یەکێتی پێش هەڵبژاردن دەبێ چیبکات؟

09:57 - 2023-01-30
نێرگز قادر
682 خوێندراوەتەوە

یەکێتی ئێستا بە قۆناغێکی زۆر باش و بەهێزدا گوزەر دەکات، دەتوانم بڵێم هەمان ئەو یەکێتییە بەهێزەیە کە لەسەرەتای دروستبوونیدا دەنگیدایەوە.
 یەکێتی زۆرجار قوربانیی بە لایەنگرەکانی خۆی داوە، بەوەی دەستی دەخستە نێو دەستی هەندێک لایەنەوە بەمەبەستی دروستنەبوونی کێشە و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی هاوپەیمانیی لەگەڵدا دروستدەکردن، ئەویش تەنها لەو پێناوەدا بووە تا جارێکیتر شەڕی ناوخۆ و نەهامەتی روو لەم وڵاتە نەکاتەوە. 
پێویستە حزبەکەی مام، وەک هەمیشە لەبەرەی خەڵکدا بێت و حزبەکەشی هەر حزبە بەهێزەکەی عیراق و كوردستان بێت.
بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێوستە لە ئێستاوە یەکێتی وردبینی لە دەنگەکانی بکات و جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە ساختەکاری بکاتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی، پێویستە سەرەتا سەنگ و قەبارەی لایەنگرانی بەگشتی بزانێت و بەشی ئاماری حزبەکە بۆ ئەم کارە رابسپێرێت و سەرژمێرییەکی وردی ژمارەی لایەنگرانی بکات لە تەواوی ناوچەکانی عیراق و كوردستانیش بەتایبەتی.
ئەمەش پێویستە بە شێوەیەکی شەفاف و بێگەرد بێت، گرنگ نییە چەند هەزار دەنگی هەیە، گرنگ ئەوەیە بەر لە هەڵبژاردن قەبارەی راستەقینەی یەکێتی بزانرێت، چونکە بەداخەوە سەرژمێریی رابردوو ئامارێکی دروست نەبوو، زۆر ناڕێکی و ناڕوونیی تێدابوو.
خاڵێکی تر ئەوەیە کاتێک یەکێتی بەرچاو روون دەبێت لە زانینی قەبارەی راستەقینەی خۆی کە لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی لە هەر شوێنێک بکۆڵێتەوە، چونکە لە هەر جێگەیە بۆ یەکێتی، تەنها لایەنگرەکانی دەنگبدەن، ئەوا یەکێتی دەبێتە خاوەنی دەنگ و سەنگی راستەقینەی خۆی و دەنگێکی بێشومار بەدەستدەهێنێت، بەڵام کاتێک کە ئەو رێژە دەنگە چاوەڕوانکراوەش بەدەستناهێنێت، دەکرێت یەکێتی لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی لەو شارە بکۆڵێتەوە کە ئایا خەڵکی لە یەکێتی زویرە یاخود هەڵبژاردنەکە بێگەرد و شەفاف نەبووە.
لەم سۆنگەیەوە پێویستە لەمەولا یەکێتی لە کەرکوک و تەواوی ناوچەکان، لە یەک دەنگی خۆی خۆش نەبێت، بۆیە پێویستە تەواوی ئەو خاڵ و وردەکارییانە رەچاوبکرێن و ئامادەکاریی تەواو بکرێت بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنێکی بێگەردەوە.


دابینکردنی خزمەتگوازراییەکان، خەڵک هاندەدات بۆ بەشداریکردن لە دەنگدان

وتارەکانی نوسەر