زووم

چێژی چوونە سینەما

10:23 - 2023-01-16
رۆزا دڵشاد مەریوانی
319 خوێندراوەتەوە

تەماشاکردنی فیلم لە سینەما لای من چێژێکی تایبەتی هەیە و تا ئێستا یەکەم چوونە سینەمام لەیاد ماوە و وەکو یەکێک لە یادگارییە خۆشەکانی منداڵی لە یادەوریمدا هەڵگرتووە، راستە لە باخچەی ساوایان بووم و ئەو فیلمەش فیلمی «سته‌ علی سته‌« بوو بۆ منداڵ گونجاو نەبوو شتێکی ئەوتۆشی لێتێنەگەیشتم، بەڵام ئەوەندەی بیرم بێت دەزانم کۆمیدی بوو، بۆیە دوای ئەوەی سینەمای مۆدرێن کرایەوە ئەوە هەواڵێکی خۆش بوو بۆ خۆم هەروەها بۆئەوەی منداڵەکانیشم لە چێژی چوونە سینەما بێبەش نەبن، هەرچەندە تەماشاکردنی فیلم خولیامە و چێژی لێدەبینم، بەڵام نەریتی چوونە سینەما و تەماشاکردنی فیلم لەو شاشە گەورەیەی سینەماوە بە هەموو وردەکارییەکانی بلیت کڕین و خۆئامادەکردن و دانیشتن لەگەڵ کۆمەڵێک غەریبەدا کە پێکەوە بەهۆی فیلمێکەوە پێدەکەنن یان دەگرین چێژێکی تایبەتی هەیە.
زۆرجار پێمدەوترێت ئەو پارە زۆرە بۆ دەدەیت و دەچیت بۆ تەماشاکردنی فیلمێک لە سینەما لە کاتێکدا دەتوانیت لە فڵانە پێگەدا بە بەلاش تەماشای بکەیت؟ بە رای من ئەوانە تێناگەن لەوەی چوونە سینەما رەفتارێکی شارستانییە هاوکاتیش تەنیا مەسەلەکە تەماشاکردنی فیلمێک نییە، بەڵکو بۆ من ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی چێژبەخشیشە و زۆر جیاوازە لەوەی لە ماڵەوە تەماشای فیلمێک بکەیت، جگەلەوەی دەتوانیت وەکو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ منداڵ و ئەندامانی خێزان یان هاوڕێکانتدا بیکەیت، بەتایبەت ئەگەر فیلمەکە فیلمێکی بەهێز بێت و شایەنی ئەوە بێت لە سینەما بیبینیت. بەڵام رەنگە لاتان سەیر بێت زۆرترین فیلم کە لە سینەما تەماشامکردووە فیلمە ئەنیمەیشنەکانن و کەمتر فیلمی ئاسایی بوون، بێگومان هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە لەگەڵ منداڵەکانم ویستوومە پێکەوە چالاکییەک بکەین هەموو چێژی لێببینین، هەروەها نابێت فیلمە ئەنیمەیشنەکان بە کەم تەماشا بکرێت و زۆر بابەتی بەهێز و وانەی جوان دەربارەی ژیان لە رێی فیلمی ئەنیمەیشنەوە فێربووم کە سوودی بۆخۆم و منداڵەکانیشم هەبووە، دەرهێنەران و نووسەرانی فیلمە ئەنیمەیشنەکان لە ساڵانی رابردوودا کۆمەڵێک فیلمی بەهێزیان پێشکەشکردووە کە هەندێکیان خەڵاتی ئۆسکاریان بۆ باشترین فیلمی ئەنیمەیشن وەرگرتووە، جگە لەوەی زۆریان ئەوەندە کۆمیدی بوون هەموو ئەوانەی لە هۆڵی ئەو سینەمایەدا بووین بەقەد ساڵێک پێکەنیوین و چێژمان لێبینیووە، دواجار بە رای من چوونە سینەما لە رووی کۆمەڵایەتییەوە سوودی هەیە ئەگەر بتەوێت ئەوەی پێیدەوترێت «کوالیتی تایم- واتا کاتێکی کورت، بەڵام بەسوود» لەگەڵ منداڵەکانتدا بەسەر بەریت و بۆ چەند سەعاتێک لە جەنجاڵی ژیان و ئایپاد و مۆبایل دووربکەونەوە، لە رووی دەروونیشەوە خۆشی و ئارامی دەدات بە دڵ و دەروون و پێکەوە یادگاری جوان بۆ ئەبەد دروست دەکەن و دەمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر