وردتر

مۆندیال و میدیای كوردی

10:17 - 2022-12-20
لەشکر حەمە ساڵح
575 خوێندراوەتەوە

ئێوارەی یاری كۆتایی مۆندیالی 2022ی قەتەر، لە كوردستان ئێوارەیەكی جیاواز بوو. وەك ئێوارەی رۆژەكانی تر نەبوو، پێش تاریكبوونی دونیا، بەشێكی زۆری خەڵك بەرەو ماڵەوە گەڕانەوە و بەشێكی تریش روویان لە كافێ‌ و كافیتریاكان كرد بۆ بینینی یاریی كۆتایی لە نێوان فەرەنسا و ئەرجەنتیندا.
هەڵبەت قسەكردن و تێبینییەكانی ئێمە، لە بواری وەرزشدا نین، بەڵكو پەیوەستن بە میدیاكان و مامەڵەیان لەگەڵ ئەو رووداوە گرنگەی جیهانی وەرزشدا كە بمانەوێت و نەمانەوێت سەر بۆ بواری سیاسەت و ئایین و هیتریش دەكوتێت. 
بەڕاستی ئەو ئێوارەیە بەشێكی زۆری میدیاكانی كوردستان بەشێوەیەكی زۆر نا ئاسایی و دوور لە هەر خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنێكی میدیایی كاریان كرد. ئەوان سەركەوتوو بوون لە هاندانی خەڵك بۆ تەماشاكردنی یارییەكە تاڕادەی ئالوودەكردن و جووڵاندنی دەمار و هەستی كێبڕكێ بەدیووە خراپەكەیدا، كە ئەویش دیووی زاڵبوون بەسەر ئەوەی تر و ناشیرینكردنی تیپ و ئەستێرەی كەس و گروپی بەرامبەر، ئەو گرژی و ناكۆكی و تەنانەت شەڕی دەستە و یەخەیەی لە هەندێك لە شەقامەكانی كوردستان بینرا، زیادەڕۆیی نییە كە بوترێت بەرهەمی ئەو رووماڵە نا دروست و نا ئاساییەی میدیاكان بوو، بەتایبەتی تەلەفزیۆنەكان و هەندێك لە پەیج و ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیا، كە لە پێناوی دنەدان و بزواندنی خەڵك بۆ كۆكردنەوەیان بەرامبەر شاشەكان و زیادكردنی لایك و كۆمێنت، ئامانج و بەرهەمێكی تریان نەبوو، ئەگینا بردنەوەی ئەرجەنتین و دۆڕاندنی فەرەنسا، بەرزكردنەوەی جامی جیهان لەلایەن مێسی و بێ ئومێدی و پەژارەی مباپێ بۆ ئێمەی هاووڵاتی كوردستانی چ گرنگییەكی هەیە كە دڵی هاوڕێ و كەسوكاری لەسەر بڕەنجێنین؟ 
لەوانەیە بوترێت بەشێكی زۆری خەڵك ئەو یارییە و یاریی هاوشێوەی گرنگ، وەك كلاسیكۆی ئیسپانیا وەك دەرچەیەك وایە بۆ بەباكردنی خەم و خەفەت و كێشە زۆرەكانی ئەم دونیایە، بەڵام ئەوە جگە لە پاساو شتێكی تر نییە بۆ ئەو كارە نادروستەی بەشێك لە میدیاكان دەیكەن. ئەگەر خەڵك دەیەوێت هەناسەیەك هەڵمژێت و كێشەكانی بەبا بكات چ پێویستی بەدنەدان و قسەی ناشیرین و گرتنی دەماری تووڕەیی یەكتریی هەیە؟ ئەو كەسانەی لە شەقامی ئیسكانی هەولێر و سەهۆڵەكەی سلێمانی ئازاری هاوڕێ و كەسوكاریان دا كێ قەرەبووی تێكچوونی ئەو پەیوەندییانە و ئازارە رۆحی و جەستەییەكانیان دەکاتەوە؟ ئەم هەموو رق و كینەیە، ئەم هەموو هەڵچوون و یەكتری تووڕەكردنە بۆچی و لە پێناوی چیدا؟ میدیاكان جگە لە گواستنەوەی شەڕی دەستەویەخە و تەنانەت هاواركردن و هۆڕن لێدان بۆ زیاتر تێكدانی میزاج و كۆكردنەوەی بینەر و لایك بۆ خۆیان شتێكی تریان دەوێت؟
بەداخەوە، بەشێكی میدیاكانی كوردستان ئەوەندە بەچڕی رووماڵی یارییەكە و كاردانەوە و گردبوونەوەی خەڵكیان كرد لە كاتی تەماشاكردنی یارییەكە و كاتەكانی دواتری هەندێك كەس پێیان سەیر بوو ئەو گرنگیدانە نا ئاساییەی بەشێك لە میدیاكان، دروست لەو كاتەی تەماشای كەناڵەكانی تری میدیامان دەكرد، بەتایبەتی كەناڵە هەواڵییە نێودەوڵەتییە عەرەبی و ئینگلیزییەكان، كە رووماڵەكان ئارام و بابەتی بوون، مامەڵەكە مامەڵەیەكی رۆژنامەوانی بوو لە قەتەر و دەوحەوە نەك لە شار و شارۆچكەكانی وڵاتانی ترەوە.

وتارەکانی نوسەر