دزییە قەبەکان بەدوای یەکدا

10:31 - 2023-01-24
هیوا محەمەد
279 خوێندراوەتەوە

لە جیهاندا ئەوەی دەگوزەرێت دوو دیوی هەیە، پڕۆسەی ئاشتی، بانگەوازی ئایینەکان، تاوانەکان، مافی مرۆڤ، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پەرلەمانەکان، جەنگەکان، ململانێکان، جەنگی زەوی و ئاسمان، ئایدیاکان، رووی مرۆڤەکان، هەموویان دیوێکی شاردراوە و دیوێکی دیاریان هەیە، ئەوەی دەبینیدرێت زۆر جیاوازترە لە دیوە شاردراوەکە.
کردنەوەی دەرگای جەنگی وێرانکەر و لەناوبەری مرۆڤەکان بە بڕینی قردێلەی سوور دەکرێتەوە، ئێمەش چەپڵەیان بۆ لێدەدەین و نازانین چی دەگوزەرێت؟ 
ماوەیەک لەمەوپێش دزییەک لە رێگەی فەرمانگەی باجی عیراقییەوە کرا کە بڕەکەی وەک باسی لێوەکرا نزیکەی 2،5 ملیار دۆلار بوو، ناویان نا دزیی سەدە، دەبوا ناو بنرایە دزیی سەدە لە عیراق، چونکە لەوە گەورەتر لە جێگەی دیکە کراوە.
مانگی رابردوو، ئۆلانباتوری پایتەختی مەنگۆلیا شڵەژانی تێکەوت بەهۆی خۆپیشاندانەوە، خۆپیشاندەران داوایان دەکرد ئەو دزییە ئاشکرا بکرێت کە لە وڵاتەکەیان کراوە و بڕەکەی نزیکەی 13 ملیار دۆلارە لە رێگەی فرۆشتنی 6،5 ملیۆن تۆن خەڵوزی بەردینەوە بە چین لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا.
چین هەستا بە لە سێدارەدانی ئەو کەسانەی کە گوایە دەستیان تێیدا هەبووە و لیستێکیشی بەناوی ئەو کەسایەتییە سیاسییە مەنگۆلیانە نارد بۆ ئۆلانباتور تا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، پێدەچێت یارییەکە لێرەدا کۆتایی بێت و پارەکەش هیچ.
لە ئۆکرانیاش بەڕێوەبەری فەیلەقی چەکدارە بیانییەکان بەناوی ئیمیش فایک بە رەچەڵەک هەنگاری، کە پێشتر لە ئوسترالیا و پۆرتوگال ژیاوە، تاوانبارە بە دزینی 2،5 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دیارنەمانی ئەو دەرمانانەی کە وەک هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا هاتوون، وەک رۆژنامەی دەیلی میل وتوویەتی دەرمانەکان گەیشتوونەتە عەمباری کیێف و لەوێوە نەگەیشتوونەتە بەرەکانی جەنگ. 
بەپێی لێدوانی ئەو ئەفسەرە کە سکاڵای هەیە لەسەر فایک، گوایە زۆرێک لە هاوکارییەکانی دیکەش کە بۆ سەربازەکان هاتووە لە رێگەی فایکەوە دیار نەماون.
ئەو کچە لاوە کە رۆڵی چەکدارێکی چالاکی بەکرێگیراو دەبینێت، پێدەچێت بۆ رێگریی لەوەی دزییەکانی ئاشکرا نەکەن وتویەتی: ئەگەر دەم بکەمەوە لەبارەی هەموو ئەو شتانەوە کە بینیومن و دەیانزانم، سەبارەت بە رادەی لاوازیی کەسایەتییەکان، ئەوا سوپای ئوکرانیا بە تەواوی دەسووتێت.
فایک مەبەستی لە هەڵوێستی سوپای ئۆکرانیا بووە بەرامبەر بە چەکدارە کرێگرتەکان و ئەو زانیاریانە کە ئەم هەڕەشە لە بڵاوکردنەوەیان دەکاتەوە، گومانی لێکەوتەوتنەوەی کارەساتی جیوسیاسی دەبێت و ئەمەش سەرکەوتنی گەورەیە بۆ روسیا.
پێشتریش لە هەریەک لە ئوسترالیا و پۆرتوگال ئەو کچە بە فێڵ و کاری نایاسایی تاوانبار کراوە.
فلۆریان فیلیپۆ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو هاوکارییە داراییانەی دەنێردرێت بۆ ئۆکرانیا، دزییەکی راستەوخۆیە لە سەروەت و سامانی هاووڵاتییانی ئەوروپییە دەکرێت.

کردنەوەی دەرگای جەنگی وێرانکەر و لەناوبەری مرۆڤەکان بە بڕینی قردێلەی سوور دەکرێتەوە، ئێمەش چەپڵەیان بۆ لێدەدەین و نازانین چی دەگوزەرێت؟ 

فیلیپۆ دەشڵێت: لە سەرەتای ساڵی 2023 ژیلینیسکی پلان دادەنێت، بە هاوکاریی بلاک رۆک و سەرۆکی کۆمیساریای ئەوروپی ئورسولا فون دیر لاین، بۆ تۆمارکردنی دزیی سەدەی سەروەتەکانمان، هەروا رەخنەی گرت لە وڵاتانی خۆرئاوا لەوەی هاوکاریی سەربازیی ئۆکرانیا دەکەن. 
لەلایەکی ترەوە نیکۆلای ئازارۆف سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئۆکرانیا دەڵێت کە واشنتۆن چاوپۆشی دەکات لە سەرۆکی ئۆکرانیا لەوەی کە ئەو هاوکارییانە دەدزێت کە خۆرئاوا بۆیان دەنێرێت و کەسیش قسە ناکات، دەشلێت: هەموان ئەمە دەزانن، ئەمریکییەکانیش دەزانن، بەڵام بێدەنگن، چونکە ژیلینیسکی شەڕ لە بری ئەوان لە بەرامبەر روسیا دەکات و وڵاتیش وێران دەبێت.
ئازارۆف دەشڵێت: ژیلینسکی دەکەوێتە زەلکاوەوە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنگرێسی ئەمریکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکەن کە دەکرێت ئەو دزییانە بە 20 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

سەرچاوە:  ئاڕ.تی.روسی

وتارەکانی نوسەر