ئەفەندینامە*

ئاستەنگەکانی تورکیای دوای کارەسات

10:42 - 2023-02-12
رەنج ئازاد
281 خوێندراوەتەوە

کاریگەرییە بێ چەند و چوونەکانی بوومەلەرزەکە، هەروەها پێدراوەکانی پێش بوومەلەرزەکە، هی ئەوەن قسە لەبارەی سەرەتای کۆتایی زەمەنی دەسەڵاتدارێتی، یان دونیابینییەکانی ئەردۆغانەوە بکرێت.
پێش ئەوەی بێینە سەر کاریگەرییە فرە رەهەندەکانی بوومەلەرزەکە، قسە لەبارەی پێشتر دەکەین، پێشترێک کە پڕ بوو لە تاقیکردنەوەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و بە نزیکەیی تیایاندا سەرکەوتوو نەبووە.
لە رووی سیاسییەوە و لە ناوخۆی تورکیادا، تا دێت بەرهەڵستکار و دژبەرانی لە فراوانبووندان، ئێستا کۆکراوەترن و فۆڕمێکیان وەرگرتووە «هاوپەیمانیی میللەت»، کە لە دەنگ و پشتگیریدا شان لە شانی ئاکەپە – مەهەپە دەدەن، هەدەپەش لەولاوە هێڵی سێیەمی سیاسەتی گرتووە و لەگەڵ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغاندا ئاسمان و رێسمانە و هیچ نەبێت %10ی سۆزی کورد و هاووڵاتییانی تورکیای لەگەڵە.
لە رووی سیاسەتی دەرەوەش، ئەوەی ئەحمەد داود ئۆغلو چەند ساڵی رابردوو ناوینا بوو «سفر کێشە» لەگەڵ وڵاتان، هیچ ئاسەوارێکی نەماوە، تورکیاکەی ئەردۆغان، لەگەڵ ناتۆ، زۆربەی وڵاتانی دراوسێ، وڵاتانی ئەوروپا و زۆرێک لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبییەکان گرفتی هەیە و کێشەی سیاسی و ئابووری و وزە و سەربازیی هەیە، لە نێوان روسیا و ئەمریکاشدا خەریکی یارییە و بەدوای ئەوەوەیە لە چنگی کامیان زیاتر دەستبخات، بەڵام ئەمەشی زۆر بۆ نەچۆتە سەر.
پێدراوە سەربازییەکانیش، بەتایبەتی بەرامبەر پەکەکە و یەپەگە، وەک ئەوە نین کە باس لە دووەم هێزی سەربازیی ناتۆ بکرێت، دوای چەند ساڵێک و چەندین ئۆپەراسیۆن بۆسەر قەندیل و زاپ و ئاڤاشین، هیچی وای دەستنەخستووە و بەم دواییانە لە زۆرێک لە ناوچەکان کشایەوە، لە هەڕەشە سەربازییەکانی دژ بە رۆژئاوای کوردستانیش هیچی وای نە لە ئەمریکا دەستخست، نە لە روسیا و سوریا.
هەر لە ناوخۆدا، دۆخی ئابووریی تورکیا و خەڵکەکەی، کورتهێنانەکانی بودجە، دابەزینی بەهای لیرە، هەڵاوسان و بێکاری، زۆرێک لە خەڵکی تورکیای خستۆتە هەڵوێستەوە بەرامبەر بە ئەردۆغان و حکومەتەکەی و بە نزیکەیی دڵنیان لە بێدەربەستیی دەسەڵاتەکە و چارەسەرەکانی، هەموو ئەمانە پێش بوومەلەرزەکە.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە بوومەلەرزەکەی چەند رۆژی رابردوو دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان دەخاتە بەردەم هەڵوێستی یەکلاکەرەوەوە، هیچ نەبێت، زیانە ئابوورییە فرەلایەنەکان تەنگی پێهەڵدەچنن، ئەمە جگە لەوەی با دۆخی گەرماوگەرم تێپەڕێت، لەماوەی کەمی داهاتوودا رای گشتیی تورکیا ئەوە دەبینێت کە ئەگەر بەدەنگەوەهاتنی ئەو وڵاتانە نەبوایە کە بڕیاربوو لە دۆخی «سفر کێشە»دا بن لەگەڵیاندا، دەسەڵاتە ناوخۆییەکە هیچ توانایەکی ئەوتۆی بۆ تێپەڕاندنی کارەسات و زیانەکان نەدەبوو، سەرەڕای ئەوەی «باجی بومەلەرزە» دەدەنە حکومەت.
کە باس لە قۆناغی پۆست ئەردۆغان دەکەین، بە دوو باردایە، یەکەم، یان ئەوەتا لە دەسەڵاتدا نامێنێت و قورسە چیتر بە سێیەکی دەنگەکان و ئەو هەموو گرفتە سیاسی و ئابوورییەوە، رەوایەتی دەسەڵاتدارێتیی تورکیای بۆ بچێتە سەر.
دووەم، ئەگەر لە دەسەڵاتیشدا بمێنێتەوە، ناچارە لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتاندا بگەڕێتەوە دۆخی «سفر کێشە»، ئەویش لەبەر یەک هۆکاری یەکلاکەرەوە، پێویستیی بە کۆمەک و داهات، بۆیە چیتر دونیابینییە پەلهاوێژە پاوانخوازەکە و سەرکێشییە سیاسی و سەربازییەکانی پێشوو دەستنادات، بەمەش هەر دەگوترێت قۆناغی پۆست ئەردۆغان.

*گۆشەیەکی هەفتانەیە

وتارەکانی نوسەر