ئەفەندینامە

لاوازی، دەرەنجامی بێباکی

10:45 - 2023-05-28
رەنج ئازاد
229 خوێندراوەتەوە

پێموایە توانا و رۆڵی سیاسیی و ئیداریی کورد لە عیراقدا رووە و لاوازییە، بینینی ئەمەش ماندوبوونێکی  زۆری ناوێت، پێشتر هەندێک لە پێدراوەکانی دەرکەوتوون، بۆ ئێستا و داهاتووش، رەنگە پێدراوی گەورەتری ئەم لاوازبوونە بەدی بکرێت، دواترینیان بەشێک لە بڕگە و مادەکانی 13 و 14ی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراقی فیدراڵە (ئەو بڕگانەی جۆرێک لە دیدی سەنتەرگەرایی بەسەریاندا زاڵە، نەک ئەو بڕگانەی دەکرێت لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بن).
زۆربەی کوردەواری بەم لاوازبوونە ناڕەحەت نییە، لۆمەش ناکرێت بەو ناڕەحەت نەبوونە، چونکە دەمێکە هاوار لە دەسەڵاتدارانی کوردی دەکەن «گۆزەکە مەشکێنە»، ساڵانێکە پێیدەوترێت ئەو لۆژیکی حوکمڕانییەی کاری پێدەکەیت، لۆژیکی هێز و خۆبەزلزانی و نادیدەگرتنی هاووڵاتیان وەک قووڵایی ستراتیژی، لۆژیکێکی بێ ناوەڕۆک و بۆشە، هەرکاتێک بێت دەتخاتە دۆخی لاوازبوون و تەنهاییەوە.
گرفتەکە ئەوەیە، ئەوەی هۆکاری سەرەکیی ئەو لاوازبوونەیە، هێشتا وا خۆی دەبینێت، کە تەنها ئەو خەمخۆری سەرەکییە و نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەونی کوردایەتی و کوردەواریی دەکات، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە، رەفتارەکانی سەردەمی بەهێزیی و دەسەڵاتداریی، زۆربەی خەونە باڵا و جوانەکانی کوردایەتی و کوردەواری بەرەو لەبارچوون بردووە. چونکە بۆ کورد، کە تا ئێستا خاوەنی دۆزە و چنگەکڕێیەتی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، هەموو جووڵە و دەرفەتێک، بەم حوکمڕانییە 32 ساڵییەی باشووریشەوە، بەشێک دەبێت لە رەوتی کوردایەتی.
ئێستاش کە حکومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان  گۆزەکەی بەدەستەوە شکاوە، زەبری ئەو شکانە بەر رەوتی کوردایەتی و کوردەواریش دەکەوێت، زەبرێک کە لە دۆخی ئاساییدا دەبوو کۆهەستی کوردەواری بجووڵێنێت و کاردانەوەی بەرامبەر بەم زەبرە هەبێت، بەڵام ئەوەی وایکرد نەک کاردانەوە لە کوردەوارییەوە نەبینین، بەڵکو جۆرێک لە پێشوازی و دڵخۆشی ببینین، هەر ئەو دەسەڵاتخوازییە بێباکەیە کە هەموو کوردایەتی لە سۆنگەی کۆنترۆڵکردنی داهاتدا دەبینێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای تایبەت دوور لە ئەجێندای میللی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاری، بەوەش بەشێکی زۆری کوردەواریی لەخۆی رەنجاند، چونکە  پێیوابوو بەبێ سۆز و پشتگیریی کوردەواری و بە پشتیوانیی  ئەملاو ئەولا دەتوانێت لەسەر پێکانی خۆی بمێنێتەوە.
راستییەکەی، گورزی ئەمجارە، بەتەنها گورزێکی ناوەندی نەبوو، بەڵکو هێزێکی زۆری ئەو گورز و گوشارە، لە ئیرادەیەکی ناوخۆیی کوردستانییەوەیە، کە ساڵانێکە بە شێوازی جیاجیا لە سلێمانییەوە گوزارشت لە خۆی دەکات و دەیویست بەشە «خەونکوژ»ــەکەی کوردەواری بێنێتەوە سەر خۆی و دەستبەرداری رەفتاری هەڵاوێردکەر و جیاکار بێت بەرامبەر بە نیوەی باشووری کوردستان، ئیرادەیەک، کە ئەگەر بە بێدەنگییش بێت، لە نیوەکەی تری باشووری کوردستانەوە پشتگیریی و دەستخۆشیکەریی هەیە، هەر ئەوەش وادەکات لەم لاوازبوونەدا لایەنی هۆکاری دۆخەکە، لەم هەڵدێرانەدا تەنها و تەریک بکەوێتەوە. 
دیار نییە خاڵەکانی 13 و 14 بودجە چەندیان وەک خۆیان دەمێننەوە و چەندیان دەگۆڕێن، بەوپێیەی بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ئەم پرسە قسە و بێنە و بەردەی زیاتری بەدوادا دێت، بەڵام ئەوەی دەبێت وەکو وانە سەیربکرێت، ئەوەیە کە خواستی میللی دەتوانێت تا چ ئاستێک دەسەڵاتداری بێباک تەنها و تەریک  بخات یان لانیکەم گوشاری لەسەر دروست بکات.

وتارەکانی نوسەر