هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟

06:17 - 2022-12-16
ئارێز عەبدوڵڵا
317 خوێندراوەتەوە

ئارێز عەبدوڵڵا 
بە پێچەوانەی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم دواییە هیچ لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان نابینرێن، تەنانەت شەڕی روسیا- ئۆکرانیاش بەزیان بۆ کورد شکاوەتەوە. نامەوێ لێرەدا شرۆڤەی یەکە بە یەکەی رووداو و فاکتەرە نەرێنییەکانی ئەو هەڵومەرجانە بکەم، بەڵام بە رامان لە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەندێ پێشهات و وێنەی وا تەڵخمان نیشان دەدەن کە جێگای نیگەرانی و بێ ئومێدین.
مێژووی گەلان پێمان دەڵێ کاتێک هەڕەشە دەرەکییەکان نزیکبوونەتەوە ئەوان بەیەکگرتوویی وەڵامیان داوەتەوە، ئەزموونی سیاسی خۆشمان ئەوەی سەلماندووە هەر کاتێک گەل و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەک بووبن، نەک هەر توانیومانە بەرگری لە خۆمان بکەین، بگرە سەرکەوتنی گەورەشمان تۆمار کردووە.
کێ لەم بارودۆخە بەرپرسیارە و کێ بەرپرسیار نییە، کێ ئۆباڵی پتری دەکەوێتە ئەستۆ و کێ کەمتر  بابەتی ئەم باسە نین، بەڵام لە کاتێکدا ئێمە رووبەڕووی قەیرانێکی سیاسی گەورە بووینەتەوە، کە ئاماژەکان پێمان دەڵێن هەلومەرج و کات لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نین!
دەیان ساڵە گەلی کوردستان لەپێناوی مافەکانی خۆی قوربانی دەدات و سەری زمان و بنی زمانی سیاسییەکانیشمان ئەوە بووە کە دوژمنان و داگیرکەران مافەکانمان ناسەلمێنن و لە جیاتی دیالۆگ بە ئاگر و ئاسن رووبەڕوومان دەبنەوە. ئەوە راستە، بەڵام ئەوە چەندین ساڵیشە ئێمە دەرفەتێکی مێژووییمان بۆ رەخساوە، کەچی خۆمان لە پیادەکردن و وەدەستهێنانی ئەو مافانەش بواردووە کە دەوڵەت و دەستووری عیراق بۆیان سەلماندووین، نموونەی دەستووری هەرێمی کوردستان!
ئێمە لەپێناوی دیموکراسی و ئازادی قوربانی گەورەمان داوە، کەچی کەس دەستی نەگرتووین لە جیاتی (بەر تەسککردنەوە) رۆژ بە رۆژی پەرە و گەشەیان بەو مافە بنەڕەتیانەی مرۆڤ بدەین و نموونەیەک پێشکەش بکەین کە ئەوانی تریش ناچاربن چاومان لێ بکەن.
بابەتی جێی رەخنە زۆر و گەورەن، بەڵام ئێستا کار گەیشتۆتە سەر ئەوەی نزا بکەین لەوە خراپتر نەقەومێ، چونکە نەک هێشتا کەڵچەر و نەریتی دیموکراسی لە کوردستان جێگیر نەبووە، بەڵکو پێكهاتەی هێزە چەکدارەکان بەجۆرێکە کە ناکرێ لەم قۆناغەدا دڵنیابین کە لە ئەنجامی ململانێی توند بارودۆخەکە بە ئاقارێکی خراپتردا ناڕوا.
ئێستا ململانێکی توند لە نێوان (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) هەیە و ئێمە دەزانین ئەوە لە ئەنجامی پەنگ خواردنەوەیەکی دوور و درێژە و هۆکارەکانیشی لامان روونن، بەڵام لەپێناوی دیالۆگ و گەیشتن بە رێکەوتنێکی نیشتمانی بە پێویستی نازانین پەنجە لەسەر هەموو کەموکورتییەکان دابنێین، ئەوەی هەیە دەڵێین پێویستە  لەپێناوی بەرژەوەندییە باڵاکاندا خۆمان لە بەرپرسیارێتی نەدزینەوە و هەموو لایەنەکان بە (ی.ن.ک) و (پ.د.ک) و حزب و رێکخراوە کوردستانییەکانی تریشەوە هەر لایەک بەپێی قەبارە و هێز و توانای خۆی ئۆباڵەکە لە ئەستۆ بگرێ، دەنا ناگەینە ئەنجامێکی باش.
بەڵی هەلومەرجەکان نالەبار و جێگای نیگەرانیشن، بۆیە خەمساردی و کات کوشتن لەبەرژەوەندیی هیچ کەس و لایەنێک نییە.
هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەرەکی و ناوخۆیین، ئەگەر ئێمە لەناوخۆدا قەیرانەکان چارەسەر نەکەین ئەوا بێگومان ناتوانین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە کەسێک هەبێ بڵێ قەوارەی هەرێم مەترسی لەسەر نییە لێی تێناگات یان راست ناکات.

وتارەکانی نوسەر