له‌چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدراڵیدا، ئاسایی و بگره یاساییه كه دانیشتوانی كه‌رت و هه‌رێمه فیدراڵییه‌كان، پشت به داهاتی گشتیی فیدراڵی ببه‌ستن كه به‌رهه‌می نه‌خشه‌یه‌كی دارایی ساڵانه‌ی پێشوه‌خت داڕێژراوه‌و تیایدا هه‌م داهاته خه‌مڵێنراوه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، له‌بابه‌تی: باج و روسومات و داهاتی سامانی سروشتی و داهاتی گومرگه‌كان و هیتر)، هه‌م ره‌چاوی خه‌رجییه پلان بۆ دانراوه‌كان ده‌كات، وه‌ك: مووچه‌ی فه‌رانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت و ته‌واوی مووچه‌خۆران، خه‌رجی سێكته‌ره‌كانی په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، به‌رگری، ژێرخانی وڵات به‌گشتی.
دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات
له هه‌موو ده‌وڵه‌تێكدا كه سیستمه‌كه‌ی فیدراڵی بێت، داهاتی گشتی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته به هه‌موو به‌شه‌كانییه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌م پرسه له سیستمه‌كانی تری به‌ڕێوه‌بردن جیا ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌یه كه سیستمی فیدراڵی بڕێك له تایبه‌تمه‌ندێتی، ئیتر جوگرافی بێت، یان ئه‌تنیكی، یان كه‌لتوری، یان ئیداری، ده‌به‌خشێته هه‌رێم و ناوچه ئۆتۆنۆمه‌كان. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه زۆرجار په‌یوه‌سته به ئیراده‌ی سیاسیی گه‌لانی ناو ئه‌و سیستمه و نوێنه‌ره سیاسییه‌كانیانه‌وه، له گه‌وهه‌ریشدا په‌یوه‌سته به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی سیاسییه‌وه كه باوه‌ڕی به دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و رێگریكردنه له سته‌مكاریی ده‌سه‌ڵاتێكی ناوه‌ندی كه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی هه‌رێم و ناوچه ئۆتۆنۆمه‌كان ره‌چاو نه‌كات، بگره له ده‌ره‌وه‌ی خواستی دانیشتوانه‌كانیان یاسا‌و بڕیاره‌كانی ده‌وڵه‌تیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
له‌م بواره‌شدا زۆر سیستمی فیدراڵی جیاجیامان هه‌یه كه له‌م خه‌سڵه‌ته هاوبه‌شانه‌یان هه‌یه به جیاوازییه‌كی رێژه‌ییه‌وه له شێوازی سیستم و یاساكانی كه رێكی ده‌خه‌ن و ژماره‌ی هه‌رێمه‌كانی كه له‌خۆیان ده‌گرن، له‌وانه: ئه‌وه‌ی كه له وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا (50 ویلایه‌ت)، ئه‌ڵمانیا (16 كه‌رت)، كه‌نه‌دا (10 كه‌رت و 3 هه‌رێم)، سویسرا (26 كانتۆن)، روسیا (80 قه‌واره‌ی فیدراڵی)، ئوسترالیا ( 6 ناوچه) و هتد.. هه‌یه.
ئه‌وه‌ی لێره مه‌به‌ستمانه بیڵێین و زۆرجار ناوترێت، باسكردن نییه له‌م به‌ڵگه‌نه‌ویستانه سه‌باره‌ت به سیستمه فیدراڵییه‌كان و مافی دانیشتوانی كه‌رت و هه‌رێمه جیاجیاكانیان به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت و داهاتی فیدراڵییه‌وه، به‌ڵكو بیرخستنه‌وه‌ی راستییه‌كی تاڵه كه ئه‌ویش جیاوازیی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سیستمه‌یه له نموونه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه و له ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی (عیراقی فیدراڵ)دا.
بۆشاییه‌كی 82 ساڵییه
سه‌ره‌تا، ئه‌و مشتومڕه كۆتایی نایه‌ت كه ئاخۆ عیراق وڵاتێكه توانای قبووڵكردنی هه‌موو مه‌رجه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی فیدراڵیی هه‌یه یان نا؟ مه‌سه‌له‌كه، له‌كرۆكدا، ته‌نانه‌ت تواناش نییه، به‌ڵكو پێش هه‌ر شتێك، بۆشاییه‌كی 82 ساڵییه له كه‌له‌پوری سیاسیی ده‌وڵه‌تدا (1921-2003) وه‌ك (دامه‌زراوه‌كان، یاسا و ده‌ستوور، ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و هتد) كه بێن و ئه‌مڕۆ پاڵپشتیی سیستمی فیدراڵی بكەن له عیراقدا.
راسته عیراق هه‌رێمێكی فیدراڵی تیایه به‌ناوی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاكانیش بڕێك له ده‌سه‌ڵات و سه‌ڵاحیاتیان پێدراوه، به‌ڵام كێشه ستراكچه‌رییه‌كه له‌م وڵاته‌دا ئه‌وه‌یه كه ده‌وڵه‌ته‌كه خۆی خاوه‌ن ئه‌زموونێكی دێرینه له بواری به‌ڕێوه‌بردنی سیستمی ناوه‌ندیدا Central authority كه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سیستمی فیدراڵییه، بۆیه ده‌بینیت له دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عیراقیشه‌وه (2003) تاقه هه‌رێمی فیدراڵی تیایدا، كه هه‌رێمی كوردستانه، ته‌نها وه‌ك دیفاكتۆیه‌ك هه‌رسكراوه نه‌ك وه‌ك زاده‌ی كه‌ڵچه‌رێكی سیاسی كه چاوه‌ڕێی لێبكرێت سبه‌ی ده‌رگای دروستبوونی هه‌رێمی تری فیدراڵی بكاته‌وه با له دەستووری هه‌میشه‌ییشدا به ده‌ق ئه‌و مافه درابێت.
بۆشایی كه‌له‌پوری سیاسی به‌و مانایه‌ی باسمانكرد و غیابی كه‌ڵچه‌رێكی سیاسییش كه دژی سه‌قامگیری و فراوانبوونی سیستمه‌كه نه‌بێت، هه‌موو ماده دەستوورییه‌كان و یاسا و بڕیاره فیدراڵییه‌كان ده‌كه‌نه حیبری سه‌ر كاغه‌ز و تاسه‌ر جێبه‌جێ ناكرێن.
پشت به‌خۆبه‌ستن نه‌ك وه‌ك فۆرمێك له بایكۆتكردنی سیستمی فیدراڵیی عیراق، به‌ڵكو وەک یه‌ده‌كێك بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و سووتاندنی كارتی گوشاری ناوه‌ند له‌سه‌ر هه‌رێم
سزای دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه ده‌دات
كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ عیراقی فیدراڵیدا هه‌ر به‌ته‌نها له نموونه‌ی زه‌قی مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ‌دا نییه له پرسی داهاتی فیدراڵی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌و مێنتاڵێتییه سیاسییه‌دایه كه ناتوانێت به‌رپرسیارێتییه‌كانی ده‌وڵه‌تێك هه‌ڵبگرێت كه سیستمه‌كه‌ی فیدراڵی بێت، بۆیه ده‌بینیت هه‌م كێشه ناوخۆییه ئاڵۆزه‌كانی ده‌خاته ئه‌ستۆی هه‌رێم، هه‌م له مامه‌ڵه‌كردنیشدا له‌گه‌ڵ پابه‌ندنه‌بوونه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیشدا به یاسا فیدراڵییه‌كانه‌وه، له‌بری سزادانی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم، دێت و سزای دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه ده‌دات!. واته ئه‌و به‌رپرسیارێتییه ئه‌خلاقی و یاسایی و سیاسییه هه‌ڵناگرێت كه سیستمه فیدراڵییه‌كان ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت، به‌مه‌ش ده‌وڵه‌تی عیراقی له‌م پرسه و دۆسێی تریشدا سیستمه فیدراڵییه‌كه‌ی خۆی، تووشی شیزۆفرینیایه‌ك كردووه كه له‌سه‌ر یه‌ك ریتمی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت سه‌قامگیر نابێت، هه‌ركه ده‌زانێت هه‌رێم به‌هێز ده‌بێت، سه‌نتراڵییه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆی تۆخ ده‌كاته‌وه، كاتێكیش كه ده‌بینێت ئه‌م سه‌نتراڵیزه كردنه پێچه‌وانه‌ی رۆحی سیستمی فیدراڵییه، پاشه‌كشه ده‌كات و بڕێك متمانه ده‌گێڕێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگەی نوێی عیراقی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌دا رووده‌دات!.
به مانایه‌كی روونتر، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عیراقدا، هیچ رێككه‌وتن و یاسا و مادده‌یه‌كی ده‌ستوور كه پارێزه‌ری رۆحی سیستمه‌كه بێت كه سیستمێكی فیدراڵییه، مسۆگه‌ر نییه. پرسیاری چاره‌نووسساز و نه‌وتراو ئه‌وه‌یه كه چۆن له‌م نه‌خۆشییه موزمنه‌ی سیستمه‌كه رزگارمان ده‌بێت؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه، سه‌رله‌نوێ بیر له سیاسه‌تی پشت به‌خۆ به‌ستنه‌وه بكرێته‌وه ته‌واو وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له قۆناغی پێش پرۆسه‌ی ئازادی‌دا هه‌بووه، پشت به‌خۆبه‌ستنه‌وه نه‌ك وه‌ك فۆرمێك له بایكۆتكردنی سیستمی فیدراڵیی عیراق، به‌ڵكو وەک یه‌ده‌كێك بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان و سووتاندنی كارتی گوشاری ناوه‌ند له‌سه‌ر هه‌رێم، به‌تایبه‌تی له هه‌لومه‌رجی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی ناو سیستمه‌كه و ده‌ره‌نجامه عه‌مه‌لییه‌كانی.
کۆتاییهێنان بە دیاردەی گەندەڵی
بێگومان په‌یڕه‌وكردنی ئه‌م سیاسەتە‌ش، چاكسازیی راسته‌قینه‌ی ده‌وێت له هه‌رێمی كوردستان و داموده‌زگاكانیدا، له‌سه‌ر هێزی مرۆیی شاره‌زاتر و پرۆفیشناڵ و خاوه‌ن عه‌قڵی ده‌وڵه‌تداری ده‌وه‌ستێت، پێویستیی به كۆتایی هێنانیشه به دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌وه دێته‌دی یاسا سه‌روه‌ربێت و تاوانباران به ئیختیلاسی دارایی و گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئیداری و ئه‌خلاقی بدرێنه دادگا و كه‌یسه‌كانیان دانه‌پۆشرێن!، واته ئه‌و رێوشوێنانه‌ی كه به‌داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌نگاوی پێویست و دڵخوازیان بۆ نانرێت.