شەشی ئەپریل رۆژە مێژووییەكەی عیراقی نوێ و دیموكراسی

08:58 - 2022-04-06
بارزان شێخ عوسمان
474 خوێندراوەتەوە

ئەوێ رۆژێ كە هەڤاڵ مام جەلال لە چیا سەركەشەكانی كوردستانەوە و دواتر لە بەشە رزگاربووەكەی هەرێمی كوردستانەوە، لە جەژن و بۆنەكاندا مژدەی ئاهەنگ گێڕانی جەژنی گەورەی ئەو جەژنانەی لە عیراقێكی نوێ و ئازاددا و لە بەغدای پایتەخت  بە گوێی  كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و عیراق و گەلانی ناوچەكە و جیهانیشی دەدا، ئەوانەی باوەڕیان بە حەتمیەتی سەركەوتنی خەباتی گەلان و رووخانی دیكتاتۆرەكان لاواز و لەق بوو، وەك چۆن هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێی دوای شكستی سەربازیی شۆڕش لە ساڵی 1975 و نسكۆی شۆڕشگێڕانیان بە ئەستەم دەزانی، ئەوهاش هاتنەدیی ئەو عیراقە ئازادەی مام جەلال-یان بە خەون و مەحاڵ دەزانی. بەڵام وەك چۆن ی.ن.ك مەحاڵی دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی كردە واقیع و سەرلەنوێ شۆڕش و بەگژداچوونەوە بەرپا كرایەوە، ئەو مژدەیەی سەرۆك مام جەلال نەك هەر هاتە دی، بەڵكو كورسیی سەرۆكایەتیی عیراقیش پێشوازیی لە شەخسی سەرۆك مام جەلال كرد. ئەو رۆژەش كە كورسیی سەرۆكایەتیی كۆمار وتی فەرموو گەورەم ئەم شوێنە بە كەسایەتیی ئێوە بەها و نرخی دەبێت، رۆژی شەشی ئەپریلی ساڵی 2005 بوو كە یەكەمین پەرلەمانی هەڵبژێردراوی گەل بە گشتیی دەنگ ئەو كەسایەتییەی دیاریكرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، كە دەیان ساڵ بوو خەباتی بێوچانی لەپێناوی عیراقێكی دیموكراسیی و فیدراڵیی بوو.

 سەرۆكێكی نوێی عیراقێكی نوێ

سەرۆك مام جەلال بووە سەرۆكی عیراق، عیراقییەكان بە جیاوازیی رەنگیانەوە، هیوا و ئاواتی گەورەیان لەسەر هەڵچنی لە هەموو بوارەكاندا، نەك هەر ئەوە، بەڵكو دراوسێكانی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش ئومێدیان لەسەر  قورسایی و پێگەی سەرۆك مام جەلال بوو، كە لە دوای سەرۆكێكی دیكتاتۆر و سەركێش و شەڕخوازی ترسناك لەسەر ئارامیی و ئۆقرەیی ناوچەكە و جیهان،  سەرۆكێكی نوێی عیراقێكی نوێ ببێتە مایەی ئارامیی و سەقامگیریی و بوژانەوە. بۆیە هەموو دەوڵەتان لە سەرووی هەموویانەوە زلهێزەكان بە وجودی سەرۆك تاڵەبانی  زۆر سەخاوەت مەندانە دەرگای كۆمەك و وەبەرهێنانیان لە عیراقدا كردەوە.
راستە لە دەورانی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال-دا هەموو كێشە و گرفتە كەڵەكەبووەكانی دەیان ساڵەی عیراق لە رووی سیاسیی، ئابووریی، كۆمەڵایەتیی، كلتوریی و بوژانەوەی ژێرخان  چارەسەر نەكران، بەڵام پێكەوە ژیانێكی رێژەیی لە نێوان دژبەیەكەكاندا هاتە ئاراوە، ئەویش بەو سیستم و رێچكە سیاسییە گرنگەی كە تەوافوق بوو، حكومەت پێكهات، چونكە كێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان هێندە قووڵ و ئالۆزبوون، ئێستاشی  لەگەڵدا بێت، زۆرینەی پەرلەمانی ناتوانێت هاوسەنگیی رابگرێت.
لە ماوەی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلال-دا دەستكەوتی زۆر گرنگ بەدیهاتن لەسەر ئاستی عیراقی و كوردستانی كە هەموان ئێستاش شایەتیی هەق دەدەن بۆ ئەو سەردەمە.

چەندین مادەی دەستووریی چەسپاند

سەرۆك مام جەلال-ی مەزن، لەگەڵ ئەوەی عەبای عیراقیی لە شان كرد، بەڵام بۆ چركەیەكیش خەم و هەممی هەرێمی كوردستانەكەی و حەتمیەتی گەڕانەوەی كەركوك ‌و ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێو بازنەی پاكتاوی نەژادیی، بۆ سەر هەرێمی كوردستانی لە بیر نەكرد، هەر بۆیە شێلگیرانە بە چەندین مادەی دەستووریی مافەكانی قەوارەی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەی كەركوكی چەسپاند.
سەرۆك مام جەلال  بە شێوازە دیپلۆماسییەكەی خۆی، قورسایی كەسایەتییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكەی و بە پشتیوانیی لێكدانەوەی دەستووریی، رێژەی بودجەی هەرێمی كوردستانی زامن كرد، تا هەرگیز ئەو هەرێمە رووبەڕووی قەیرانی دارایی نەبێتەوە و كارمەندان و خانەنشینان  بێ مووچە نەبن و لە  خۆشگوزەرانیی بێبەش نەبن، چونكە هەم خۆی خەباتی بۆ خۆشگوزەرانیی كۆمەڵانی خەڵك بوو، هەم پەی بەو راستییە بردبوو ئەگەر شێوازە سەركەوتووەكەی خۆی نەبێت لە مامەڵەكردن لەتەك كێشەكاندا، ئەوا ساڵانە بەو ئاسانی و سەلسی-یە بودجەی هەرێمی كوردستان تێپەڕنەدەبوو.
سەرباری ئەوەی نێوانی دیپلۆماسیی و سیاسیی و بازرگانیی  عیراق و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهانی گەیاندە ئاستێكی بەرز لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی باش، هەمان كەناڵی پەیوەندیشی لە نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتانی دراوسێ و جیهانیش دامەزراند بێ هیچ لاف لێدان و موزایەدەیەك بەسەر كەسدا.

رێچكەی تەوافوقی بە باشترین دەریچە زانی

ئاخر سەرۆك مام جەلال روانین و جیهانبینیی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ دامەزراندنی عیراقی نوێ لەسەر ئەو بنەما و پرەنسیپانەی كە پێكەوە ژیانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی، ئایینیی و مەزهەبییەكان لەو عیراقەدا زامن بكات، كە  خۆی دەیویست بینای بكات، هەربۆیە رێچكەی تەوافوقی بە باشترین دەریچە زانی كە ئێستاش بەبێ ئەو تەوافوقە مەحاڵە ئۆقرەییەكی سەرتاسەریی بێتە كایەوە. هەر لە روانگەی ئەو بیكردنەوە دروستەوە بوو كە سەرۆكی ئەوسای ئەمریكا سەرۆك مام جەلالی بە جۆرج واشنتنی عیراق ناوزەد كرد، جۆ بایدنی سەرۆكی ئێستاش بە تاكە سەركردە باش و كۆكەرەوەكەی عیراقی نوێی ناوبرد.

رێگەچارەكانی دەخستە سەر مێزی گفتوگۆ

دیارە سەركردە و سیاسەتمەدارانی تری عیراقی و عەرەبی و جیهانی باشتر دەزانن كە مامی مەزنمان چ خزمەتێكی گەلەكەی و تەواوی عیراقییەكانی كرد، هەر یەكێكیان بدوێنیت بە ستایش و گەورەییەوە باسی رۆڵی ئەم سیاسەتمەدار  و پیاوی دەوڵەتە مەزنە دەكەن كە لە رۆژە سەختەكاندا پلان و رێگەچارەكانی دەخستە سەر مێزی گفتوگۆ و هەموو ناكۆكەكانی قایل دەكرد و خاڵی هاوبەش كۆی دەكردنەوە. ئێستاش ئەگەر سیاسییەكانی  كورد و عیراقییەكان، گەرەكیان بێت لەم قەیران و تونێلە تاریكە دەربچن، با تێز و روانینە راست و رەواكانی سەرۆك مام جەلال بكەنە رێنما و رێنیشادەریان بۆ قوتاربوون لەم چەندرێیانییە و یەك رێگە بدۆزنەوە كە بەزوویی دەیانگەیەنێتە كەناری ئارام و ئۆقرەیی.

وتارەکانی نوسەر