پەشمەک

بە کوردی ئەژیم بە کوردی ئەمرم

10:16 - 2023-01-22
ڤینۆس فایەق
486 خوێندراوەتەوە

83

پاڵەوانێتی خولی کەنداو 25ی تۆپی پێ کە لە شاری بەسرە کراو و عیراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا بووە مایەی دڵخۆشییەکی گەورەی عیراقییەکان و بینیمان خەڵکێکی زۆریش لە کوردستانەوە ئامادەی بوون. کەچی خەڵکانێکی زۆر بەتایبەت لە سۆشیال میدیا بە نەفەسێکی بارگاوی بە رق و کینە قسەیان لەو بۆنەیە و بردنەوەی عیراق دەکرد، بەبەکارهێنانی زمانێکی ناشیرین و نەشیاو، کە شایستەی لەسەر وەستانە. 
زۆربەی گەلانی ئەوروپا، بەتایبەت جولەکەکانی ئەڵمانیا کە ژمارەیان گەلێک زۆرە، گەورەترین نەهامەتییان لەسەر دەستی نازییەکانی ئەڵمانیا بینی، ئەو نازییانەی وەچەکانیان ماون و ژمارەیان زۆرە، بەڵام نەوەی نوێی ئەڵمانییەکان بە هەموو رەنگەکانیاوە ئەو مێژووەی تێپەڕاند و ئیدانەی ئەو تاوانانەیان کرد و ژیانێکی هاوبەشیشیان لەسەر بنەمای نۆرم و بەها و دنیابینیی سەردەمییانە دروستکردەوە. نەوەی قوربانییەکان توانیان ئەو هەستی خۆبەکەمزانینە لە خۆیاندا بکوژن و سەرلەنوێ چوارچێوەیەکی تر بۆ پەیوەندییەکانیان دابڕێژنەوە.
ئێمە بۆچی ناتوانین ئەو هەستی خۆبەکەمزانینە لە ریشەوە هەڵکێشین و مامەڵەیەکی شارستانیی ئینسانییانە لەسەر بنەمای پێدراوە ستراتیژی و سیاسییەکانی سەردەم و هەنووکە مامەڵە لەگەڵ ئەویتر بکەین و بپەرژێینە سەر دروستکردنی ژیانێکی ئینسانییانە بۆ خۆمان و نەوەکانی دوای خۆمان؟ بۆچی سوورین لەسەر ئەوەی نەهامەتی و خۆبەکەمزانین بە میراتی بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بەجێبهێڵین؟ 
ئەوەی لە رابردوودا ئەو تاوانانەی لە دژی کورد و شیعە و فەیلی و مەسیحییەکان کرد چینێکی دیاریکراوی عیراق بوون، ئێستا نەوەیەک دروستبووە زۆرینەی ئیدانە و نەفرەتی لێدەکات و دادگای باڵای عیراق و دادگای نێدەوڵەتیی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی قسەی خۆیان لەبارەوە کرد. ئەوەتا کورد لەناو عیراقدا پێگەی سیاسیی گەورە و هەستیاری بەدەستەوەیە و سەرۆک کۆمارەکەشی کوردە، ئیتر هەڵە و کەمتەرخەمی لە مافەکانی کوردا لەناو عیراقدا لە ئێستادا ئۆباڵەکەی بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردایەتی کورد خۆیان کە دەنگیان یەک نییە و زۆرجار بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووریی خۆیان دەخەنە سەروو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانەوە لەناو عیراقدا. 
ئێمەی نەوەی پێش راپەڕین، کە شاهیدی زۆرترین نەهامەتین، بەڵام لە رووە ئینسانییەکەیەوە مێژوویەکی هاوبەشمان لەناو عیراقدا هەیە، زۆر سەختە بتوانین بیسڕینەوە، هەروەک چۆن ناتوانین تاوانەکانی بەعس و قوربانییەکانمان لەبیرکەین، و هێشتا خەون بە دەوڵەتی کوردیی سەربەخۆوە دەبینین. 
ئەو گرێی خۆبەکەمزانینەیە وامان لێدەکات هەموو شتەکان بە بیری رەش و سپی یان دۆستمی یان دوژمنمی ببینین. ئاخر رژێمی بەعسیش هەر بەو پرەنسیپە نیوەی میللەتی کورد و شیعەی لەناوبرد کە دەیگوت «ئەوەی لەگەڵمان نەبێت دژمنمانە». کاتی ئەوە هاتووە ئەو پرەنسیپانە فڕێدەین و لەو گرێیە رزگارمان بێت. هەتا ئەو کاتەی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازادیش دێتە کایەوە، قەدەرێکی سیاسی هەیە ئێمەی تێکهەڵکێشی عیراق کردۆتەوە، ناتوانین نکوڵی لێبکەین. 
ئەو کوردستانە ئازاد و سەربەخۆیەش بۆ ئەوەی دروستبێت، کۆمەڵێ فاکتەری پێویستە کە لە ئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی والێکردووە پەلەی لێنەکەن، لەوانە نەبوونی خیتابێکی سیاسیی یەکگرتووی کوردستانی و وابەستەبوون بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە نەک بە عیراقەوە بەڵکو بە هەموو وڵاتانی درواسێوە و لە دەستی ئیدارەی کوردیدایە لە کوردستان ئەو فاکتەرانە بداتە دەستی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دەستمان لە دەستی عیراق ببێتەوە. ئێستەش و ئەوساش هیچ مانایەکی نییە هەر رۆڵی زۆڵملێکراو و مافخوراو بگێڕین و بە رق و قینەوە مامەڵەی ئەویتر بکەین.

وتارەکانی نوسەر