پێشه‌كی:
بەپێی ده‌ستوور و یاساكان و وه‌ك رێزگرتنێكیش له ئیراده‌ی گه‌لان، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی ده‌وڵه‌تداری، وه‌ك چۆن سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه بۆ ده‌ستبه‌كاربوون، رۆژگارێكیشی هه‌یه بۆ كۆتاییهاتنی ئه‌ركه‌كانی.
ئه‌وه‌ی له‌م ئه‌زموونه‌دا بۆ هاونیشتمانیانی هه‌ر وڵاتێك گرنگه، ئه‌و جیاوازییه خوازراوانه‌یه كه بڕیاره له كابینه‌یه‌كی وەزارییه‌وه بۆ یه‌كێكی تر رووبدات. ئه‌م پرسه، بنه‌مای مه‌عنه‌وی و مادیی نوێكردنه‌وه‌ی به‌شداریی سیاسی و هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كان و ره‌واییدانیشه به فه‌رمانڕه‌وایی.
كاتێك ده‌ورانێكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌ڕوات و یه‌كێكی دی دێته ئاراوه، گریمانه و گره‌وه‌كان ئه‌وه‌ن كه سوود له كورتهێنان و هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌رگیرا بێت، وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه و فه‌رمانگه‌كان بچنه قۆناغێكی نوێی ژیانی كارگێڕیی ئه‌وتۆ‌وه كه نه‌چێته‌وه سه‌ر ته‌نگژه‌كان و چه‌قبه‌ستنه‌كان، ده‌نا ئه‌وكات نه به‌شداریی سیاسیی به‌هایه‌كی ده‌مێنێت، نه پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن و نه ره‌وایه‌تیی فه‌رمانڕه‌واییش.
سه‌رۆكی كابینه‌ی حكومه‌ت خۆی، زۆرجار (به‌داخه‌وه) كاراكته‌رێكی مه‌یدانی نه‌بووه، سه‌ردانی ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه تا له نزیكه‌وه گوێ له كێشه و سكاڵای هاووڵاتیان بگرێت
ده‌سه‌ڵاتێكی چاودێریكراو
ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن له ئه‌زموونی هه‌ر وڵاتێكی جیهاندا، به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، میدیاكان، پارته به‌رهه‌ڵستكاره‌كان، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دایه.
نهێنیی ئه‌م چاودێریكردنه ئه‌وه‌یه كه، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته، به پێی گه‌وره‌یی و فراوانیی ده‌سه‌ڵات و ئه‌ركه‌كانی و ئامانج و پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به هاووڵاتییانی خۆی و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی وڵات، به‌رده‌وام له رێیدایه كه هه‌ڵه و لادانی هه‌بێت، یان خلسیكان و تاوان، یان مه‌ترسی و زیان.
وێنه‌ی حكومه‌ته‌كان، وێنه‌ی ته‌نها كۆمه‌ڵێك ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزار نییه. ئه‌م وێنه‌یه هه‌میشه وه‌ك سه‌ره‌تایه As a principle، ده‌نا پێوه‌ری بابه‌تی ئه‌وه‌یه، له‌سه‌ر زه‌مینی واقعدا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی سه‌ره‌كیی خزمه‌تگوزاری ناو ده‌وڵه‌ت خۆی بسه‌لمێنێت، وه‌رچه‌رخانی به‌رچاو له سێكته‌ره جیاوازه‌كانی وڵات‌دا به‌دیبهێنێت و په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت – كۆمه‌ڵگه ببوژێنێته‌وه، له‌وانه‌ش له پێشتر قه‌یرانه‌كان جڵه‌و بكات و سه‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی دابین بكات. هه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن، به‌بێ ئه‌م پێوه‌ره، ده‌بێته مامه‌ڵه‌یه‌كی نازانستی، ئه‌مه ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌ڕوا و نه‌بێته پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی په‌تی!
له غیابی كه‌له‌پوری دیموكراسیدا
ئه‌گه‌ر له وڵاته دیموكراسی و پێشكه‌وتووه‌كانی جیهاندا، حكومه‌ته‌كان و سه‌رۆكه‌كانیان، زۆرجار به‌ر ره‌خنه‌ی فراوانی هاووڵاتیان، رۆژنامه‌گه‌ری و راگه‌یاندنه‌كان، نوێنه‌رانی گه‌ل، راپۆرته ناوخۆییه‌كانی رێكخراوه بیانی و لۆكاڵییه‌كان بكه‌ون، هه‌ندێجاریش كابینه‌ی وەزاری له‌ژێر زه‌بری ئه‌و چاودێرییانه‌دا كه خه‌سڵه‌تی كارای كۆمه‌ڵگه دیموكراته‌كانه، بهه‌ژێت و هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، یان سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری جیاجیای حكومه‌ت ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه، جاری واش بگاته ئه‌وه‌ی له شوێنه گشتییه‌كاندا ره‌خنه باران بكرێن و دروشمی توندیان له به‌رامبه‌ردا بوترێته‌وه، ئه‌وا ئاخۆ ده‌بێ دۆخی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و وڵاتانه چۆن بێت كه دیموكراسی نین، یان له قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌كی پڕ له به‌ربه‌ره‌كانین بۆ دیموكراسی؟
وه‌ڵامه‌كه، به‌گشتی، له‌لای هه‌موان روونه، ئه‌زموونه‌كان له زۆر وڵاتی جیهانی سێیەمدا ده‌ریانخستووه كه زۆرجار به‌هۆی مۆنۆپۆڵكردنی زیاده‌ڕۆییانه‌ی توندوتیژیی ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانییه‌وه، یان نه‌بوونی كه‌له‌پورێكی دیموكراسییه‌وه، واته لاوازیی په‌رله‌مان و نه‌گێڕانی رۆڵی لێپرسینه‌وه و چاودێریی، یان رێگرتن له ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ری، یان نه‌هێشتنی سه‌ربه‌خۆیی دادگاكان، یان بێ بایه‌خكردنی راپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، یان كۆنترۆڵكردنی ناڕه‌زاییه‌كان له رێی به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگه‌وه، هه‌ر زوو ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن نامۆ ده‌كرێت و وه‌ك كایه‌یه‌كی مه‌زنكراو و پیرۆزكراوی لێدێت، وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه ده‌بێته وێنه‌ی قه‌واره‌یه‌ك له‌سه‌رووی لێپرسینه‌وه و چاودێریكردنه‌وه، له‌گه‌ڵیدا سه‌رۆك و وه‌زیره‌كانیش وا راده‌هێنرێن كه هه‌ر كه‌س و گروپێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ر ده‌زگا و ده‌سه‌ڵاتێكی تر، تانه له تاقیكردنه‌وه‌كانی حكومه‌ت و بڕیار و سیاسه‌ته‌كانی بدات دۆست نییه و ده‌بێ له نرخی كه‌م بكرێته‌و بگره هه‌ندێجاریش به ناپاك له قه‌ڵه‌م بدرێت.
هیوای دانیشتوان
خه‌ڵكێكی زۆر له دانیشتوانی هه‌رێم، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی و نیگه‌رانییه‌كانیان له ئه‌زموونی فه‌رمانڕه‌وایی، هێشتا هیواداری ئه‌وه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن لێره، له هه‌ر كابینه‌یه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌ك به‌شێكی درێژكراوه‌ی كەلتوری سیاسیی حكومه‌ته‌كانی ئه‌م ناوچانه، له‌و دۆخه‌دا نه‌ژی، به‌رده‌وام هه‌وڵی مامه‌ڵه‌ی هاوچه‌رخ و دیموكراتیانه له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایی جه‌مسه‌ره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و میدیاییه‌كانی وڵاتی خۆی بدات، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌م فۆرمه له ده‌سه‌ڵات، له‌ناو تۆڕی ده‌سه‌ڵاته سیادییه‌كانی وڵاتاندا، چ جای له‌م ناوچانه‌دا، سه‌قامگیریی ته‌واوی نییه، به‌هۆی دابه‌شبوون و ململانێ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نه‌بوونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسیی مۆدێرنیش له فه‌رمانڕه‌وایی ناتوانێت به ئاسانی كارنامه‌كان بباته پێشه‌وه.
قۆناغی گواستنه‌وه بۆ سیسته‌می نوێی حوكمڕانی، گه‌شت و سه‌یران نییه و نه‌بووه. ئه‌م پرۆسه مێژووییه، بۆ هه‌موو حكومه‌تێك له جیهاندا، قۆناغێكه بارگاوی به به‌ربه‌ره‌كانیی گه‌وره، ده‌سه‌ڵاته‌كانی راپه‌ڕاندن ئه‌ركیان تێیدا سه‌ختتر و پڕوكێنه‌رتر ده‌بێت، زۆر ئه‌سته‌مه بتوانن به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه ده‌سه‌ڵات و سامان دابه‌ش بكه‌ن، به‌ڵكو زۆرجار، له بری ئه‌و ئه‌ركه ستراتیژییانه كه كانگای ره‌وایه‌تی وه‌رگرتنن بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی راپه‌ڕاندن، هه‌ڵه‌ی گه‌وره و ستراتیژییش رووده‌دات، بۆیه تاقه خاڵی به‌هێز بۆ هه‌ر حكومه‌تێك له‌و ده‌ورانه مێژووییه چاره‌نووسسازه‌دا ئه‌وه‌یه كه، له‌جێی خود ستایشكردن، له‌جیاتی وێناكردنێكی پڕوپاگه‌نده‌ییانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز، هێز له ره‌خنه و تانه و ناڕه‌زاییه‌كانی كۆمه‌ڵگه خۆیه‌وه وه‌ربگیرێت.
ئه‌زموونی كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت
كابینه‌ی 9ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، هه‌ر كارێكی باشی كردبێت، هه‌ر ده‌سكه‌وتێكی بۆ وڵات و دانیشتوانی هه‌رێم هه‌بووبێت، ده‌زگای راگه‌یاندنی زۆری حزبی و سێبه‌ر هه‌ن كه زیاتر له قه‌باره‌ی خۆیان باسیان كردووه، له‌وه‌ش زیاتر سه‌رنج دراوه كه زۆرجار وێنه‌یه‌كی ئایدیاڵ و بێ خه‌وش به ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن ده‌ده‌ن، ئه‌م به‌رخورده زیانی خۆی هه‌یه و هه‌بووه، به درێژایی كات حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی خستۆته به‌ره‌یه‌كی ناكۆك له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی وه‌رگرتنی هێزی حكومه‌ت كه ستراتیژی كرانه‌وه‌یه به رووی قه‌یران و ناڕه‌زاییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تریش پاڵپشتیی ئه‌و هێزه سیاسییانه‌ی كه له‌ناو كابینه‌ی وه‌زارییدا به‌شدارن.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵه و لادان له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌دا هه‌بووبێت، ئه‌وا وا گونجاو بوو كه چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكرایه ره‌خنه‌ی زۆریش بێته سه‌ر كاربه‌ده‌ستان، وا پێویست بوو ره‌خنه و تانه‌كانیش به ئاسایی وه‌ربگیرابان، كاریان له‌سه‌ر بكرایه، بگره له‌بری كاردانه‌وه‌ی توند و له‌جیاتی تێوه‌گلانی كابینه به ململانێی حزبییه‌وه، هه‌وڵی ئه‌نجامدانی چاكسازیی له كابینه‌كه و وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكانیدا بدرایه بۆ ئه‌وه‌ی رۆژێك زووتر له‌ناو قه‌یرانه‌كان ده‌ربازی ببووایه.
ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن له ئه‌زموونی هه‌ر وڵاتێكی جیهاندا، به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریی په‌رله‌مان، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، میدیاكان، پارته به‌رهه‌ڵستكاره‌كان، رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دایه
كێشه‌ی زه‌قی كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت
كابینه‌ی 9، جگه له‌وه‌ی ده‌ستنیشان كرا، كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی تریشی هه‌یه كه پێویسته وه‌ك نموونه ئاماژه به هه‌ندێكیان بكرێت.
- ئه‌وه‌ی سه‌رنج دراوه، سه‌رۆكی كابینه‌ی حكومه‌ت خۆی، زۆرجار (به‌داخه‌وه) كاراكته‌رێكی مه‌یدانی نه‌بووه، سه‌ردانی ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستانی نه‌كردووه تا له نزیكه‌وه گوێ له كێشه و سكاڵای هاووڵاتیان بگرێت و بچێته ناو مه‌ینه‌تی و گرفتی خه‌ڵكه‌وه.
- كابینه‌ی 9، گه‌رم نه‌بووه له جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازیدا. هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه كه به‌شێكه له كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه خۆی، زۆر به خاوی رۆیشتنه پێشه‌وه و سه‌رتاسه‌رییش نه‌بوون.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت كێشه‌ی حزبییه‌كانی تێدا ره‌نگی دایه‌وه، نه‌توانرا وێنه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته وه‌ك یه‌ك تیمی ئیداری و یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ئیئتیلافی بپارێزرێت، له‌به‌رامبه‌ردا زۆرجار پتر وه‌ك كابینه‌ی جێی باڵاده‌ستیی ته‌نها یه‌ك پارتی سیاسی ماوه‌ته‌وه كه ئه‌ویش (پ.د.ك)ه.
- كابینه‌ی 9، به‌داخه‌وه، نه‌یتوانی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كۆن و چه‌ندین ساڵه‌ی كه‌میی كاره‌بای نیشتمانیدا سه‌ركه‌وتوو بێت كه له‌دوا ساڵی كابینه‌كه‌دا، زۆر به‌سه‌ختر سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه.
-كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، كۆتایی به كێشه‌ی بێ ئاویی زۆر ناوچه و گه‌ڕه‌كی ناو شاره گه‌وره و بچووكه‌كانی هه‌رێم نه‌هێنا، به‌تایبه‌تی له وه‌رزی هاویندا كه كێشه‌كه ته‌شه‌نه ده‌كا و ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندان، پێش هه‌ر شوێنێك، له پایته‌ختی هه‌رێم خۆیدا.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، قه‌یرانی سووته‌مه‌نی و گرانیی نرخی جڵه‌و نه‌كرد، له‌م رووه‌وه باری گرانی خه‌ڵكی هه‌رێمی سووك نه‌بووه، به‌تایبه‌تی له وه‌رزه سه‌خته‌كانی ساڵدا.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی وڵات نه‌هێنایه‌دی، ئه‌مڕۆ بێكاری له هه‌رێمی كوردستاندا – به‌داخه‌وه- وه‌ك دیارده‌یه‌كی ترسناك درێژه‌ی هه‌یه.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، چاره‌سه‌رێكی بۆ ئه‌و هه‌زاران گه‌نجه خوێنده‌وارانه پێشكه‌ش نه‌كرد كه ساڵانه زانكۆ و په‌یمانگاكان ته‌واو ده‌كه‌ن، پلانێكی روونی نه‌بوو، ده‌رفه‌تی دامه‌زراندنی له كه‌رتی گشتییشدا بۆ نه‌ڕه‌خساندن، ئه‌مه‌ش ئه‌و توێژه‌ی تا ئه‌مڕۆ نا‌ئومێد و نیگه‌ران كردووه.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، دۆسێیه‌كی باشی له راپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نییه له بواری مافه دیموكراتییه‌كان و ئازادییه سیاسی و دیموكراتییه‌كاندا وه‌ك ئازادیی بڵاوكردنه‌وه و ره‌خنه‌گرتن و خۆپیشاندان. له‌م رووه‌وه پاشه‌كشه هه‌یه و پێشكه‌وتن رووی نه‌دا، خه‌ڵك له‌سه‌ر بیروڕا و ره‌خنه‌گرتن ده‌ستگیر كران، ئه‌مه‌ش وێنه‌ی خراپی له‌سه‌ر هه‌رێمه‌كه و فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی دروستكرد.
- كابینه‌ی 9ی حكومه‌ت، كێشه و كه‌موكووڕیی تری زۆری هه‌یه كه هه‌موو هێزه سیاسییه‌كانیش تیایدا به قه‌باره‌ی خۆیان به‌رپرسیارن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نابابه‌تی لێكدانه‌وه نه‌كرێت، هیچ لایه‌كیش ناچار به كولاندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی برینی مانه‌وه‌ی هه‌رێم له بازنه‌ی قه‌یرانه‌كاندا نه‌بێت، ده‌كرێ ته‌نها كارنامه‌ی خودی حكومه‌ته‌كه خۆی بهێنرێته پێشه‌وه، له‌وێوه بزانرێت چه‌ند ماده، چه‌ند بڕگه و به‌ند و به‌ڵێنی لێ جێبه‌جێكرا؟
ئه‌و مژدانه‌ی كه له وه‌زاره‌ته‌كان و وه‌زیره‌كانه‌وه به خه‌ڵكی دران چه‌ندیان برانه‌سه‌ر؟ ده‌كرا هه‌ر حكومه‌ت خۆی، له‌م چه‌ند ساڵه‌دا، به‌رده‌وام، به چاوێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه ئاوڕی له ئه‌زموونی خۆی بدایه‌ته‌وه، كراوه و سنگ فراوان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناڕه‌زاییه‌كاندا بكردایه، یه‌كڕیزیی كابینه‌كه‌ی بپاراستایه‌وه، به‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنی نه‌ریتێكی نوێ له فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بهاتایه ئاراوه.
*توێژه‌ر و ئه‌كادیمی له ناوه‌ندی زانستیی ACNS