پڕۆسەی شەفافیەت چۆن دەستپێبكرێت و بەمەبەستی چی؟

09:55 - 2023-01-22
نەوزادی موهەندیس
423 خوێندراوەتەوە

هەموو پڕۆسەیەك بچووك بێت یان گەورە، لەسەر ئاستی ناوچەیەک، هەرێمێک یان وڵات، پێویستە لەسەر چەند بنەمایەكی زانستی پیادەبكرێت و لەسەر زەمینەی واقعیش بکرێت.
لەو بنەمایانە: 
بوونی پلانێكی زانستی و واقعییانە بۆ چۆنێتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە.
دیاریكردنی ئامانج و مەبەستە چاوەڕوانكراوەكان لە پڕۆسەكە.
نییەتی راستەقینە و راستگۆیانە بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە.
دابینكردنی هەموو پێداویستییە مادی و مەعنەوییەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەكە.
سووربوون و بەردەوامبوونی پڕۆسەكە تا گەیشتن بە دوائامانجی نەك لە نیوەی رێگە دەستی لێ بەردرێت.
بەم شێوەیە دەتوانرێت گەورەترین پڕۆسەی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، پەروەردە و خوێندن و ئەمنییش بکرێت و گۆڕانكاری گەورەش وەدەسبێت.

پێویستە داهات و تێچووی پڕۆژەکان بۆ خەڵک روون بکرێنەوە

شەفافیەت لە هەموو بوارەکاندا
ئەوەی مەبەستمانە بریتیە لە پڕۆسەی شەفافیەت لە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەدا لە هەرێمی كوردستان هەر لە بواری سیاسی و ئابووری و بازرگانی و ئەمنی و كۆمەڵایەتی و ...هتد. بۆ ئەوەی هەموان بەتاك و خێزان و تەواوی كۆمەڵگەوە لە پلانی حكومەت تێبگەن و بەشداریشبن لە بڕیاردان و سەرخستنی پڕۆسەكان و خۆیان بە خاوەنی دەسكەوتەکان بزانن و ببنە پاڵپشت و پشتیوانی سەرسەختی پڕۆسەكەش.
لە هەرێمی كوردستاندا و لەم قۆناغەدا مەسەلەی ناشەفافیەت لە چۆنێتی حكومڕانی و بڕیاردانی سیاسی و بەڕێوەبردنی ئابووری و داهات و خەرجییەكان و لە بوارەكانی تریشدا بۆتە بابەتی گەرمی رۆژ، نەك هەرئەوەش بۆتە هۆكاری ململانێ حزبییەكان و سەرهەڵدانی ناكۆكی و دووركەوتنەوە لە یەكتری و رووكردنە لێكترازانیش.
هەربۆیە پێویستە هەموان بەدوای باشترین و شیاوترین چارەسەردا بگەڕێین بۆ بەرگرتن لە هەڵكشانی ناكۆكی و دڕدۆنگی و دووركەوتنەوەی زیاتر لەیەكتر، بەتایبەتیش لە نێوان دوو جەمسەرە گەورە و گرنگەكەی دەسەڵاتدا كە بریتین لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی  دیموكراتی كوردستان، دواتریش هەموو حزبە سیاسییەكانی تر و تەواوی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و تێكڕای شەقامی كوردستانیش.

شەفافیەت سوودی چییە؟
جا پرسیار ئەوەیە چۆن شەفافیەت لە داهات و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمدا چێ‌ بكرێت؟  بەچ مەبەست و ئاراستەكیش بەرەو پێشبچێت؟
مەسەلەی شەفافیەت لەداهات و خەرجی و بودجەی هەموو دەسەڵات و حكومەتێكدا زۆر گرنگە بۆئەوەی بتوانرێت لەلایەك داهاتەكان بە روونی كۆبكرێتەوە و دواتریش بە پێی یاسای بودجە خەرجبكرێتەوە بۆ تەواوی سێكتەرەكان و ناوچەكان بەشێوەیەكی پێوستیی و یەكسانی، دوور لە جیاكاری و پەراوێزخستن و غەدركردن  و گەمارۆدانی ناوچەیەك لەسەر حسابی ناوچەیەكی تر، تەنها لەبەرئەوەی لەژێر سایە و ركێفی بڕیارەكانی حزبەكەی خۆمدا نین. 
ئەگەر حكومەتی هەرێم بە تاكڕەوی و نەگەڕانەوە بۆ شەریكەكانی بەتایبەتی شەریكە سەرەكی و گرنگەكەی و پەراوێزخستنی دانیشتوان و ناوچەكانی بەشێك لە هەرێمەكەی بەبێ‌ هۆیەكی بڕواپێهێنەر و دوور لە گیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەكاركردن و دوور لە چەسپاندنی بنەماكانی دادپەروەری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پڕۆژە ئاوەدانییەكاندا، ئەوا ئەو حكومەت و دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتێكی بچووكی قەتیسبوو لە چوارچێوەی عەقڵیەتێكی تەسكی حزبایەتی بچووك و بەرژەوەندی حزبێك و ناوچەیەك، جوگرافیایەك و ئیدی متمانەی زۆرینە لەدەستدەدات و ناشبێتە جێگە بڕوای هەموان بەڵكو تەنها وەك حكومەتێكی بچووكی بێزراو لێدەڕوانرێت.

شەفافیەت رێگریی لە تەشەنەکردنی گەندەڵی دەکات
جابۆیە گرنگە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی جدی بدات تا پڕۆسەیەكی گشتگیری راستەقینەی راستگۆیانەی شەفافیەت پیادە بكات و بیكاتە بەرنامە و مەنهەجی كاركردنی، لەلایەك بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی  و لەلایەكیش بۆ نەمان و نەهێشتنی هەموو گومان و پرسیارەكان لەسەر داهات و خەرجییەكانی حكومەت بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە ماوەی 6 ساڵە یاسای بودجە لە حكومەتی هەرێمدا نییە و لە رووی زانستی دارایی و ژمێریاریشەوە هەر خەرجییەك كەم بێت یان زۆربێت خەرج بكرێت  لە دەرەوەی یاسای بودجە، بە گەندەڵی و سەرپێچی و زیادەڕەوی دادەنرێت و سزای لەسەرە.
جا پڕۆسەی شەفافیەت سەرەتا بە رێكخستنی داتا و زانیارییەكان دەبێت و دواتریش بڵاوكردنەوەیان لە چوارچێوەی راپۆرتی رۆژانە یان مانگانە یان وەرزانە یان 6 مانگانە و دواتریش ساڵانەدا دەبێت. ئیدی گرنگ نییە ئەو داتاو زانیاری و ژمارانە تەواون بە رێژەی %100 یان نا؟ بەڵكو وەك هەنگاوی یەكەم گرنگیی بڵاوكردنەوەی ژمارەكانە بۆ بەردەم رای گشتی و راگەیاندن و شارەزا و پسپۆڕانی بوارەكەیە، چونكە لانیكەم دەتوانرێت كە لەسەر ئەو ژمارانە لێپرسینەوە و بەدواداچوون بكرێت بۆ داهات و خەرجییەكان، بەڵام ئەگەر هیچ داتا و زانیارییەك بەردەست نەبوون و ناشەفاف و تاریكێنرابوون و شاردرابوونەوە، ئەوا ناتوانرێت بچووكترین هەنگاو بە مەبەستی زانین و كۆكردنەوەی زانیاریەكان بدرێت، بەمەش تاریكاندن و شاردنەوە دروستدەبێت و ئیدی دەیان و سەدان گومان و پرسیاریش لای هەموان دروستدەبێت.
لە چوارچێوەی پڕۆسەی شەفافیەت كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە یەكەم هەنگاودا لە ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەستیپێكردووە و راگەیەنراوە، بۆخۆی هەنگاوێكی گەلێك گەورە و دڵخۆشكەرانەیە بە ئاراستەی شەفافبوونی تەواوی داهات و خەرجییەكانی حكومەت، دواتریش دەستكردنە بە دانانی یاسای بودجە و تەرخانكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ هەموو ناوچەكان بە یەكسانی و لەسەر بنەمای پێویستیی و ژمارەی دانیشتوان و پێوەرەكانی تر.

پڕۆسەی شەفافیەت بۆ سەرتاسەریی هەرێم
بۆیە ئەم پڕۆسەیە گەرچی تەنها لەم ناوچەیەش بێت وەك سەرەتا بۆ خۆی هەنگاوێكی  یەكجار بوێرانە و راستە بۆ شەفافكردنی تەواوی بوارەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان. كەواتە ئامانج لە شەفافبوون بریتییە لە كۆكردنەوەی داهاتەكان و زانینی بڕەكەی و دواتریش دانانی یاسای بودجەی ساڵانە و خەرجكردنەوەی داهاتەكانە لەپێناوی پێشكەشكردنی خزمەتگوزراییەكان و پڕۆژە ئاوەدانییەكانە لەتەواوی هەرێمدا، گرنگیشە ئەم هەنگاو و پڕۆسیە بەردەوام بێت و تاسەر بێت تا تەواوی ئامانجەكانی پڕۆسەكە وەدیدێت، چونكە لە كۆتاییدا شەفافبوونی داهات و خەرجییەكان بە پلەی یەكەم لە بەرژەوەندی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە و دەبێتە هۆی دروستبوونەوەی متمانە بە حكومەتەكە لەلایەن تەواوی كۆمەڵگەوە كە بەداخەوە لە ئەنجامی تاكڕەوی و قۆرخكاری و بەرژەوەندیخوازی و جیاكاری و شاردنەوەی داهات و خەرجییەكانەوە، ئەو متمانەیە نەماوە یان زۆر كاڵبۆتەوە. 
دواتریش شەفافكردنی داهات و خەرجییەكانیش دەچێتە خزمەتی تەواوی کۆمەڵگەكەمانەوە و هەنگاوی مژدەبەخش و گەورەتریش هەڵدەنرێت بۆ گەشەكردن و بەرەوپێشبردن و ئاوەدانیی زیاتری تەواوی هەرێمەكەمان و خۆشگوزەرانی  تاك و خێزان و كۆمەڵگەكەشمان.

وتارەکانی نوسەر