کوردستانی نوێ رۆژنامەی هەموان

10:48 - 2023-01-11
بارزان شێخ عوسمان
875 خوێندراوەتەوە

 31 ساڵ تەمەن بۆ  رۆژنامەیەك، مانای ئەزموون و قاڵبوونەوەیەکی زۆر دەبەخشێت لە کاروانی رۆژنامەگەرییدا.
 ئەم وتەیە پڕاوپڕی تەمەنی رۆژنامەی کوردستانی نوێی ئازیزە کە سەرمەشقی  یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەیە لە کوردستانێکی نوێدا کە سەرۆك مام جەلال هەر زوو فەرمووی کوردستانێکی نوێ بەڕێوەیە کە مەبەستی سیاسەتی نوێی  هێزێکی گەورەی وەك یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە ئاست  گۆڕانکاریی و هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی .
کوردستانی نوێ مافی خۆیەتی خۆی بە رچەشکێنی  ئازادیی بیروڕا، ئازادیی قەڵەم بزانێت، خۆی بە یەکەم رۆژنامە بزانێت کە لاپەڕەی رەخنەگرتنی     هێنابێتە کایەوە و داهێنەری فرە مینبەریی لە نووسیندا بێت.
 خۆی بە یەکەم رۆژنامە بزانێت کە حزبێك دەریدەکات، بەڵام  جێگەی زۆرترین رەخنە لە حزبەکەی لە رووپەڕی لاپەڕەکانیدا  بێت و رۆژنامەی تاقانە بێت  بۆ بایەخدانی زیاتر بە هەواڵی خەڵك و کێشەکانیان.
مافی خۆیەتی پێی وابێت رۆژنامەیەکی  ئازا و بوێرە  لە ئاست کەموکورتیی و گەندەڵییەکاندا بێ دەنگ نەبێت و خۆی بە پێشەنگی رۆژنامەی  سنگ کراوە و جێ بوونەوەی هەموو قەڵەمەکان  بزانێت. 
 بەڵێ کوردستانی نوێ رۆژنامەی هەموو رەنگەکان بووە، بەدەست ئەندام و لایەنگرانی ی،ن،ك و پ ،د ،ك و حزبی شیوعیی و سۆشیالیست و پاسۆك و هەموو ئەوانیترەوە بوو، هەموان  دەیانخوێندەوە و سەرنج و روانینی خۆیان تیادا دەنووسی.   
دیارە فەزڵی هەموو ئەو سەروەرییانەی  رۆژنامەی کوردستانی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ بیر و روانینی سەرۆك مام جەلال وەك رۆژنامەنووس و  رابەری میللەتێك و پارێزەر و رووناکبیر و قەڵەم بەدەستێكی نەترس، بۆیە هەمیشە وێڕای داکۆکی و ستایشکردنی دەستەی بەڕێوەبەرانی  رۆژنامەکە و پشتیوانیکردنیان بۆ زیاتر رەونەقدان بە رۆژنامەکە، لێپرسینەوەشی هەبوو لە ئاست هەر کەموکورتی و خودا نەکردە پاشەکشێیەك لە بەردەم کاروانی ئازادیی بیروڕا.  
ئێستاش کە کوردستانی نوێ ماڵئاوایی  لە سێ دەیەی تەمەنی دەکات، پیشوازیی لە چوارەمین دەیەی تەمەنی دەکات، هەر بە کوردستانی نوێ یەکەی هەموان دەمێنێتەوە، بەوەی بەردەوام بێت لەسەر رێبازە نەگۆڕەکەی خۆی کە ناوبانگێکی باش و باڵای  بێ سنووری هەیە لە هەموو بوارەکانی رۆژنامەگەرییدا، چونکە هەواڵ و راپۆرت و نووسین و لاپەڕەکانی تری، هەمیشە جێی متمانەی خەڵکن  و هەر هەواڵ  و زانیارییەک لە کوردستانی نوێ وە بکەوێتە بەر دیدەی خوێنەرانی، ئیتر سەلماندن و تەئکیدکردنەوەی ناوێت، هەر وتار و راپۆرتێکیش پێگەی راستگۆیی و  هەیبەتی خۆیان هەیە.  
بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی لە سەرنووسەر و  تەواوی دەستەی بەڕێوەبەرانی رۆژنامەکە و کادرانی نووسین و ئیدارە دەکەم، بەو هیوایەی  کوردستانی نوێ یەکەمان  هەر رۆژنامەکەی هەموان بێت و لە  گەشەکردندا بێت .

وتارەکانی نوسەر