ئەفەندینامە

قاوەی سوێر

10:15 - 2023-05-14
رەنج ئازاد
268 خوێندراوەتەوە

ئەگەر پێشتر کورد لە باکووری کوردستان بە دەست ناسیۆنالیزمی تەقلیدیی تورکییەوە تاڵاوی دەرخوارد درابێت، ئەوا لە سەردەمی رەجەب تەیب ئەردۆغاندا قاوەی سوێر کرا بە قوڕگیدا، یەکەمجاریشە لە سەردەمی کۆماردا تورکەکان ئەوەندە گلەیی و تێبینیی بنەڕەتییان لە دەسەڵاتێکی تورکیا هەبێت، هەر ئەمەشە وایکردووە خستنی ئەردۆغان ببێتە ویستی هاوبەشی کورد و تورک.
ئایرۆنییەکە ئەوەیە، کە خودی تورکەکان، بۆ ئەوەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی و فەرمانڕەوایی تورکیا ببێتەوە بە مۆدێلێکی خوازراو، پێویستیان بە دەنگ و سەنگی کوردە.
روونە، کە هۆکارەکانی ویستی کورد بۆ کەوتنی ئەردۆغان، لەگەڵ هۆکارەکانی ویستی تورکەکاندا لە زۆر شوێندا جیاوازن، بەڵام لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا، کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر کورد هەبێت، وەک یەکترین.
بە واتایەکی تر، ئەگەر ئەردۆغان قاوەی سوێری کردبێت بە قوڕگی کورددا، ئەوا تاڵاویشی کردووە بە قوڕگی کۆمەڵگەی تورکدا و دەکرێت بەشێک لە هۆکارەکانی لابردنی تامی قاوە سوێرەکە و تاڵاوەکە، هاوبەش بن، دەشکرێت دوو هۆکاریان سەرەکی بن.
یەکەم، دۆخی ئابووریی و دارایی تورکیا، کە لە دۆخێکی باشدا نییە، لێرە بێبەها بووە، ئاستی بێکاری بەرزە، گرانییە و توانای کڕین نزمە، بۆیە ئۆپۆزسیۆن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا ئەوەی کردبووە خاڵی سەرەکیی بەڵێن و بانگەشەکانی.
ئەمە چ پەیوەندییەکی بە کوردەوە هەیە؟ دوو پەیوەندی، یەکەم، کوردی باکووریش وەکو هەر هاووڵاتییەکی دیکەی تورکیا لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخە ئابورییەدایە ، دووەم کە بۆ کورد و دۆزەکەی گرنگترە، ئەوەیە کە هەر پلانێک بۆ گەشەپێدانەوەی ئابووریی تورکیا، پێویستی بە کەمکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکان و راگرتنی دەستوەردان و ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکانی تورکیایە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکە. دیارە هەموو مانۆڕە سەربازی و ئەمنییەکانی سەردەمی ئەردۆغانیش بۆسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بووە، ئەمە جگە لەو ژینگە سەربازی و ئەمنییەی بەسەر زۆرێک لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا سەپاندووێتی.
هۆکاری دووەم، گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی و دیموکراسییەکی ماقووڵە بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی تورکیا.
لە چەند ساڵی رابردوودا، بە تایبەتی لەدوای گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی و سەپاندنی تاکڕەوییەکی دەسەڵاتخواز، زۆرێک لە تورکەکان نیگەرانی وێنە و ناوبانگی دەوڵەتی تورکیا بوون، دەوڵەتێک کە لە سەدەی رابردووەوە دەیەوێت بچێتە یەکێتیی ئەوروپاوە، بەڵام تازەبەتازە ئەردۆغان دەیباتەوە بەرەو تاکڕەوی، لەباربردنی فرەیی سیاسی و زیندانیکردنی رکابەرە سیاسییەکان، لەقاڵبدانی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی.
ئەمەشیان هەر پەیوەندیی راستەوخۆی بە کوردەوە هەیە، چونکە گەڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی و هەروەها بوونی فرەیی سیاسی لە تورکیا، توانای مانۆڕ و بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمان بە کورد دەداتەوە، دەسەڵاتی شارەوانییە کوردستانییەکانیش دێتەوە لای کورد، زیندانیانی کورد و پێکهاتەکانی تریش ئازاد دەکرێن.
جا بیهێنە بەرچاوت، دەمیرتاش لە زیندان بێتە دەرەوە و بایدەمیر بگەڕێتەوە تورکیا و لەگەڵ هاوەڵەکانی دیکەیان بکەونەوە نوێنەرایەتیکردنی سیاسیی کورد و کوردستان.
ئەوکات هەموو شتەکان باشدەبن؟ نەخێر، لە خراپترین حاڵەتدا لە قاوە سوێرەکەی ئەردۆغانەوە دەچینەوە سەر قاوە تاڵەکەی ناسیۆنالیزمی تەقلیدی.

وتارەکانی نوسەر