ئێستا دیاردەی مادە هۆشبەرەکان لە کوردستان خەریکە هێڵی سوور تێدەپەڕێنێت و لە هەر ناوچە و شارێکی کوردستاندا، چەندین کەسی ئالوودە بە مادە هۆشبەرەکان هەن، ئەمەش سەرەنجام گاریگەریی خراپ لەسەر کۆمەڵگە و خێزان دروست دەکات.
یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە لەکاتی بەکارهێنانی ئەو مادانەدا، مرۆڤ لە دۆخی ئاسایی خۆی دەردەچێت و وەک بوونەوەرێکی ترسناک و دڕەندەی لێدێت و دەبێتە کەسێکی شڵەژاو و رەفتار و هەڵسوکەوتی نائاسایی دەبێت و هەندێکجار دەیگەیەنێتە ئەوەی ببێتە کەسێکی بکوژ یان خۆکوژ.
ساڵانە لە جیهاندا ملیۆنان کەس ئالودەی مادە هۆشبەرەکان دەبن و لە بەشێک لە وڵاتاندا لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە کە ئەرک و توانا و خەرجییەکی زۆری پێویستە بۆ چارەسەرکردن.
لە عیراقدا بەرلە پرۆسەی ئازادی بە دەگمەن مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرا و بازرگانیی پێوە دەکرا، بەڵام لە دوای رووخانی رژێم و والابوونی دەروازە سنوورییەکان و لاوازبوونی سیستمی چاودیریی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، ساڵانە بڕ و رێژەی بازرگانی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان رووی لە هەڵکشانێکی ترسناک کردووە بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق.
لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرباری توند وتۆڵکردنی لایەنی ئەمنی و یاسایی لەم رووەوە، بەڵام لەم 10 ساڵەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمیی کار و دانەمەزراندن و زیادبوونی رێژەی گەنجانی بێکارەوە، ئاست و رێژەی بازرگانی و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان تا رادەیەک بەرەو هەڵکشان چووە و بەردەوامیش پێبەپێی رێوشوێنە ئەمنی و یاساییەکان هێشتا روو لە هەڵکشانە.
هەر بەم دواییانە مادەکانی تریاک و کریستاڵ و حەشیش و حەبی ترامادۆڵ و دەیان حەبی جۆراوجۆری دیکە، لەو مادانەن کە بەزۆری لە خاڵە سنوورییەکان و بازگەکانەوە بەرەو ناوەوەی هەرێم دەهێنرێن و بازرگانییان پێوە دەکرێت.
ئێستا لە کافتریا و چایخانە و شوێنە گشتی و تایبەتییەکان و زیندانەکاندا بە نهێنی و دوور لەچاوی خەڵک و دەزگاکانی روبەڕوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێرێن.
ئامارەکە زەنگێکی مەترسیدارە
بەگوێرەی ئامار و داتاکانیش بەکارهێنان و ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمدا زەنگێکی مەترسیدارە و کێشەیەکی گەورەیە کە ئەگەری هەیە داهاتووی گەنجانی ئەم هەرێمە بخاتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. دووریش نییە ئەمەش پیلان و بەرنامەی داڕێژراوی دوژمنان و نەیارانی گەلی کوردستانی لەپشتەوە بێت و بە دیوێکی دیکەشدا کێشە و قەیرانەکان و بێکاریی لەناو گەنجاندا دەرفەتێک بن بۆ هەرچی زیاتر بڵاوکردنەوە و تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە نەخوازراوە لە نێو کۆمەڵگەکەماندا.
بە پێی راپۆرت و ئامارە نهێنییەکان، ژمارەی بەکاهێنەران و ئالودەبووانی مادە هۆشبەرەکان لە هەڵکشاندایە، ئەمەش هەڵوێستەیەکی جدی دەوێ لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمەوە بۆ بەگژداچوونەوە و بنەبڕکردنی ئەم حاڵەتانە کە هەڕەشەی گەورە دروست دەکات لەسەر داهاتووی گەنجان و رۆڵەکانمان و پێویستە بایەخێکی تەواوی پێبدرێت لە رووی مادی و مەعنەوییەوە، دەنا ئەگەر لە سنووری خۆی تێپەڕێت، چارەسەرکردنی زۆر قورس دەبێت و کارێکی ئاسان نابێت.
مادە هۆشبەرەکان تەنها بە سزای یاسایی و هێزی ئەمنی بنبڕ ناکرێن
نیشانەکانی کەسی تووشبوو بە مادە هۆشبەرەکان
خەمۆکی، گرفتی خەو و خۆراک، لەرزین و ئارەقکردنەوەی جەستە، حاڵەتی رشانەوە، ئاو دەردانی زۆر لەرووخسار، کەمبوونەوەی کێشی جەستە، رەشبوونی رەنگی پێست و تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان.
چی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی؟
ئەگەرچی کۆنترۆڵکردن و بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە بە تەنها ئەرکی یەک دامەزراوەی تایبەتی دەوڵەت یاخود کۆمەڵگە نییە، بەڵام گرنگە بزانرێت چۆن و چی بکرێت بۆ کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان کە بەگشتی بریتییە لە:
1- هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی مادە هۆشبەرەکان، لەبەرئەوەی مادە هۆشبەرەکان خێزان پەرتەوازە دەکات و کێشەی کۆمەڵایەتیان لێدەکەوێتەوە.
2- توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە هەناردە و هاوردەکردنی مادە هۆشبەرەکان.
3- سزای قورسی ئەو بازرگانانە بدرێت تا ببن بە پەند بۆ کۆمەڵگە، چونکە ئەوانە هۆکاری سەرەکین بۆ بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن پێیانەوە.
4- رەخساندنی هەلیکار بۆ گەنجان، کە بەداخەوە بێکاریەکی زۆر بەرۆکی گەنجەکانمانی گرتووە.
5- چارەسەرکردنی کەسی تووشبوو یان ئالوودەبوو بە مادە هۆشبەرەکان بە مەبەستی رێگریکردن لە گیرۆدە بوون ی زیاتریان.
6- کردنەوەی فەرمانگەی تایبەت (فەرمانگەی تەندروستی) بۆ چارەسەرکردنی کەسانی ئالوودە و تووشبوو.
سزا یاساییەکان بۆ بازرگان و بەکاربەرانی هۆشبەرەکان
بە گوێرەی یاسای ژمارە1 ی ساڵی 2020 ، (یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان) پەسەندکراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردسان بە بڕیاری ژمارە7 ی ساڵی2020.
ئەم یاسا نوێیەی مادە هۆشبەرەکان پێکدێت لە 50 مادە و 11 خشتەی هاوپێچ و لە رۆژی 18/1/2021-ەوە لە هەرێمی کوردستاندا کاری پێدەکرێت و دەرچوونی یاساکە بە کۆمەڵێک بڕگە و مادەی جیاواز و رێکوپێک و توندکردنی سزاو رێکارەکان، زۆر لە کاتێکی باشدایە، بەتایبەتی ئێستا کە بابەتی مادە هۆشبەرەکان بۆتە دیاردەیەکی جیهانی و مەترسیدار بۆ ئێستا و ئایندەی مرۆڤایەتی، بۆ قەلاچۆکردن و رێگریکردن لەم دیاردە مەترسیدارە.
یاسای بەهێز و پلان و بەرنامەی تۆکمە
هەرکەسێک بەمەبەستی بازرگانیکردن بەهەر شێوەیەک بێت بەدەر لەو حاڵەتانەی یاسا مۆڵەتی پێداون مادەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵی هاتوو لە خشتەکانی (دووەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، هەشتەم، نۆیەم و دەیەم) ی هاوپێچ لەگەڵ ئەم یاسایە یان رووەکێک لەو رووەکانەی کە مادەی هۆشبەری لێ بەرهەم دێت بە خاوەنی بووبێت، یان بەدەستی هێنابێت، یان دەستداری کردبێت، یان کڕیبێتی یان فرۆشتبێتی، یان وەریگرتبێ یان گواستبێتیەوە، یان دەستی لێهەڵگرتبێت، یان ئاڵوگۆڕی کردبێت، یان سەرفی کردبێت، بەهەر سیفەتێک یان نێوەندگیریی لە یەکێک لە هەر کردەیەک لەوانەی سەرەوە کردبێت، بە بەندکردنی توند و غەڕامەیەک کەمتر نەبێت لە(15) پازدە ملیۆن دینار و زیاتر نەبێت لە (30) سی ملیۆن دینار سزادەدرێت.
مادەی 29:
هەر پزیشکێک رەچەتە بۆ سەرفکردنی مادەی هۆشبەر جگە لەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بنووسێت، ئەوا بە حەبس کردن بۆ ماوەیەک لە (6) مانگ کەمتر نەبێت و غەرامەیەک لە (10) دە ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (20) بیست ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، یان بە یەکێک لەم دوو سزایە سزادەدرێت، هاوکات پیادەکردنی پیشەکەی بۆ ماوەی (1) ساڵ لێ قەدەغە دەکرێت.
هەر دەرمانسازێکیش ئەم مادانە بەبێ رەچەتەیەکی پزیشکی هاوڕێک لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایە سەرف بکات، ئەوا هەمان سزادەدرێت.
مادەی30:
هەرکەسێک بە مەبەستی وەرگرتن و بەکارهێنانی کەسی مادەی هۆشبەر یان کارتێکاری عەقڵی یان پێشینەی کیمیایی هاوردە بکات، یان بەرهەم بهێنێ، یان دروست بکات، یان دەستداری بکات، یان بەدەستبهێنێت، یان بەخاوەنی ببێت، یان بیکڕێت، یان رووەکێک لەو رووەکانەی مادەی هۆشبەری لێ بەرهەم دێت بیچێنێت یان بیکڕێت، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (1) یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە (3)سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک لە (5) پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە(10 ) دە ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزادەدرێت.
مادەی (32):
یەکەم :- پێویستە دادگای تایبەتمەند بەپێی یاسا بڕیاری حیجزکردنی ماڵی گوێزراوە و نەگوێزراوەی هەرکەسێک بدات ئەگەر یەکێک لەو تاوانانەی کردبێت کە لە مادەکانی (25 و 26)ی ئەم یاسایە دەقنووس کراون.
دووەم:-
1- پێویستە لەسەر دادگا لە سەرچاوەی راستەقینەی ئەو مایانەی لە بڕگەی یەکەمی ئەم مادەیە دەقنوس کراون بکۆڵێتەوە، لێکۆڵینەوەکەش مایە گوێزراوە و نەگوێزراوەی هاوسەر و منداڵ و کەسانی دیکەی جگە لەوان لە ناوەوە یان دەرەوەی هەرێم دەگرێتەوە.
2- دادگا بڕیاری دەستبەسەراگرتنی مایەکانی تۆمەتبار و هاوسەر و منداڵەکانی یان کەسانی دیکەی جگە لەوان دەدات ئەگەر بۆی سەلمێنرا ئەو مایانە بەرهەمی ئەنجامدانی یەکێک لەو تاوانەنەیە کە لەهەردوو مادەی ( 25 و 26)ی ئەم یاسایە دەقنوس کراون.
سێیەم:-
بانکە عیراقی و بیانییەکان ئەوانەی لە هەرێم کاردەکەن، پابەند دەبن بە پێدانی گشت داتاکان بە دادگای تایبەتمەند بۆ زانینی بڕی رەسید و پاشەکەوت و سپاردە و پشک و قەواڵە و هەرمایەیەکی دیکە کە خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لەسەر ئەم تاوانانەی لەم یاسایەدا دەقنوس کراون لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا بە حیجزکردن و دەستبەسەراگرتنیان.