لە پشت یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەوە چی هەیە؟

10:10 - 2023-02-13
هیوا محەمەد
223 خوێندراوەتەوە

هیچ کات هێندەی ئێستا ئەمریکا و خۆرئاوا دەوروخولی کوردی نەداوە لەم بەشەدا کە لەناو عیراقی فیدراڵدایە، پێدەچێت بەرژەوەندییەکانی ئەو لێرەدا بێت کە گرنترینیان هاوسێیەتیمانە لەگەڵ ئێران.
کورد بە گشتی بەلای ئەمریکاوە یەک پاکێج نییە، جووڵانەوەی کوردی باکوور بە تیروریستی دەناسێت و هاوبەشەکەی ئەوان لە سوریادا بە دۆست و هاوپەیمان دەناسێت.
هەڵکەوتەی عیراق و پێکهاتەکانی و دراوسێیەتی لەگەڵ ئێرانێک کە لە جیهاندا بە تاکە دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیل دادەنرێت، ئەمریکا هاندەدات کە لەگەڵ هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ناو عیراق واتا کورد و شیعە و سوننە، پەیوەندیی تایبەتی هەبێت.
لەدوای روبەڕوبوونەوەی کورد لەگەڵ داعشدا و رۆڵە قارەمانانەکەی هێزی پێشمەرگە، سەرنجی خۆرئاوا و ئەمریکا بەلای هەرێمدا راکێشرا، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە دەتوانن پشت بە هێزی پێشمەرگە ببەستن وەک نیمچە سوپایەک، ئەمە لە کاتێکدایە کە سوپایەکی لەم چەشنەی پتەو لەناو عیراقدا نییە و نەبووە لەدوای نەمانی رژێمی بەعسەوە، بەتایبەتی کە کورد لە رووخاندنی ئەو رژێمەدا هاوکارێکی سەرەکیی ئەمریکا بووە.

یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن
ئەمریکا زۆر بەلایەوە گرنگە کە هەردوو هێزی پێشمەرگەی هەرێم بخاتە ژێر یەک فەرماندەییەوە و بۆ یەک ئامانج بەکاریانبهێنێت، بەڵام ئەمە رەهەندێکی سیاسیی هەیە و تەنها کردەیەکی لۆجیستی نییە.
کاریگەریی هەریەک لە ئێران و تورکیا لەسەر هەرێم هەیە، زۆر لە چاودێرانی ئەمریکا وای بۆ دەچن کە «پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئێران پتەوترە تا لەگەڵ تورکیا، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە پێچەوانەوە».
یان پێیانوایە «هەڵوێستی پارتی لە ئەمریکاوە نزیکترە بەرامبەر بە ئێران تا ئەوەی یەکێتی.
ئەمانە وادەکات بە دەیان یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ بە هێزکردنی پێشمەرگە و کردنی بە یەک هێز سەرنەگرێت، بەڵام ئەمریکا بە هەڕەشەکردن لە رێگەی بڕینی هاوکارییە مانگانەکەوە دەیەوێت ئەمە بکات.

تەنها لە خەمی یەکخستنی هێزی پێشمەرگەدایە
راستە بوونی یەک هێزی پێشمەرگە پێش هەر شت سوودی بۆ خەڵکی هەرێم هەیە، بەڵام ئەوەش کە ئەمریکا لە هەوڵدایە بۆی هەر پەیوەستە بەم خاڵەوە، واتا هەرچی کردەی سەربازییە لەلایەن هەرێمەوە بکرێت دەبێتە جێگەی دەستخۆشیی خۆرئاوا و ئەمریکا.
20 ساڵە لەگەڵ ئەمریکا و خۆرئاوا هاوپەیمانیی دەکەین، بەڵام نەمانتوانیوە ئەمە بەکاربهێنین بۆ چارەسەری کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا، چەندین قۆناغمان گۆڕی، کەچی هەر وەک خۆمانین.
ئەم هەرێمە کێشەی دەستێوەردانی دەرەکی هەیە، بەڵام هاوپەیمانان هەنگاو نانێن بۆ نەهێشتنی.
کێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە لەسەر ناوچە دابڕێنراوەکان و ئەمریکاش خۆی لێ بێدەنگ کردووە.
لەناوخۆی هەرێمدا، بێکاری، کەمیی کارەبا، خراپیی دۆخی تەندروستی، رێگاوبان، گەندەڵی، رۆتین، نەبوونی ژێرخانی ئابووریی، خراپیی مووچە و زۆر شتی تر هەن هەروەک ئەوەی سەرەتامان بێت لە حکومڕانیدا، بەڵام بۆ هیچکام لەمانە ئەمریکا و خۆرئاوا نایەنە پێشەوە و وەک پێویست قسەی لەسەر ناکەن، هەر ئەمەش وایکردووە کە وەفدەکانی ئەوان کە دێنە هەرێم، کەسانی سەربازین و تەنها بۆ مەبەستی بەکارهێنانی هێز دێن.
ئەمریکا سەربازی نەناردووە بۆ ئۆکرانیا
ئەمریکا لە ئۆکرانیادا بە ئاشکرا سەربازی نەناردووە، بەڵام لە چەندین ساڵ لەمەو پێشەوە، سەدان پسپۆڕی سەربازیی لەوێدا هەیە و سەدانی دیکەشی لە ئۆکرانییەکان دروستکردووە، واتا بۆ ئەمریکا ئەوە گرنگ نییە کە ئەمریکی بن، بەڵکو لەوە گرنگتر ئەوەیە کە لەوێدا بن و پلانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن، پێدەچێت لێرەش ئەمەی بوێت.
ئەگەر سوپایەکی یەکگرتوو لە هێزی پێشمەرگە دروستبکرێت و ئامادەبێت لەژێر هاوکاریی و بەڕێوەبردنی ئەمریکادا بێت، چ لەوە باشترە بۆ ئەمریکا؟ وەک ئەوە وایە کە ئەمریکا سوپایەکی خۆی هێنابێت و لێرە داینابێت.
پێویستە سەرکردایەتی کورد لەبەرامبەر ئەوەدا کارتی هەبێت و کارێک بکات کە هاوپەیمانەکانی بکاتە کارتی گوشار بۆ سەر بەغدا بۆ ملدان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، با خۆرئاواییەکان هاوکارییمان بکەن لە ئاوەدانکردنەوەدا نەک تەنها هەر لە بیری یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا بن و لایەنەکانی سیاسی و ئابووریی و ئیداریی فەرامۆش بکەن.

خۆرئاوا زیاتر چاوی لەسەر توانا سەربازییەکانی هەرێمە

وتارەکانی نوسەر