ده‌نگی‌ كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كەی‌ توركیایه‌

09:43 - 2023-02-13
بورهان شێخ رەئوف
362 خوێندراوەتەوە

هه‌ڵبژاردنه‌كەی‌ داهاتووی‌ توركیا كه‌ بڕیاره‌ پێش بخرێت بۆ 14 ئایاری‌ 2023، (27) حزبی‌ سیاسی‌ به‌شداریی‌ تێدا ده‌كه‌ن کە له‌ سێ‌ هاوپه‌یمانیی‌  ره‌سمی‌ هه‌ڵبژاردن  پێكدێت، هاوپه‌یمانی‌ گه‌ل كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (ئه‌كه‌په‌) و (مه‌هه‌په‌)، هاوپه‌یمانی‌ نه‌ته‌وه‌  كه‌ پێكدێت له‌ حزبه‌كانی‌  (جه‌هه‌په‌) و (سه‌عاده‌ت) و (حزبی‌ باش)  و (ئاینده‌)، (هاوپه‌یمانی‌ كار و ئازادی‌)یش كه‌ پێكدێت له‌ (هه‌ده‌په‌) و حزبه‌ چه‌په‌ كۆمۆنیسته‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ كرێكاران و یه‌كێتیی‌ سه‌ندیكاكانی‌ سۆسیالیستی‌ و ئازادیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و كاری‌ توركیا.

ئه‌ردۆغان هه‌وڵی داوه‌ هه‌ده‌په‌ له‌ هاوپه‌یمانیی‌ گه‌ل و مێزگردی‌ شه‌شقۆڵی دووربخاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌زانێت ده‌نگی‌ هه‌ده‌په‌ و كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت

ده‌نگی هه‌ده‌په‌ و كورد
زۆربه‌ی‌ شرۆڤه‌كاران و چاودێرانی‌ كاروباری‌ سیاسی‌ توركیا هاوڕا و كۆكن، له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌  كه‌ ده‌نگی‌  پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان كه‌ زۆرینه‌ی‌ كورده‌، یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و چاره‌نووسساز ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كەدا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ داخستن و قه‌ده‌غه‌كردنی‌ كاری‌ سیاسییان له‌سه‌ره‌ و سکاڵای یاساییان له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، هه‌زاران كه‌سیش له‌ سه‌ركرده‌ و ئه‌ندامه‌كانی ئه‌م حزبه‌ له‌ زینداندان و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌زارانی‌ تریشیان چالاكی‌ و كاری‌ سیاسییان لێ‌ قه‌ده‌غه‌ بكرێت، به‌ تۆمه‌تی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ تۆوی‌ دووبه‌ره‌كی‌ و جوداخوازی‌ له‌نێوان گه‌ل و حكومه‌تدا.
 له‌ لایه‌كی‌ دیکەشه‌وه‌ هه‌ده‌په‌ تۆمه‌تباركراوە به‌وه‌ی‌ باڵی‌ سیاسی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستانه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی‌ یاساكانی‌ توركیا لە لسیتی تیرۆردا پۆلین كراوه‌.

لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)

له‌ راستیدا (هه‌ده‌په‌) خاوه‌نی‌ قه‌واره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ ده‌نگده‌ره‌ له ‌سه‌رتاسه‌ری‌ توركیادا، ده‌توانێت تای‌ ته‌رازووه‌كه‌ بگۆڕێت ئه‌گه‌ر ببێته‌ هاوپه‌یمانی هه‌ركام له‌و دووبه‌ره‌یه‌ی‌ ئێستا هه‌ن، واته‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل یان به‌ره‌ی‌ مێزگردی‌ شه‌شقۆڵی‌، به‌ڵام هاوسه‌رۆكی‌ هه‌ده‌په‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان كاندیدی‌ تایبه‌تی‌ خۆیان ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ توركیا و له‌م مانگی‌ شوباته‌شدا ناوی‌ كاندیده‌كه‌یان راده‌گه‌یەنن، پێش مێزگردی‌ شه‌شقۆڵی‌، ئه‌مه‌ش واتای‌ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نگری‌ هیچ لایه‌ك له‌ دوو به‌ره‌كەی‌ تری ناو توركیا ناكه‌ن.

هه‌ده‌په‌ ده‌رگای كراوه‌بوو بۆ هاوپه‌یمانی
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ (هه‌ده‌په‌) له‌كاتێدا دێت، هه‌ده‌په‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌رگایان به‌ كراوه‌یی‌ هێشته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی‌ شه‌شقۆڵیدا بگه‌نه‌ رێكەو‌تن و كاندیدی‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێناچێت هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ گه‌ل و شه‌شقۆڵی‌ بتوانن له‌ گه‌ڕی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌ڵبژاردنه‌كەدا، ئه‌نجامه‌كان یه‌كلایی‌ بكه‌نه‌وه‌، كه‌ كاندیدی‌ كامیان  ده‌یباته‌وه‌، واته‌ ئه‌نجامه‌كان  ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕی‌ دووه‌مه‌وه‌، ئه‌وكاتیش پێویستیان به‌ رێكه‌وتنی‌ نوێ‌ ده‌بێت.
هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ دووره‌په‌رێزیی‌ مێزگردی‌ شه‌شقۆڵی‌، له‌ (هه‌ده‌په‌)، بۆ هه‌ڵوێسته‌كانی‌ (مەراڵ ئاكشنه‌ر)ی‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ باش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ باكگراوندێكی‌ شۆڤێنی‌ هه‌یه‌ و له‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی‌ جیابۆته‌وه‌ كه‌ له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییه‌دا داوای‌ لێ‌ كردبوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حزبی‌ دایك، ئاكشنه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر (هه‌ده‌په‌) بێته‌ ناو مێزگرده‌كه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م ده‌كشێته‌وه‌ له‌و هاوپه‌یمانییه‌.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ كه‌مال كلیچدار ئۆغڵو-ی‌ سه‌رۆكی‌ جه‌هه‌په‌ هه‌ست به‌ گرنگی‌  و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یی‌ ده‌نگده‌رانی‌ كورد ده‌كات، بۆ هەردوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و په‌رله‌مانی‌ توركیا، هه‌ربۆیه‌ به‌ڵێنی‌  ئه‌وه‌ی‌ به‌ هه‌ده‌په‌ داوه‌ له‌كاتی‌ بردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا پۆستێكی‌ وه‌زارییان پێ بدات، عه‌لی‌ باباجانی‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ دیموكراسی‌ و پێشكه‌وتنیش لایه‌نگری‌ بۆچوونه‌كانی‌ كلیچدار ئۆغڵوه‌ و به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ی‌ داوه‌ كه‌ مافه‌كانی‌ كورد بۆ خوێندن و به‌كارهێنانی‌ زمانی‌ دایك مسۆگه‌ر بكه‌ن. 

بانگەشه‌ بۆ هه‌موواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوور
باباجان هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، بەڵکو له‌ ماوه‌ی‌ پێشوودا زۆر به‌ راشكاوانه‌  ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ هه‌ردوو ماده‌ی‌  42 و 66ی ده‌ستووری‌ توركیا گرت، كه‌ ده‌قه‌كانی‌ ده‌ڵێت: «هه‌موو ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی‌ له‌سه‌ر خاكی‌ توركیا ده‌ژین، توركن»، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ واقیعه‌ و له‌ توركیادا نه‌ته‌وه‌ و ئاینی‌ جیاواز ده‌ژین، پێویسته‌ به‌ زمانی‌ دایكی‌ خۆیان بخوێنن.
 باباجان ئه‌وه‌شی‌  وتووه‌ كه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌بێ‌ ترس باسی‌ بكه‌ین و توركیایه‌كی‌ نوێ‌ بنیات بنێین، كه‌ هه‌موو هاووڵاتیان  تێیدا یه‌كسان بن له‌ ماف و ئه‌ركدا، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و مادانه‌ی‌ ده‌ستوور جارێكی‌ تر بنووسرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ خاوه‌نی‌ كه‌رامه‌تی‌ خۆی‌ بێت و ده‌وڵه‌تیش بمێنێت و بتوانێت درێژه‌ به‌ بوونی‌ خۆی‌ بدات.
حزبی‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو و  حزبی‌ سه‌عاده‌ت و دیموكراسیش  لایه‌نگری‌ ئه‌م بۆچوونه‌ن و پێیانوایه‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ (هه‌ده‌په‌) سوودی‌ هه‌یه‌ نه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئاینده‌، به‌ڵكو بۆ قۆناغی‌ داهاتووش بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ی‌ كورد، كه‌ حكومه‌ته‌كانی‌ پێشتر شكستیان هێنابوو  له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا (هه‌ده‌په‌) خۆشی‌ له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان لایه‌نه‌كانی‌ ئۆپۆز‌سیۆن نابێت هه‌ر له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بێت، به‌ڵكو ده‌بێت وه‌كو حزبێكی‌ نیشتمانی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ توركیا خاوه‌ندارێتی‌ له‌هه‌موو هاووڵاتیان بكات و چاره‌سه‌ر بۆ هه‌موو كێشه‌كانی‌ هاووڵاتیانی‌ توركیا بدۆزێته‌وه‌  به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌و ئاین و ئاینزاكانه‌وه‌، به‌ تایبه‌تی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كورد وه‌كو نوێنه‌ری‌ راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ له‌و وڵاته‌دا.
له‌ كۆتاییدا  هه‌ر ئه‌وه‌ بوو وای‌ له‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كرد، كه‌ هه‌وڵی‌ داخستنی‌ هه‌ده‌په‌ بدات و هه‌روه‌ها ژماره‌ی‌ بانكییان دابخات و مینحه‌ی‌ مانگانه‌شیان ببڕێت، بۆئه‌وه‌ی‌ هه‌ده‌په‌ له‌ هاوپه‌یمانیی‌ گه‌ل و میزگردی‌ شه‌شقۆڵیش دووربخاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانێت ده‌نگی‌ هه‌ده‌په‌ و كورد یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا،  لەبەرئەوەی خاوه‌نی‌ لانیكه‌می‌  (7) ملیۆن ده‌نگده‌ره‌  له‌ كۆی‌ (60) ملیۆن ده‌نگده‌ری‌ توركیا، ده‌توانن به‌ربه‌ستی‌ ٪12 ی په‌رله‌مانیش تێبپه‌ڕێنن. 

وتارەکانی نوسەر