جێندەر و نەیارەکانی

09:27 - 2022-12-08
ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
648 خوێندراوەتەوە

کۆنسێپتی جێندەر، ماوەی چەندین ساڵە زۆرترین ناوەندە زانستی و ئەکادیمی و فەلسەفییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، مشتومڕ و دیبەیتی  سیاسی و فیکری و زانستی ئاینی لەگەڵ خۆیدا درێژکردۆتەوە بۆ ناو هەموو قۆناغەکانی پێشکەوتنی عەقڵی زانستی مرۆیی لە جیهاندا.

خاڵی هاوبەش و جیاوازی
لە دیکسۆنێرە فەلسەفییەکەی کریستیان گۆدان  کە بە بەهێزترین دیکسۆنێری فەلسەفی لە جیهاندا  پۆلێن کراوە و ئیعتیبارێکی فیکری و فەلسەفیی بێوێنەی هەیە،  گۆدان کۆنسێپتی جێندەر دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی لاتینەکان و بۆ یەکەمجار لەوێوە بۆ تێگەشتن لە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان بەکاردەهێنرێت. لەم رووەوە سێ خاڵی گرنگی بەردیدە گرتووە:
خاڵی یەکەم دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و ئامانجی هاوبەش و بەهای هاوبەشە لە نێوان تاقم و گروپی جیاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتوری و رۆشنبیریی هاوبەش، کە دەیەوێ لە رێگای دۆزینەوەی خاڵی هاوبەشەوە لە ماف و ئەرک و ئامانجی هاوبەشدا جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و تاک و گروپ پێکەوە ئیش لەسەر پێشخستی ئەو جیهانە بکەن کە بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئامانجە هاوبەشەکانیان رێکبخات و بەڕێوەی بەرێت و هۆشیاربن پێی.
خاڵی دووەم وەستانە لە سەر چۆنێتی و چیێتی کەسی کەسێک، هەوڵدانە بۆ تێگەشتنی قووڵ و هەمەلایەن بۆ خولیاو کردار و گوفتاری لایەنی دەروونی تاک، لە هەمان کاتدا برەودانە بە دۆزینەوەی شوناسێکی کەسی کەسێک کە دەیەوێت ئەکتەرێکی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کەلتوری بێت و لە کۆی خولیا و جووڵەکانی تاک دەکۆڵێتەوە.
خاڵی سێیەم  ئیشکردنی ئەکادیمی فراوانە لە بوارەکانی فیکر و فەلسەفە و ئەدەب و هونەردا. بە مانایەکی تر، هیچ هونەر یان ئەدەب و فەلسەفەیەکی مۆدێرن یان ترادیسیۆنێلمان نییە بە جدی ئیشی لەسەر کۆی لایەنە جێندەرییەکان نەکردبێت، هیچ فەلسەفە و هونەر و ئەدەبێک نییە بێ دۆزینەوەی رێشە جیاوازەکانی جێندەر ئیشی جدی کردبێت. جگە لەوەی لە رووی زانستی زمان و لانگیوستیکەوە کوفرێکی ئەکادیمی بێ پاساوە ئەگەر بە وردی و لە رووی یاسای زمانەوانی و رێزمانەوە لایەنی رەگەزی یان جێندەر نادیدە گیرابێت. وەک وتمان لە رووی فەلسەفییەوە پڕۆژەی جێندەر گرنگیدانی ئەبسەلوتە بە هەموو ئەو شتانەی پەیوەندییان بە زانستەوە هەیە، هەروەها لە رووی سۆسیۆلۆژییەوە جێندەر پەیوەندیی بە بابەتی بوونەوە هەیە، بوون لەناو مێژوو، بوون لەناو سیاسەت و کۆمەڵگە، هەروەها بوون لەناو بەها سمبۆلیکەکان کە دەیەوێ گرنگی تایبەت و فرەڕەهەند بۆ جیاوازیی نێوان ژن و پیاو یان نێر و مێ بدۆزێتەوە، لە هەمان کاتدا راڤەکردنێکی زانستی و گرنگیدانێکی بەرچاوی بایۆلۆژییە لە جیاوازییەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ دەکۆڵێتەوە.

خراپ تێگەیشتن لە چەمکی جێندەر
تا ئێرە ئەوەی زانست پێمان دەڵێت پڕۆژەی جێندەر جگە لەوەی هەوڵێکی زانستی و ئەکادیمی ئینسانییە، لە هەمان کاتدا هەوڵدانێکی فراوانیشە بۆ دۆزینەوەی ئەو جیاکارییە بایۆلۆژییانەی کە دەیەوێ لە مرۆڤ و گەردوون و جیاوازییەکانیان بکۆڵێتەوە. 
پڕۆژەی جێندەر، وەستان نییە لەسەر تێکشکاندن و لادانە کۆمەڵایەتی و کەسییەکان دەربارەی بەها ئاینی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەشتن لەو جیهانە تاریکەی کە ناتوانین بێ هاوکاریی زانست و ئەکادیمیا لێی تێبگەین.
لە هەرێمی کوردستانیش ماوەی چەند ساڵێکە  گفتوگۆ و دیبەیتی قووڵ لە نێوان لایەن و رەوتە فیکرییەکاندا هاتۆتە ئاراوە، هێزە ئایینی و ئیسلامییەکان پێیانوایە جێندەر هەر لەبەرئەوەی پڕۆژەیەکی فەلسەفیی خۆرئاوایە، هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان و کۆمەڵگە و تاک و گروپ لە یەکتری، لای هێزە ئیسلامییەکان جێندەر بە پلانێکی نێودەوڵەتی دەبینن و پێیانوایە قووڵایی ئەم کۆنسێپتە زانستییە بریتییە لە بانگەشەکردن بۆ بەرەڵایی و خواستی هاوڕەگەزخوازی و دەرهێنانی ژنە لە دەستی خێزان و کۆمەڵگە ئایینییەکان، هەرچی لایەنی عەلمانیشە وای لێک دەدەنەوە کە جێندەر بە مانای فێمینیزمی رۆشنگەری دێت و پەیوەندیی بە ماف و یەکسانیی نێوان ژن و پیاوەوە هەیە، لە راستیدا من وای دەبینم کە هەردوو تێگەشتنەکە بۆ مانا و چەمکی پڕۆژەی زانستی جێندەر بەهەڵەداچوونێکی تۆخی تێدایە، چونکە جێندەر وەک چۆن بریتی نییە لە بانگەشە بۆ بەدڕەوشتی و هاوڕەگەزخوازی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان، بە هەمان  ئەندازە بریتیش نییە لەوەی تەنها بە یەکسانی نێوان ژن و پیاو کۆتایی پێ بێت.

کردنە ئامانجی رەگەزی دووەم
گرنگی ئەم بابەتە کاتێکە کە بتوانین خوێندنەوەیەکی زانستی دروست لەسەر کۆی کۆمەڵگە و تاک و گروپ و گەردوون سەر رێگە بخەین، چونکە جێندەر پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن، حوکم و یاسا و قەزاواتێکی ئایینی و فەلسەفی و سیاسی نییە، بەڵکو تێگەشتنێکی قووڵە لە ئینسان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خودی خۆی و دەوروبەردا.
بە ئامانج گرتنی رەگەزی دووەم کە ژنە و لێدان لە هەر هەوڵێک کە دەیەوێت لە گرێ و ناواخنە ناڕوونە رەگەزییەکان تێبگات، جگە لە ترس لە پێگەی پیاوسالاری و بە سەنتەرکردنی پیاو وەک تاکە سەرچاوەی تێگەشتن و زانیاری لەسەر ژن هیچی دیکەی لێ فێرنابین.
 دژایەتی کردنی هەر هەولێک کە دەیەوێ تێگەشتنێکی دیکەمان لەسەر رەگەزی دووەم کە ژنە پێ بڵێت، خۆی لە خۆیدا گرنگیدانە بەو پرەنسیپە ناڕوون و ترسناکانەی ئیش لەسەر چەوساندنەوە و خنکاندنی رەگەزی دووەم دەکەن و پایەکانی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مەحکەمتر و تۆختر دەکەنەوە.

خاڵیبوون لە ئایدیۆلۆژیا
ئەگەرچی رۆشنبیران و هەڵگرانی بیری عەلمانی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تێگەیشتنێکی قووڵ و هەمەلایەنەیان لەسەر مانا و مەفهومی جێندەر  پێشکەش نەکردووین، بەڵام دێن و بازێکی گەورە بەسەر کۆی پڕۆژە فروانەکەی جێندەردا دەدەن و بۆ دروستکردنی نیقاشێکی بێ بنەما و بێ بەرهەم دەکەونە دیبەیتێکەوە کە هەموو دەزانین کۆتاییەکەی بە کوێ دەگات.

ئەوەی زانست پێمان دەڵێت پڕۆژەی جێندەر جگە لەوەی هەوڵێکی زانستی و ئەکادیمی ئینسانییە، لە هەمان کاتدا هەوڵدانێکی فراوانیشە بۆ دۆزینەوەی ئەو جیاکارییە بایۆلۆژییانەی کە دەیەوێ لە مرۆڤ و گەردوون و جیاوازییەکانیان بکۆڵێتەوە.

ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئیش لەسەر بونیادنان و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی کراوە و تێگەشتوو بکەین، پێویستە ئیش لەسەر کۆی ئەو پرسە ئینسانییانە بکەین کە لە پڕۆژە تولانییەکەی جێندەردا گرنگی  و بایەخێکی زۆری پێدراوە، تەنها لەڕووی  پسیکۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژییەوە لەسەر هەندێک ریشەی ناوازە وەک بنیادی بایۆلۆژی ئیش لەسەر تێگەستن، لەسەر  هەست و خواستی هاوڕەگەزبازیی کراوە، بەڵام تێگەشتن لە ژن  وەک کائینیکی عاقڵ و هۆشیار هەم بابەتی قووڵی فەلسەفە و هەمیش جێگەی گرنگی بەردەوامی ئەدەب و هونەر و زانستەکان بووە، بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، بریتییە لە روبەڕوبوونەوەی دوو تەیاری ئایدیۆلۆژی کە دەیانەوێت شەڕی لە مێژینەی ئایدیۆلۆژی خۆیان بەم چەمک و دەستەواژە و پرسە ئەکادیمییانە بەرەوپێشەوە بەرن کە تێینەگەشتوون، کەواتە ئەوەی بەرچاو دەکەوێت، هەوڵێکە بۆ لێدان و بەئامانجگرتنی رەگەزی دووەم کە ژنە تا نەتوانێت توخنی ئەو خواست و خولیایانە بکەوێت کە دەیەوێ مامەڵەیەکی ئینسانیانەتر و بەرابەرانەتر لەگەڵ ژن و رەگەزی مێینەدا بکات.

باڵادەستیی پیاو
بەڕای من، ئەوەی وەک گرێیەکی پڕۆبلاماتیک دەردەکەوێ و لێرەو لەوێ لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێمەدا وەک دومەڵێک دەتەقێت و کۆی کۆمەڵگە و هێزەکان لێکتر تیژ دەکاتەوە، پەیوەندیی بەو سەردەستبوونەی پیاوەوە هەیە کە ئایین پێی بەخشیووە، واتە بۆئەوەی لە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو تێبگەین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دەقە ئایینییەکان کە لەڕووی لانگوستیکەوە دەسەڵات و پێگەی پیاوسالاری بە رەگەزی یەکەم بەخشیووە کە پیاوە، هەموو جۆرە بیرکردنەوە و  گفتوگۆ و تێبینییەک لەسەر کۆی بابەتەکان دەبێت بە فلتەری ئایینیدا تێپەڕبێت و دەبێت لەوێ بە دوای پێگە و شوناسی ژناندا بگەڕێین، کەواتە حوکمی پێشوەخت کێشەکەی ئاڵۆز کردووە و ناتوانین لە هیچ قۆڵێکەوە داخڵی دیبەیت و گفتوگۆی کراوەبین لەگەڵ هێزە ئایینییەکان، بۆیە پێش قسەکردن لەسەر جێندەر و لێکۆڵینەوەی رەگەزی، پێویستە دەربارەی ئینسان و بیرکردنەوە مرۆییەکان  قسە بکەین، هەرکات توانیمان لە مرۆڤ و خولیاکانی  تێبگەین، ئەوکات دەتوانین بە هەمان پێوەری زانستی مرۆڤایەتی دەربارەی کۆی کێشەکان قسە بکەین بە هاوڕەگازخوازەکانیشەوە.
 ئێمە کە نەتوانین دەربارەی مرۆڤ و ئەرک و مافەکانی قسەی جدیمان  هەبێت و کۆمەڵگەی خۆمان بەرەو ئاستێکی بەرزی تێگەشتن بەرین، چۆن دەتوانین دەربارەی مانا قووڵ و فراوانەکانی جێندەر بیرکردنەوەی دروست و هەمەلایەن  بخەینە سەرمێزی گفتوگۆکان؟

پڕۆژەی جێندەر، وەستان نییە لەسەر تێکشکاندن و لادانە کۆمەڵایەتی و کەسییەکان دەربارەی بەها ئاینی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەشتن لەو جیهانە تاریکەی کە ناتوانین بێ هاوکاریی زانست لێی تێبگەین.

وتارەکانی نوسەر