منداڵ لە نێوان ئامۆژگاری و پەروەردەی پراكتیكدا

08:52 - 2023-02-09
سمکۆ چنارەیی
308 خوێندراوەتەوە

بەپێی یاسای زۆربەی وڵاتان و هەروەها له جاڕنامەی پاراستنی مافەكانی منداڵدا هاتووە هەركەس تەمەنی لەخوار 18 ساڵ بێت بەمنداڵ دەناسرێت، ئەوەی لێرەدا مەبەستە خوار تەمەنی مێرمنداڵییە و بە زمانی پەروەردەش قۆناغی بنەڕەتی خوێندن دەگرێتەوە، چۆن و بەچ شێوازێك پەروەردە بكرێن و  بە بابەتە مەدەنی و ژیارییەكان ئاشنا ببن، بۆ ئەوەش زۆربەی  مامۆستا و پەروەردەكاران بە بەردەوامی رێنمایی و ئامۆژگاری دەدەنە خوێندكاران و زۆربەی وتەكانیان باس لەكۆشش كردن و جێبەجێكردنی ئەركەكانی رۆژانە و خاوێن راگرتنی ژینگە و خۆشەویستی نیشتمان و هاوڕێكانی و چەندین بابەتی تری لەوجۆرە دەبێت، هەموو ئەوانەش وەك پێویست جێی خۆی ناگرێت، چونكە مێشكی منداڵ ئەوە وەردەگرێت و را دێت لەسەری كە لەبەرچاوی دەکرێت، واتە پەروەردەكردن كارێكی پراكتیكیانەیە و باشترین رێگەی گونجاو و شیاو ئەوەیە مەبەستە پەروەردەییەكان بەكردار بخرێنە كار نەك گوتار، بۆ ئەوەش پێویستە مامۆستا و تەنانەت دایك و باوكیش لەخێزاندا پەیڕەوی شێوازی وتەو تیۆریی لە پەروەردەكردنی منداڵدا بگۆڕن بۆ كرداریی، نموونەی دیار و بەرچاویش ئەو ئامۆژگارییە زۆر و زەوەندانەیە  رۆژانە لەناو ناوەندەكانی خوێندندا ئاڕاستەی قوتابی دەكرێت، بەڵام لەولاوە مامۆستا و كارمەند و دەستەی كارگێڕی و كەسانی دی پێچەوانەی وتەكانیان بە دەنگی بەرز هاوار دەكەن ! ئیدی منداڵ چۆن فێری هێمنی دەبێت؟ كاغەز و كلێنكس لەبەرچاوی قوتابی فڕێ دەدەن! نازانم چۆن بڕوای بە پاكوخاوێنی و ژینگەدۆستی دەبێت؟ تانە و تەشەر لە حكومەت و نیشتمان دەدەن و باسی چوونەدەرەوە لە وڵات و ژیانی خۆرئاوا دەكەن! ئایا بەو کەسانە منداڵ هەستی نیشتمانپەروەری تیادا دەچێنرێت! یاخود كەلتوری نەتەوەیی لە وەستان و پاشەكشەدا دەبێت. جگە لەوانەش جگەرە لەبەرچاوی خوێندکاران دەكێشرێت، جلوبەرگی ئاڵ و واڵا دەپۆشرێت كەچی لەولاوە سەرزەنشتی قوتابی دەكرێت لەسەر جۆری جلوبەرگ و زیانی جگەرەی بۆ باس دەكرێت، بەهەرحاڵ دەیان نموونەی تر هەن، نازانم دەبێت بەرپرسانی پەروەردە بیریان لێكردبێتەوە وتەو ئامۆژگاریی زۆر بستێك بڕ ناكەن و تەنیا چارەسەر و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی پەروەردە لە وڵاتدا بریتییە لە فێركردنی پراكتیكی ئەگەر بەو جۆرەبێت سەرەنجامیش نەوەیەكی نوێ گۆش دەكرێت كە راهاتووە لەسەر زمان پاكی و دەروون پاكی و رەوشت بەرزی و رەفتار پاكی و خوێندەوار، چونكە هەڵسوكەوتی گەورە ئاوێنەیە بۆ منداڵ و بەو هیوایەی وەزارەتی پەروەردە لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەسەر بكات و پەروەردە بەرەوپێش ببات .

وتارەکانی نوسەر