پێشنیاز و بیروڕا بۆ دیداری یەكێتی

سیستمێكی ئابووری و دارایی و ئیدارەیەكی بەهێز

11:42 - 2022-04-04
نەوزادی موهەندیس
654 خوێندراوەتەوە

• ئاشكرایە هیچ رێكخراوێك گەورە یان بچوكی سیاسی یان ئابووری یان كۆمەڵایەتی و ئەمنی بێت ناتوانێت درێژە بەكار و تەمەن و بەخششی خۆی بدات ئەگەر كار و پلان و پڕۆژەكانی بەشێوەیەكی زانستیانە و واقعیانە دانەڕێژێت و رێكیان نەخات، چونكە هەمیشە كار و پڕۆژەكان چ بۆ ئێستا بێت یان بۆ ئایندە ئەگەر ریزبەندی و ئەولەویەتیان بۆ دیارینەكرێت هیچ كات بەتەواوەتی ئامانجەكانی خۆیان ناپێكن و گەر بۆ ماوەیەكیش بەردەوام بوون بەدڵنیاییەوە بێ‌ كەموكوڕی نابن و دواتریش كارێك بە هەڵە و دوور لە سیستەماتیك بەڕێوەچووبێت ئەوا پاشاگەردانی و بێئومێدی و دواتریش شكست چاوەڕوانی دەكات.

بەهەدەردانی پارە و كات
• بۆیە گرنگە هەمیشە هەوڵبدرێت كە كار و پڕۆژەكان بە سیستمێكی زانستی و ورد رێكبخرێن، چونكە چەندە كارەكان بە دامودەزگایكردن و سیستماتیكی بەڕێوەچوون ئەوا لە لایەك بەهەدەردانی پارە و كات دەگەڕێتەوە و كەمدەبنەوە و لە لایەكی تریشەوە سەركەوتن مسۆگەرتر دەبێت.
• بۆیە گرنگە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی گەرموگوڕ بدات بۆ ئەوەی لە ناو خۆی و دواتریش لە ناو حكومەت و ئیدارەی حكومەتی هەرێمدا، یان لانی كەم لە ئیدارەی ئەو ناوچانەی تیا باڵادەستە، سیستەمێكی ئابووری و بازرگانی و بازاڕێكی ئازاد یان تێكەڵاو، یان بازاڕێكی كۆمەڵایەتی بنیاتبنێت و هەموو كار و چالاكییە بازرگانییەكان رێكبخاتەوە كە لە بەرژەوەندی سەرجەم تاك و كۆمەڵگای كوردەواریدا بێت، ئاشكرایە لە ئێستادا ئابووری و بازرگانی كۆڵەكەی سەرەكی و پتەوی هەموو دامودەزگا و حوكمڕانی و دەوڵەت و دەسەڵاتێكە، لەم قۆناغ و سەردەمی بە جیهانیبونەدا ئابووری لە رێگەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانەوە كەمەندكێشی سیاسەت و بڕیاری سیاسی دەوڵەتان دەكەن، تەنانەت حزبێكی گەورەی وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بۆ دابینكردنی موچەی كادر و لایەنگرانی و دواتریش بۆ بەردەوامی كار و بەرنامە و پلان و پڕۆژەكانی پێویستی بەسەرچاوەی دارایی و داهات دەبێت كە گرنگە هەمەجۆر و هەمەچەشن بن، بەداخەوە لەم ناوچەیەی ئێمە لە كوردستان و عیراقیشدا هەر حزبێكی سیاسی كە خاوەنی هێز  و نفوز و داهاتێكی باش نەبێت ناتوانێت خۆڕابگرێت بەرامبەر هەژموون و خۆسەپاندنی هێزە باڵادەستەكان، بەڵام گرنگە ئەو سەرچاوەی داهات و بازرگانیە بە رێگەی شەرعی و یاسایی بێت و كاریگەری گەورەش نەكاتە سەر داهات و بازرگانی كاسبكاران و بازرگانان. هەروەها گرنگە لە ناو یەكێتیدا سەرچاوەی داهاتەكان شەفاف و ئاشكرا و یاسایی بن، دواتریش چۆنێتی خەرجیەكان و خەرجكردنەكانیش بە هەمان شێوە روون و شەفاف بن و دەستبگیرێتەوە بە خەرجیە ناپێویستەكانەوە.

چاكسازییەكی ورد و لەسەرخۆ
• بە شێوەیەكی عادیلانەش دابەشبكرێنەوە بۆ بەرژەوەندی پێشكەوتن و گەشەی یەكێتی و كادرانی نەك تەنها بۆ لێپرسراوانی باڵا، بەداخەوە یەكێك لەو رەخنانەی كە لە یەكێتیەكەمان دەگیرێت بریتیە لەوەی كە داهات و دەرامەتی زۆر و زەوەندی یەكێتی لە بەرژەوەندی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو خەرجدەكرێت. هەقە یەكێتی لەم دیدارەدا بەسەر هەموو ئەو راز و گلەییانەدا بچێتەوە و چاكسازییەكی ورد و لەسەرخۆ لە كەرتی ئابووریدا بكات، بەتایبەتیش لەو سەرچاوانەی كە داهاتێكی باشیان هەیە وەك كەرتی نەوت و غازی سروشتی و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و ... هتد كە بەداخەوە لە سایەی حوكمڕانی و سیاسەتی هەڵەی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی كوردستاندا جگە لە نیقمەت و بەڵا و قەرزاری زۆری  زۆرینەی كۆمەڵگە هیچ خێر و بێر و نیعمەتێكیان لێچنگ نەكەوتوە.
• لە كەرتی ئابووریدا یەكێتی وەك رێكخراوێكی سۆسیالیست-دیموكرات گەرەكە كە هەوڵی دابەشكردنەوەی داهات و دەسكەوتەكان بدات بە شێوەیەكی عادیلانە لە نێوان تاك و گروپەكانی كۆمەڵگادا، ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتن یان كەمكردنەوەی بێكاری و هەژاری و رەخساندنی هەلی كار و خۆشگوزەرانی خێزان و چینە هەژار و مامناوەندەكانی كۆمەڵگاكەماندا.

پڕۆژەی گەورە و گرنگ
بەهەمان شێوە گرنگیدان بەكەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی كارێكی گەلەك گەورەیە بۆ پێشخستن و ئاوەدانكردنەوە و بەگەڕخستنەوەی كارگە پیشەسازییەكان و دامەزراندنی چەندان پڕۆژەی گەورە و گرنگی تر لە سەرجەم سێكتەرەكانی تریشدا.
• بەهەمان شێوە كەرتی داراییش پێویستی بە پێشخستن و گەشەپێدان و نوێكردنەوە هەیە لە رووی سیستەمی جێبەجێكردن و دواتریش بەكارهێنانی ئامێر و تەكنەلۆجیای نوێی دارایی و بانكی و پەیوەندیكردن و ناردن و وەرگرتن و حەواڵەكردنەوە،كە لە دونیای سەردەمدا لە ئێستادا بە میكانیزمی سویفت SWIFT كاردەكەن لە نێوان بانكە گەورە و بازرگانییە جیهانییەكاندا چونكە خاوەن متمانە و باوەڕپێكراوە و ئەمینیشە لە رووی نهێنی پاراستن و بەكارهێنانەوە . دەكرێت یەكێتی بۆ ناو خۆی و دەرەوەشی و لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەو مەبەستە.
• بە هەمان شێوە لە كەرتی ئیدارە و بەڕێوەبردنیشدا كاربكات بۆ چاكسازی و پێشخستنی ئەم بوارەش لە رێگەی گۆڕینی نووسراوە كاغەزیەكانەوە، كە شێوازێكی كلاسیكیە كە تاكو ئێستا بەردەوامە، بۆ شێوازی ئەلكترۆنی و بەگەڕخستن و خستنەكاری پڕۆژەی حكومەتی ئەلكترۆنی لەنێوان دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و دواتریش لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا. ئاشكرایە هیچ دامەزراوەیەك یان رێكخراوێك بچوك یان گەورە، سیاسی یان ئابووری و ئەمنی یانیش رێكخراوێكی مەدەنی ناتوانێت بەبێ‌ بوونی ئیدارەیەكی بەهێز و پتەو وكاریگەر و چالاك ئیشوكارەكانی رایی بكات و بتوانێت چارەسەری كێشە و گرفتەكان بكات و بتوانێت توانا مرۆییەكان كۆنتڕۆڵ بكات و بەگەڕیشیان بخات هەریەكە بە پێی پسپۆڕی و توانا و لێهاتوویی كەسەكان خۆیانەوە.

كەسانی شارەزا و پسپۆڕ
• هەموو ئەم كارانەش لە لایەك بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و توانای كەسەكان و دامودەزگاكان و ئۆرگانەكان دەبێت بە كردنەوەی خولی هۆشیاری و وۆركشۆپی بەردەوام یان ناردنە دەرەوەی فەرمانبەران و كادران بۆ دەرەوەی وڵات یان هێنانی كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە دەرەوەی وڵات بۆ كۆڕ و كۆبونەوە و سمینار و مەشق و راهێنانی كادر و فەرمانبەرانەوە.
• بۆیە گەر بمانەوێت یەكێتیەكی جیاواز و بەهێز بۆ چەند ساڵی ئایندە ساز و ئامادە بكەین پێویستە هەر لە ئێستاوە لەناوخۆی یەكێتیەكەی خۆمانەوە دەستپێبكەین، چونكە لە ناوخۆماندا ناكرێت هیچ كەس و بەرپرسێك بەربەست دروست بكات لە بەردەم پڕۆسەیەكی واگەورە و گرنگ و هەستیاریشدا، خۆ ئەگەر لە ناو حكومەتی هەرێمدا نەتوانین بەكامی دڵخوازی خۆمان بەرنامە و پلانەكانمان جێبەجێبكەین لەبەرئەوەی ململانێكەرمان هەیە و باڵادەستی رەهانین و شەریكە بەشمان هەیە، ئەوا ناكرێت لەناو یەكێتیدا هیچ بیانویەك لەو كار و چاكسازی و نوێبونەوەیە رابمانبگرێت و STOP مان پێبكات.
بەهیوای سەركەوتنی دیداری یەكێتی و ئەم نیەت و بەرنامە نوێگەریەی كە یەكێتی گەرەكێتی چێی بكات و خوازیاری سەركەوتنیم. ئەركی هەموانیشە كە پشتگیری و پشتیوانی لەهەر هەوڵ و نیەتێك بكرێت بۆ بەهێزبونەوە و گەشانەوەی یەكێتیەكەمان.

*ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری مەكتەبی گەشەپێدانی بیرو هوشیاری

وتارەکانی نوسەر