ئەفەندینامە

ماکسیمۆسی کوردی لە شاخ و شار

10:19 - 2023-05-21
رەنج ئازاد
173 خوێندراوەتەوە

لە کۆتاییەکانی فیلمی گلادیەیتەر، سیزەری رۆما، پێش ئەوەی شەڕی یەکلاکەرەوە لەگەڵ ماکسیمۆس-ی جەنەراڵی زیندانیکراو بکات، دەچێتە لای و چەقۆیەک دەکات بە پشتی ماکسیمۆس-ی دەست و پێ بەستراودا، بۆ ئەوەی بردنەوەی زۆرانەکە مسۆگەر بکات، ماکسیمۆس بە برینێکی قووڵ و خوێنی رژاوەوە شەڕی سیزەر دەکات، کۆتاییەکەشی دیارە.
بە دۆخێکی لەو شێوەیە دەوترێت دۆخی نابەرامبەری، یان نەبوونی دەرفەتی یەکسان بۆ ململانێ.
لەم هەڵبژاردنەی تورکیاشدا، هەدەپە کە رەوایەتیی نوێنەرایەتیکردنی ئیرادەی زۆرینەی کوردی باکووری هەیە، هەمان دۆخی ماکسیمۆسی ئەزموون کرد، بەوەی، پێش هەڵبژاردن بە ماوەیەکی کەم، ناچارکرا بە ناوێکی دیکەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات، گوشارێکی زۆری یاسایی – ئەمنیی لەسەربوو و سەدان سەرکردە و ئەندام و میدیاکاری زیندانیکران و چوونە ریزی ئەو هەزارانەی دیکە کە لە زیندانەکانی تورکیادا توندکراون، بە دەمیرتاش-یشەوە، هەروەها لە رێگەی سەپاندنی دۆخێکی سەربازیی لە باکووری کوردستان و پەکخستنی زۆربەی ئامرازە میدیاییەکانی، دەرفەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی کەمکرایەوە.
ئەمانە پێش هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنەکەشدا، بە شێوازی جیاواز زەبر لە دەنگی هەدەپە درا و خرایە خزمەتی بەرەی بەرامبەرەوە.
 ئەوە راستییەکە کە چاودێرانی سەربە هەدەپە و هاوپەیمانیی میللەت و هەروەها چاودێرە ئەوروپییەکانیش بە بەڵگەوە دووپاتیانکردەوە.
ئەم دۆخی نابەرامبەری و نەبوونی دەرفەتی یەکسانە بۆ کورد لە تورکیا تازە نییە، لە دەستوور و سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوونەوە دەستپێدەکات، تا سەرکوتکردن و جینۆساید و لێدانی هەر جووڵە و سەرهەڵدانێکی نەتەوەیی، تا دەگاتە بەتیرۆریست ناساندن و نکوڵیکردن لە هەر مافێکی سیاسی و فەرهەنگی، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش گەیشتە ئەوەی پێی دەوترێت نەبوونی توانای رکابەریکردنێکی هاوسەنگ.
بێچارەیی و ناچاری بەرامبەر دۆخی نکوڵیکردن و داخستنی دەرگاکانی خۆبەیانکردن، کوردی تورکیای ناچار بە بزووتنەوەی چەکداریی کرد، بزووتنەوەیەک کە ماوەی چەند ساڵێکە و بەتایبەت لە میان و دوای پڕۆسەی بەناو ئاشتی و چەند دەرفەتێکی خۆبەیانکردنی مەدەنییانە لە چەند پڕۆسەیەکی هەڵبژاردندا، جۆرێک لە را و هەڵوێست بەرامبەری هاتبوونە ئاراوە، بەوەی چیتر رەوایەتی بۆ شەڕی چەکداریی نەماوە، بەڵام دۆخی ئەمجارەی هەڵبژاردن و ئەو بەربەستە ئەمنی و سیاسی و یاساییانەی لەبەردەم خەباتی مەدەنیی کوردەکانی باکووردا هێنرانە ئاراوە، دەریخست کە بزووتنەوەی چەکداریی هەبێت خراپە و نەیبێت خراپتر.
ئەمە بەو مانایە نا کە کورد دەستبەرداری خەباتە سیاسی و مەدەنییەکەی ببێت، بە پێچەوانەوە، دەبێت مکوڕتر بێت لەسەر ئەو جۆرە خەباتە، چونکە هەم مۆدێلێکی باڵاتری بۆ ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا نمایش کرد، هەم جۆرێک لە تووڕەیی و بێچارەبوونی دەسەڵاتە 20 ساڵییەکەی تورکیای دەرخست بەرامبەر بەم مۆدێلە لە خەبات، تووڕەیی و بێچارەبوونێک، کە ئەو دەسەڵاتەی ناچار بە چەند کاردانەوەیەک کرد لە زیندانیکردن و سەرکوتکردن و سیناریۆی جیاوازی سەربازی و ئەمنی، کە کاریگەریی گەورەی لەسەر وێنەی خودی دەسەڵاتەکە و دەوڵەتی تورکیا هەبوو و زۆر «یار»ی لە تورکیا و دەسەڵاتە بیست ساڵییەکە کردە «نەیار».
بە کورتییەکەی، کوردی باکوور هەمیشە پێویستی بە بەردەوامبوونی ماکسمۆسەکانی شارە تا شەڕی سیاسی بۆ بکەن. هێشتا دیاریش نییە ئەگەر بزووتنەوە چەکدارییەکە نەمێنێت ئاخۆ چارەنووسی بزووتنەوە مەدەنیی و سیاسییەکە بەکوێ دەگات؟!

وتارەکانی نوسەر