات دەگرنەدەست، بەڵام لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانیانەوە بەشێکی تری پیشێل دەکەن یان لانیکەم فەرامۆشیان دەکەن.  

وتارەکانی نوسەر