سەردەمی شکۆمەندی

10:37 - 2022-12-06
چێنەر شەرعی
835 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکی زۆر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تووشی پەتای سیاسی جۆراوجۆر ببوو، هەندێکی پەتای نێوخۆی کە لەم و لەو دەگوازرانەوە، مەبەست لێی بەرژەوەندیی تایبەت و پشکی زیاتر لە قاشە کێکەکە بوو، هەندێکیشیان هەناردەکراو بۆ تێکدانی نێوماڵی کورد و بە تایبەتی ریزەکانی یەکێتی.
‎سەرۆکی یەکێتی توانی شکۆمەندی بگەڕێنێتەوە بۆ میللەت و خاك و نیشتمان و بۆ حزبەکەشی، لە رێکخستنەوەی هێزە جۆربەجۆرەکان و دابەشکردنی ئەرك و مافەکانیان.
‎ئازادیی رۆژنامەوانی و دەنگی ئازاد لە ئەولەویەتی کارەکانی سەرۆکە گەنجەکەی یەکێتییە، گرنگیدان بە چینی ژنان و خوێندکاران و لاوان و هاوخەمییان و دەرگا واڵاکردن بۆ هەموان.
‎سەرۆکەکەی یەکێتی چەند خولە لە بەغدا رزگارمان دەکات، شکۆی کوردی لە عیراقی فیدراڵ بردەوە لووتکە.
لە رێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب و لە داواکردنی باڵانسی راستەقینەی پشکی یەکێتی لە حکومەت.
‎بەڵێ ئەوە بافڵ جەلال تاڵەبانییە هاوسەنگی هێز لە کوردستان راست دەکاتەوە و ڤیتۆ لەسەر کاندیدەکانی بۆ حکومەت  رەت دەکاتەوە.
‎ئەوە سەرۆکە گەنجەکەی یەکێتییە بە هەمان گڕوتینی تاڵەبانی مەزن، پێیەکی لە بەغدایە و لەگەڵ نێردەی وڵاتان و لەگەڵ پیاوانی ئایینی و لایەن و پارت و  کوتلەکانی عیراق سیاسەت دەکات، پێیەکی لە هەرێمە و سیاسەتی چەقبەستووی هەرێم و تەمومژەکانی ململانێی ناتەندروستی هەندێک لایەن لادەدات و رایدەماڵێت بە جۆرێك یەکێتی هێناوەتەوە سەرپێ کە ئەو شۆکە لە چاوەڕوانی نەیارانیدا نەبوو.
‎هەم لێهاتوویی و ژیریی بافڵ تاڵەبانییە و هەم یەکێتیش، چونکە هێزی هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵانی خەڵکە، بۆیە دامەزراوە و هەموو کات بناغەی پتەوە و زۆر قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و شکستی بە نەیارانی هێناوە.
‎هەر ئەوە دەستی برایەتی و پێکەوەژیان و ئاسوودەیی بۆ بەرامبەر درێژکردووە لەپێناوی فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ کۆمەڵانی خەڵك، بەڵام هەر ئەمیشە بە دیوێکی تردا رێگە نادات کەرامەتی هیچ تاکێکی کوردستانەکەی بەکەم سەیربکرێت، ئەوەتا هەڤاڵەکانی ناو حزب هەست بە ئاسوودەیی دەکەن کە دەبینن سەرۆکەکەیان ئەوەندە بە بوێرییەوە بڕیاردەرێکی بەهێزە و بیر لە کۆی رووداوەکان دەکاتەوە لە جیهان و لە ناوچەکە و ئەوجا هەنگاو دەنێت لەپێناوی بەرژەوەندی میللەتەکەمان و برایەتی و لێکنەترازان.
‎بۆیە بە سەردەمی سەرۆکایەتییەکەی دەوترێت سەردەمی شکۆمەندی.
‎شکۆ بۆ تاکی ئاسایی کۆمەڵانی خەڵک و شکۆ بۆ ئەندامی حزبیش گەڕاوەتەوە.

وتارەکانی نوسەر