چارەكی خەڵكی عیراق لەژێر هێڵی هەژاریدایە

10:33 - 2023-01-24
بورهان شێخ رەئوف
60 خوێندراوەتەوە

كاتێك ئەو تایتڵەم بینی  لە گۆڤاری (ئەلمەرسەد) حەپەسام، عیراقێک خاوەنی پارەی یەدەكی بانكی نزیك بە(100) ملیار دۆلارە، گەورەترین یەدەكی نەختینەیە لە مێژووی دەوڵەتی عیراقی نوێدا، کەچی یەك لەسەر چواری گەلی عیراق لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام كێشەی عیراق پارەو نەوت و غاز نییە وەكو شارەزاكانی بواری ئابووری باسی دەكەن، بەڵكو هۆكار و ماكە سەرەكییەكەی چۆنێتی بەڕێوەبردن و نەبوونی دادوەرییە لە دابەشكردنیدا، سەرەڕای پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان و كابینەی حكومەت كەچی  عیراق هەر پاشە كشە دەكات .
پێش چەند رۆژێك وەزارەتی پلاندانانی عیراق هەندێك پێشبینی ڕاگەیاند، لەوانە رێژەی  هەژاری و نەداری بەرزبۆوە بۆ%25 لە وڵاتدا ،بەجۆرێك %3 زیادیكردووە بە گوێرەی ئەو ئامارەی كە لە ساڵی 2019 دا بڵاویان كردۆتەوە كە ئەوكات%22،5 بووە، پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام دواتر بە هۆی كۆرۆنا و بارودۆخی ئابووری و تەندروستی رێژەكە زیادی كرد، بۆیە پێشبینییەكان ئێستا ئەوەیە كە ڕێژەكە گەیشتۆتە%25 هەرچەندە حكومەت هەندێك رێكاری گرتۆتە بەر بۆ چارەسەری كەمی هەندێك مادەی بنەڕەتی خۆراكی بۆ بەرگرتن لە زیاتر بەرزبوونەوەی  .
لە لایەكی ترەوە ئەگەر لە ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق  وردبینەوە،ژمارەی دانیشتووانی عیراق گەیشتۆتە  42 ملیۆن لە ساڵی 2022، واتە زیاتر لە 10 ملیۆن عیراقی هەژارن.
پێشبینییە نوێكانی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوە نەداوە كام پارێزگا و كام ناوچە لە عیراقدا زۆرترینی دانیشتوانەكەی هەژارن، بەڵام ئامارە كۆنەكان پارێزگاكانی (موسەننا و دیوانیە و زیقار و میسان) ی لە باشووری عیراق وەكو هەژارترین ناوچەكان دەستنیشان كردووە،كە رێژەی هەژاری ئەو شارانە بۆ نیوەی دانیشتووانەكەی بەرزبۆتەوە، بەڵام رێژەكە جیاوازە لە پارێزگاكانی هەرێم و خۆرئاوای وڵات كە %10 ی دانیشتووانە .
ئەوەی مایەی زیاتری نیگەرانییە دابەزینی نرخی دیناری عیراقییە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی  لە سەرەتای ئەم ساڵی 2023 دا، كە شارەزایانی ئابووری لەو باوەڕەدان كە بارودۆخی ژیانی  هەژاران زیاتر خراپ بكات و بژێویان قورس بكات، چونكە ئەم دابەزیینە راستەوخۆ نرخی هەموو كاڵا و پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵك بەرز دەبێتەوە، ئەگەر ئێستا نرخی هەر دۆلارێك 1600 دینار بێت ئەم گرانییەی هێنابێت، ئەوا ئەگەر نرخی دۆلار بەرز بێتەوە بۆ 2000 دینار  ئەوە قوڕەكە زیاتر خەست دەبێتەوە بۆ خەڵكی هەژار.
بەرزبوونەوەی تێكڕای هەژاریی زیاتر پەیوەستە بە نەبوونی هەلی كار و گرانبوونی پێداویستییەكانی گوزەرانی خەڵك و بەرزبوونەوەی خەیاڵیی نرخی زەوی و یەكەكانی نیشتەجێبوون، ئەمەش پاڵی بە خەڵكێكی زۆرەوە ناوە كە دەستبگرن بە سەر زەوی كشتوكاڵیی دەوڵەتدا و تێیدا دابنیشن، ئەوەی كە پێی دەڵێن زیادەڕۆیی.
لە كۆتاییدا شارەزیان پێویستیی دانیشتوانی عیراق بە (2) ملیۆن یەكەی نیشتەجێبوون دەخەمڵێنن لە هەموو عیراقدا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی نیشتەجێبوون، ئەوەش نەخشەو پلانی ستراتیجی دەخوازێت كە بە حكومەتێكی رەشید و پەرلەمانێكی كارا و خەمخۆرەوە دەكرێت، كێشەی عیراقیش بەڕێوەبردنە نەك سامان و پارە و دارایی چونکە هەمووی هەیە بەڵام بەڕێوەبردن لاوازە.

وتارەکانی نوسەر