92
ده‌ڵێن هه‌موو كه‌سێك حه‌وت مانگ پێش ئه‌وه‌ی بمرێت ده‌زانێت. تۆ چه‌ند ساڵێكه حه‌زده‌كه‌یت بزانیت، كه‌چی ده‌ڵێی دۆسێكه‌ت بووه به ژێره‌وه. ئه‌گه‌رچی پیره‌مێردێكی چوست و چالاك و ده‌وڵەمە‌ند و ئێسك سووكیت. ئه‌مما حه‌زت له مه‌رگێكی شیرینه! سه‌دان جار ئه‌و پرسیاره‌ت له خۆت كردووه، به‌ڵان هه‌تا ئه‌مێستا نازانیت بۆچی له زیاده ده‌ژیت؟ ساڵانێكه هه‌ست به نامۆیی و ته‌نیاییه‌كی تاسێنه‌ر ده‌كه‌یت! پێت وایه چه‌ند ساڵێكه تۆ له زیاده ده‌ژیت. ده‌بوو ئێستا له گۆڕستان له‌ناو یاراندا بویتایه، له‌وه تێناگه‌یت، ژیانی تۆ چ فه‌ڕێكی ماوه؟ له كاتێكدا هه‌موو خوشك و برا و هاوڕێكانت، ته‌نانه‌ت ژنه‌كه‌شت میوانی گۆڕستانن.
شه‌و نییه خه‌ون به خانووه گڵه كۆنه‌كه‌تانه‌وه نه‌بینیت، ئه‌و هه‌واره‌ی دایك و باوكت شه‌ش كچ و پێنج كوڕیان تێدا باڵه‌فڕه‌كرد. سه‌راپای خه‌ونه‌كانت هی قۆناغی مناڵییه له‌و كۆنه‌هه‌واره‌دا. هی ئه‌و رۆژگاره‌ی هه‌موو شتێك سروشتی و ساده بوو، وه‌ك ئاوی روون. خه‌ون به تاڵی و شیرینییه‌كانی ئه‌و رۆژگاره‌وه ده‌بینیت، له ژووری ته‌نیایی خۆتدا، له ژێر به‌تانییه‌كه‌ته‌وه تێر تێر ده‌گریت.
ئه‌م به‌یانییه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ به سه‌رما و بارانی سه‌رومڕ بده‌یت، بڕیار ده‌ده‌یت بچیت سه‌رێك له لانكه‌ی ژیان و خه‌ونه‌كانت بده‌یت. به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به كوڕه‌كه‌ت و بووكه‌كه‌ت بڵێیت، ته‌كسییه‌ك ده‌گریت و ده‌ڕۆیت. ده‌رگای حه‌وشه‌كه ده‌كه‌یته‌وه و ده‌چیته ژووره‌وه. هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌وه بۆنی گڵی خانووه‌كه مه‌ستت ده‌كات. خۆشت نازانیت چۆن به‌ناو ماڵه‌كه‌دا ده‌كه‌ویته گه‌ڕان. وه‌ك ئه‌وه‌ی كڕیار بیت، یه‌ك یه‌ك گڵۆپی ژووره‌كان هه‌ڵده‌كه‌یت و به دار و دیواریدا هه‌ڵده‌ڕوانیت، هه‌ر گۆشه‌یه‌كی یادگارییه‌كت لای نوێ ده‌كاته‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه باوك و دایك و خوشك و براكانیشت وه‌كو خۆیان دێنه به‌رچاوت.
ده‌چیته نهۆمی دووه‌م، بۆن و به‌رامه‌ی دڵۆپه و داره‌ڕای ژووره‌كان، مناڵت ده‌كه‌نه‌وه، به‌ناو ژووره‌كاندا ده‌كه‌ویته راكه راك. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ ده‌خه‌یته پشت هه‌یوانه‌كه، بنمیچه‌كه‌ی هاڕه ده‌كات و به‌سه‌رتا ده‌ڕوخێت، یه‌كه‌م سات هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌مه مه‌رگه شیرینه‌كه‌یه. دوای سێ سه‌عات و بیست ده‌قه، كاتێك به پاچ و خاكه‌ناز، به‌كاوه‌خۆ داروپه‌ردووه‌كه‌ت له‌سه‌ر لاده‌به‌ن. هه‌موان له سه‌رسامیدا ده‌م داچه‌قێنن، روخسارت له جیاتی ئه‌وه‌ی خوڵاوی بێت، وه‌كو مانگی چوارده ده‌دره‌وشێته‌وه.
یه‌كێك هاوار ده‌كات: «ئای چه‌ند به ئاسووده‌یی مردووه!!»