ئەفەندینامە

دەفعی بەڵا

10:24 - 2023-05-07
رەنج ئازاد
286 خوێندراوەتەوە

کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا رووی لە هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، دەرفەتی راستەقینە هەیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان دوا چانسی تاقیبکاتەوە، کە بەراورد بە هێڵی فاشیزمی تەقلیدیی تورکیا، خۆبەزلزانی و دڵڕەقییەکی زیاتری بەرامبەر بە کوردی باکوور و نوێنەرە سیاسی و پەرلەمانی و کارگێڕییەکانی (سەرۆکی شارەوانییەکان) نیشاندا، زۆر لوتبەرزانە و بێباکانەش سەروکاری لەگەڵ رۆژئاوا و باشووری کوردستاندا کرد، نوێنەرایەتیی جۆرێك لە رەوتی سیاسیی شۆڤێنیستانەی کرد کە جگە لە پارە و پاوەر، ئایینیشت کردە ئامرازی رەوایەتیدان بە سەرکوتکردن و کوشتن و جینۆساید.
گومان و پرسیاری ئەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی ئەردۆغان چییان پێیە بۆ کورد و مافەکانی لە چوارچێوەی تورکیایەکی ماقوڵتردا، گومان و پرسیاری رەوان و زۆر هەڵدەگرن، بەڵام خستنی مۆدێلێکی دڵڕەق و بێباکی وەک ئەوەی ئەردۆغان، خۆی لەخۆیدا مەغزا و واتای گرنگ لەخۆدەگرێت.
پێش هەموو شتێک، پێشتر دەسەڵاتەکانی تورکیا و سەرۆک و سەرۆکی حکومەتەکان، تەنها لەناو خۆیاندا و بە هەڵبژاردنێک کە کورد هیچ قورساییەکی تێیاندا نەبووە، دەستاودەستی دەسەڵاتیان دەکرد، دەوڵەتی قووڵیش بە گۆڕینی دەسەڵات و کەس و حکومەتەکان کاریگەر نەدەبوو و بەردەوام بوو لە پاراستنی هەژموونی شۆڤێنیستی و عەسکەرتاری بەسەر دەوڵەتدا، بەتایبەتیش دژی کورد، بەڵام ئەمجارە کورد سەنگێکی گەورە و نیمچە یەکلاکەرەوەی هەیە و دەتوانێت بە کاندیدێکی (جەهەپە)، کۆتایی بەو رەوتە شۆڤێنییە بهێنێت کە ئەردۆغان رابەرایەتیی کردووە لە زیاتر لە  20 ساڵی رابردوودا، پێشدەچێت بە کەوتنی ئەردۆغان، دەوڵەتی قووڵیش بکەوێتە تەنگژەوە، چونکە تەونەکانی دەوڵەتی قووڵ، ئەگەر هەمووشی نەبێت، زۆربەی وا بە دەستی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە.
مەغزای دووەمی خستنی ئەردۆغان، وا لە سەرکەوتنی هێڵی سێیەمی کوردایەتی لە باکووری کوردستان و مانەوەی بە پێوە، بەرامبەر بەو کەلتوورە دڵڕەقانەیەی رابردوو، کە بە نزیکەیی هیچ رێگایەک نەماوە تاقیی نەکاتەوە بۆ بەچۆکداهێنانی ئەو هێڵی سێیەمەی بەرخۆدان، لە تیرۆر و جینۆسایدەوە بگرە، تا زیندانی و سەرکوت و بێنوێنەرکردن، بەڵام ئەم هێڵە هەر لەسەر پێیەکانی خۆی ماوەتەوە.
دواجار، کەوتنی ئەردۆغان، بەو هەموو دەسەڵات و خۆبەزلزانییەوە، زللــەیەکی توندە لە روومەتی ئەو زیهنییەتەی شۆڤێنیزم لە تورکیا، تەنها زیهنییەتە سیاسییەکەش نا، بەڵکو زیهنییەتە دەستەجەمعییە کۆمەڵایەتییەکەش، کە شۆڤێنیزم و دژایەتیی کوردی لەگەڵ شیردا دەرخواردی کۆمەڵگەی تورکیا هەر لە قۆناغەکانی خوێندن و پەروەردەوە داوە.
بێ چەند و چوون، ئەگەر ئەردۆغان بکەوێت، ئەرکی نوێ چاوەڕێی هێڵی سێیەمی کوردایەتی دەکات، کە خۆیان باشتر دەزانن و دەتوانن دەستنیشانی بکەن کە چییە و چۆنە؟ بەڵام هیچ نەبێت، جگە لە خستنی ئەو رەوتە نەتەوە- ئایینییە، کۆتایی بە سیستمی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتخواز دێت و گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتیی پەرلەمانی دەبێتە ئەرکی هاوبەشی براوەکان.
کارکردن لەسەر دەستکاریکردنی زیهنی ئەو تورکانەش، کە دەکرێت بە خۆڵەمێشی ناویان بهێنین و سەرئێشەکانی ئەردۆغان ئەوانیشی قەڵس کردووە، ئەرکێکی سەرەکییە، بەوەی قەناعەتیان پێبهێنرێت، کە سەرپێخستنی دەوڵەتێکی پلوراڵ و بێ کینە، تەنها بۆ کورد دەفعی بەڵا نییە، بەڵکو بۆ تورک و پێکهاتەکانی دیکەش هەروایە.

وتارەکانی نوسەر