پێکهاتەکانی سیستمی یەکێتیی ئەوروپا

09:08 - 2023-02-09
ئاری مەحمود قەرەداغی
352 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی ئەوروپا رێکخراوێکە کە لە 27 وڵاتی ئەندام پێکهاتووەو هاوبەشییەکی ئابووریی و سیاسییان لەگەڵ یەکتردا هەیە. لە ماوەی نیو سەدەدا یەکێتیی ئەوروپا لە کۆمەڵگەیەکی تەواو ئابوورییەوە پەرەی سەند، بۆ یەکێتییەکی سیاسی کە یەک دراوی هەبێت و گەورەترین بازاڕی ناوخۆی جیهان بێت. ئەم وتارە نیشانی دەدات، کە چۆن ئەم کۆمەڵگەیە کە نیو ملیار دانیشتووی هەیە، لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە رێکخراوە.

مێژووی یەکێتییەکە
یەکێتیی ئەوروپا، لە شەش وڵاتی رەسەنەوە کە سەر بە کۆمەڵگەی خەڵوز و پۆڵای ئەوروپا (ECSC) بوون، بۆ27 وڵاتی ئەندام گەشەی کردووە. چالاکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بنەمای رێکەوتنە جۆراوجۆرەکانی نێوان وڵاتانی ئەندامی هەریەکەیان دامەزراوە. بۆ نموونە رێکەوتنی ماستریختی ساڵی  1992 یەکێتیی ئەوروپا و دروستکردنی یەکێتییەکی دراوی بڕیاری لەسەر درا.
رێکەوتنی لیشبۆنە ساڵی  2007 تواناکانی یەکێتیی ئەوروپای فراوانتر کرد و دیموکراسی بەهێزتر کرد بە هێنانەکایەی دەستپێشخەری هاووڵاتیان. بە کۆکردنەوەی یەک ملیۆن ئیمزا، دەستپێشخەریی هاووڵاتیان، کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت یاسایەک پێشکەش بە ئەنجومەن و پەرلەمان بکات.

سیستمی سیاسی یەکێتیی ئەوروپا
بۆ ئەوەی تێبگەین کە یەکێتیی ئەوروپا چۆن کار دەکات، پێویستە سەرەتا چاوێک لە گرنگترین دامەزراوەکان بکەین، وێنەی یەکەم نیشان دەدات کە چۆن ئەو دامەزراوانەی نیشان دراون پێکەوە کار دەکەن.

کۆمسیۆنی ئەوروپا
کۆمسیۆنی ئەوروپا ئەرکی حکومەتێکی هەیە و دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنی ئەو رێنمایی و بڕیارانەی کە لەلایەن پەرلەمان و ئەنجومەنی ئەوروپاوە پەسەندکراون. هەر وڵاتێکی ئەندام، بۆی هەیە یەک کۆمسیار دابین بکات. کۆمسیۆن دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە هەموو وڵاتانی ئەندام ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، هەروەها تاکە مافی دەستپێشخەری هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە کە تەنها کۆمسیۆن دەتوانێت، پێشنیازێک بۆ رەشنووسی یاسایەک پێشکەش بە ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا بکات.

پەرلەمانی ئەوروپا
پەرلەمان لەگەڵ ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا، یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا پەسەند دەکات. ئەوان دەسەڵاتی یاسادانانی یەکێتیی ئەوروپا پێکدەهێنن. لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی ئەوروپا، پەرلەمان، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا هەڵدەبژێرێت. ئێستا پەرلەمان لە 754 پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەوروپا پێکدێت کە هەر پێنج ساڵ جارێک لەلایەن هاووڵاتیانی یەکێتیی ئەوروپاوە هەڵدەبژێردرێن. ژمارەی پەرلەمانتاران بۆ هەر وڵاتێک بەندە بە قەبارەی دانیشتووان. بۆ نموونە ئەڵمانیا 99 پەرلەمانتاری هەیە، لە کاتێکدا لۆکسمبۆرگ تەنها دەتوانێت شەش ئەندامی هەبێت، پەرلەمانی ئەوروپا بە گشتی بەراورد دەکرێت بە پەرلەمانی نیشتمانی لە سویسرا، ئەڵمانیا  یان هەر وڵاتێکی تر.

ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا
ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمان، دەسەڵاتی دەرکردنی یاسایان هەیە. جگە لەوەش ئەنجومەن سیاسەتی ئابووریی هاوبەش، هەماهەنگ دەکات و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێدەکات و لەگەڵ پەرلەماندا بودجە پەسەند دەکات. کاتێک لەگەڵ سیستمی سویسرا بەراورد دەکرێت، هاوتایە لەگەڵ ئەنجومەنی کانتۆنەکان. لە هەر وڵاتێکی ئەندام لە یەک نوێنەر پێکهاتووە.  

پەرلەمانی ئەوروپا

نابێت ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەنجومەنی ئەوروپا تێکەڵ بکرێت. ئەنجومەنی ئەوروپا ئاڕاستە و ئەولەویەتەکانی سیاسەتی گشتی دادەنێت. ئەو بە دوای سازان لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا دەگەڕێت و هەوڵی زیاتر پەرەپێدانی یەکێتییەکە دەدات. لە هەموو سەرۆکی دەوڵەتان و حکومەتی وڵاتانی ئەندام پێکهاتووە. ئەنجومەنی ئەوروپا ستراتیژی بۆ داهاتوو دادەڕێژێت و هەربۆیە بەراورد دەکرێت بە دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک.

دادگای دادی ئەوروپا 
رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێتە ئەستۆ، هەر وڵاتێکی ئەندام دەتوانێت دادوەرێکی یەکێتیی ئەوروپا دەستنیشان بکات. دادگای داد بەرپرسیارە لە لێکدانەوەی یاسای یەکێتیی ئەوروپا و بەمشێوەیە دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە هەموو وڵاتانی ئەندام، یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا بە هەمانشێوە جێبەجێ دەکەن.
تاچەند لێهاتووییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەڕۆن؟ بەگشتی، دەتوانرێت جیاوازی لە نێوان بەرپرسیارێتی جیاوازدا بکرێت: ئەوانەی کە بە تایبەتی بۆ یەکێتیی ئەوروپا دیارییکراون، بۆ نموونە سیاسەتی کێبڕکێ، یان ئەوانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی وڵاتی ئەندامی تایبەتەوە، بۆ نموونە پرۆگرامی قوتابخانەکان. هەروەها لێهاتوویی هەیە کە یەکێتیی ئەوروپا و دەوڵەتەکان هاوبەشن، بۆ نموونە یارمەتی پەرەپێدان. یەکێتیی ئەوروپا تەنها دەتوانێت لەو بوارانەدا یاسا دابنێت کە بەپێی پەیماننامەکان لێهاتوویی تێدا هەیە، بەڵام لەوێشدا لێهاتوویی ئەوان بێسنوور نییە، بۆ نموونه یەکێتیی ئەوروپا تەنیا بەرپرسه لە شتێک، کە ئامانجەکانی لەم ئاستەدا باشتر جێبەجێبکرێن لەچاو ئاستی نیشتمانی.

یەکێتیی دراو
لە ساڵی 1999 یۆرۆ وەک دراوی رەسمی یەکێتیی ئەوروپا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمڕۆ 327 ملیۆن ئەوروپی رۆژانە یۆرۆ بەکاردەهێنن. 17 لە کۆی 27 وڵاتی ئەندام یەک دراویان وەرگرتووە. لە بنەڕەتدا هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا پابەندن بە ناساندنی یۆرۆ. تەنها بەریتانیا کە  ئێستا لە یەکێتییەکەدا نەماوە و دانیمارک، دانوستانیان لەسەر مافی هێشتنەوەی دراوی خۆیان کردووە. هەموو وڵاتانی تر، دەبێت یۆرۆ بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر هەندێک مەرجیان هەبێت.

پێوەرەکانی یەکگرتن
ئەم پێوەرانەی یەکگرتن زۆرترین بەها رێگەپێدراوەکان لەڕووی قەرز و رێژەی سوود و رێژەی هەڵاوسانەوە دیاری دەکەن. جگە لەوەش دەبێت نرخی دراوی نیشتمانی بەرامبەر یۆرۆ بە جێگیری بمێنێتەوە. بەو پێیەی گەلی سوید لە ریفراندۆمێکدا دەنگی دژی هێنانەکایەی یۆرۆ دا، سوید بە ئەنقەست پێوەرەکانی لێکنزیکبوونەوەی پێشێلکرد (بە وردتر: سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ). لە ئەنجامدا پێویست ناکات سوید یۆرۆ وەربگرێت.

دراوی هاوبەش
ئەم دراوە هاوبەشە سوودی جۆراوجۆر پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام دەکات، بۆ نموونە مەترسی نرخی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ هێنانەکایەی یەکێتیی دراودا نامێنێت. جگە لەوەش بەراوردکردنی نرخەکان وا دەکات بازاڕەکان شەفافتر بن. لە لایەکی ترەوە دراوێکی هاوبەش زیانیشی هەیە. دەوڵەتان چیتر ناتوانن سیاسەتی دراوی خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەمەش کێشەیە، بەتایبەتی کاتێک پێشهاتە ئابوورییەکانی وڵاتانی ئەندام جیاوازن. بەمشێوەیە وڵاتێک کۆنترۆڵی ئامڕازێکی گرنگ بۆ بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی ئابووری لەدەست دەدات. جگە لەوەش گوشارەکان لەسەر سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتیش لە زیادبووندایە، بەو پێیەی وڵاتانی ئەندام بەهۆی پێوەرەکانی یەکگرتنەوە رێگەیان پێنادرێت کورتهێنانی بودجەیەکی زۆریان هەبێت.

بانکی ناوەندی ئەوروپا 
ئەو دەزگایەی یەکێتیی ئەوروپایە کە بەرپرسیارە لە سیاسەتی دراو، لەگەڵ بانکە ناوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کار دەکات. بانکی ناوەندی ئەوروپا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: 
یەکەم: پێویستە ئاستی نرخێکی جێگیر بپارێزێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە پێویستە دوور بخرێتەوە لە هەڵاوسانی زیادەڕۆیی. 
دووەم: دەیەوێت گەشەسەندنی ئابووریی سەقامگیر مسۆگەر بکات. واتە دەیەوێت رێگری لە پاشەکشەی ئابووری بکات. ئامڕازەکانی گەیشتن بەو ئامانجانەی سەرەوە بریتین لە کۆنترۆڵکردنی رێژەی پارە و دانانی رێژەی سوود.

داهاتووی یەکێتیی ئەوروپا
 یەکێتیی ئەوروپا لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، دەوڵەتە نوێیەکان بەردەوام دەچوونە ناو یەکێتییەوە. ئێستا پێنج وڵاتی کاندیدی رەسمی هەیە کە بریتین لە:  ئایسلەندا، مەکەدۆنیا، مۆنتینیگرۆ، سربیا و تورکیا. بۆ ئەوەی ئەم وڵاتانە بچنە ناو یەکێتیی ئەوروپاوە، پێویستە هەندێک پێوەر لەڕووی دیموکراسی و سەروەریی یاساوە جێبەجێ بکەن.
هەروەها روون نییە کە چۆن یەکگرتنەکە زیاتر گەشە دەکات. بۆ ئەمەش سیناریۆی جیاواز هەیە. هەندێک لە خەمڵاندنەکان پێشبینی ئەوروپایەکی فیدراڵی دەکەن، کە تێیدا وڵاتانی ئەندام دەسەڵاتە دوورمەوداکان لە سیاسەتی ناوخۆیی، دەرەوە، بەرگری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا رادەستی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن. کۆمسیۆن دەبووە حکومەتێکی دروست، پەرلەمان دەبووە ژووری گەل، دەنگە رەخنەگرەکانی تر وا گریمانە دەکەن کە یەکێتیی ئەوروپا دەڕووخێت. ناکۆکی لەسەر گەشەپێدانی داهاتوو، تەنیا کۆمەڵەیەکی بچووکی دەوڵەتەکان دەهێڵێتەوە، کە هاوکاری نێوان حکومەتەکانیان قووڵتر بکەنەوە.

*زویرخ/ سویسرا   

سەرچاوەکان
/1Avenir Suisse (2012). Eine Frage der Relation. Gefunden am 5. Mai 2012 unter Link
/2Baldwin, R. &Wyplosz, C. (2009).The Economics of European Integration (Third Edition).London: McGraw-Hill Higher Education.
/3Economiesuisse (2012). 40 Jahre Freihandelsabkommen Schweiz – EU. Gefunden am 25. Mai 2012 unter Link
/4Europaische Union (2012). Wie funktioniert die EU? Gefunden am 5. Mai 2012 unter Link
5/Herrmann, M. & Stieler, M. (2010). Europa und seine Institutionen. Gefunden am 24. Mai 2012 unter Link

وتارەکانی نوسەر