لە رۆژئاڤاوە

رۆژئاڤا واقیعە و دەبێت دانوستانی لەگەڵدا بكرێت

10:32 - 2023-01-24
فەتحوڵڵا حوسێنی
293 خوێندراوەتەوە

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، پێشبینی هێرشی پێنجەمی توركیا دەكات بۆ سەر رۆژئاڤا، ئەم هێرشەش لە مانگی شوباتی داهاتوودا بۆ سەر شاری كۆبانی دەبێت، لەبەر ئەوەی كۆبانی دەلالەتێكی رەمزیی هەیە لای هەموو گەلی كورد، عەبدی ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەوان هەڕەشەكانی توركیا بەجدی وەردەگرن و ئەوەشیان بەبیر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێناوەتەوە كە بەرپرسیارن بەرامبەر بە پاراستنی كورد و روونیكردەوە كە هێزەكانیان ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی توركیا بۆ سەر رۆژئاڤا.
فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، ئاماژەی بەوەشكرد كە هەڕەشەكانی توركیا پەیوەندی بە هەوڵەكانی ئەرۆغانی سەرۆكی توركیاوە هەیە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتیی نەتەوەپەرستە توندڕەوەكانی توركیا لەگەڵ نزیكبووەوەی وادەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەو وڵاتە.
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی نزیكبونەوە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بەسەرپەرشتی روسیا، ئەنقەرە ئامادەكاریی دەكات بۆ وێرانكردنی چەند ناوچەیەكی تری  سوریا، لە سایەی ناڕەزایی زۆری نێودەوڵەتی و هەرێمی، بەڵام بەهەرحاڵ دەستپێكردنی دانوستان لە نێوان توركیا و رژێمی سوریا سەركەوتن بەدەستناهێنێت، بەهۆی ئەو مەرجە قورسانەی هەردوولا هەیانە بەرامبەر یەكتر، كە لەنێویاندا كشانەوەی سوپای توركیا و هەروەها راگرتنی پاڵپشتی ئەنقەرە هەیە بۆ ئۆپۆزسیۆنی توندڕەوی ئیسلامی لە سوریا، بەتایبەت كە گرنگترین ئەولەویاتەكانی ئەنقەرە لە رابردوو و ئێستادا دژایەتیكردنی ئیدارەی خۆجێی باكووری خۆرهەڵاتی سوریایە، كە بووە بە واقیع و دەبێـت دانوستانی لەگەڵدا بكرێـت، ئەمەش رەنگە وای لە نوێنەری ئەمریكا لە خۆرهەڵات و خۆرئاوای سوریا نیكۆلاس گرانجەر كردبێت، بە پەلە بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاڤا و دژایەتی خۆی بەرامبەر بەهەر كردەوەیەكی سەربازی  لە ناوچەكەدا رابگەیەنێت، واشنتۆنیش لەسەر خەتە بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخی نێوان ئەنقەرە و هێزەكانی سوریای دیموكرات، گەورە بەرپرسانی سیاسیی و سەربازی ئەمریكاش رازی نەبوونی خۆیان بەرامبەر بە هەر مەترسی و ئاڵۆزییەك لە ناوچەكانی باكوور و باكووری خۆرهەڵاتی سوریا راگەیاند، لەبەرئەوەی ئەو ئاڵۆزییانە مەترسی و هەڕەشەن بۆ سەر ئامانجی هاوبەشی ئەمریكا و هەسەدە، كە ئەویش كۆتاییهێنانە بە تیرۆر و هەروەها دروستكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لەو ناوچانەی بەدەست شەڕ و شۆڕەوە نەهامەتی زۆری بینیوە.
هەنگاوەكانی توركیا بۆ تێكدانی بارودۆخ لە رۆژئاڤا و هێوركردنەوە لەگەڵ دیمەشق ترسناكن، بەڵام سیاسەتی توركیا بەتایبەت بەرامبەر بە سوریا كە گۆڕەپانێكی كراوە بووە بۆ ئەنقەرە، بۆ تەسفیەكردنی حساباتەكانی تێكەڵ و پێكەڵەن، ئەمە چ جای ئەوەی سوریا سنوورێكی كراوە بووە بۆ ئەنقەرە بۆ ئەوەی قەیرانەكانی بۆ ئەوێ بگوازێتەوە، ئەوەش وایكردووە خودی ئەنقەرە بكەوێتە نێو قەیرانێكی زۆرترەوە،  هەڵبژاردنەكانی توركیاش باشترین پاساو بوو بۆ ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان خۆی لەو قەیرانانە رزگار بكات، بەڵام زۆر بە قورسی، هەرچەندە رەنگە هەڵبژاردنەكانیش شكستی بێت بۆ ئەو حزبە.
نێوەندگیری ئەمریكاش لە نێوان ئەنقەرە و هەسەدە، یەكێك دەبێت لە رووداوەكانی ئایندە و رەنگە شكستیش بەو بەناو ئاشتەواییەی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە بهێنێت، دانوستانی ئەمجارەش لەگەڵ هەسەدە بە نێوەندگیری ئەمریكا، لە بەرژەوەندی ئەنقەرە و رۆژئاڤا دەبێت و رەنگە لەبەرژەوەندی حكومەتی سوریاش بێت.

وتارەکانی نوسەر