وردتر

لەبارەی زیرەكیی دەستكردەوە

10:16 - 2023-02-14
لەشکر حەمە ساڵح
160 خوێندراوەتەوە

لەم چەند ساڵەی رابردوودا زیرەكیی دەستكرد گەشەكردن و پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە. لە بوار و تەوەرێكی دیاریكراودا خۆی قەتیس نەكردووە، بەڵكو پەلی هاویشتووە بۆ هەموو بوار و بابەتەكان، لە زۆر بواردا بۆتە ئەڵتەرناتیڤێكی چالاك و گونجاو بۆ خودی مرۆڤ و چالاكی و بیركردنەوە مرۆییەكان.
چاودێران و شارەزایان پێیانوایە، ئەگەر پێشكەوتنەكان بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بن؛ لە چەند ساڵی داهاتوودا ژیانی مرۆڤ گۆڕانكاریی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و مرۆڤایەتی ناچار دەبێت سەرلەنوێ پێناسەی خۆی و ژیان و بوار و بابەت و پێداویستییەكانی بكاتەوە، مرۆڤ لە بوونەوەرێكی ماندووەوە بكاتە شتێكی تر كە ئەوەندە پێویستی بەماندوو بوون و هەوڵدان نەبێت بۆ ژیان و دابینكردنی پێداویستییەكانی، رەنگە ئیتر مرۆڤ ناچار نەبێت خۆی ئەركە قورسەكان رابپەڕێنێت یان لانیكەم زیرەكیی دەستكرد دەبێتە یارمەتیدەرێكی سەرەكی لە كاروبارەكانیدا.
بەڕاستی زیرەكیی دەستكرد چییە؟ چی پێشكەشی مرۆڤ دەكات و چی لێدەسەنێتەوە؟ هەڕەشەكانی كامانەن و سوودەكانی چین؟ مرۆڤ چۆن دەتوانێت سنوورێك بۆ تەكنۆلۆژیایەك دابنێت كە رەنگە لە ئایندەی نزیكدا لە كۆنترۆڵ دەربچێت؟ زیرەكیی دەستكرد چۆن دەتوانێت دەستكاریی ئەم شێوازەی ژیانی مرۆڤ بكات و چۆنیش سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە؟ 
ئەمانە كۆمەڵێك پرسیاری بنچینەیین كە ساڵانێكە بۆتە جێگەی مشتومڕی كەسانی پەیوەست بە زانست و تەكنۆلۆژیا و تەنانەت كۆمپانیا و حكومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی وڵاتە پێشكەوتووەكان؛ لەكاتێكدا خەریكی گەشەپێدانی زیرەكیی دەستكردن، هەر لەو كاتەشدا قسە لەسەر مەترسییەكان و ئایندەی ئەو پێشكەوتنانەی تەكنۆلۆژیا دەكەن. 
بەڕاستی كاتی ئەو پرسیارەیە كە مرۆڤایەتی لە سایەی سەری تەكنۆلۆژیاوە بەرەو كوێ دەڕوات؟ هەندێك لێدوان و بیركردنەوە لە چارەنووسی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، بیركردنەوەی كلاسیكی یان كۆنەپارێزی نییە، بەڵكو جۆرێك لە هۆشیاری بەرامبەر ئایندە؛ چۆن دەكرێت چارەنووسی مرۆڤ و مرۆڤایەتی؛ ئەگەر بە شێوەی پارچە پارچە بێت نەك بە تەواوەتی؛ رادەستی ئامێر و زیرەكیی دەستكرد بكرێت؟ 
لە خوا بەزیاد بێت لە كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە ئەوەندە كێشەی سادە و ساكاری پەیوەست بە ژیانی رۆژانە و پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیانمان هەیە، خەڵك كەمتر دەیپەرژێتە سەر بابەتی چارەنووسسازی وەك زیرەكیی دەستكرد، بەڵام ئەوكاتەی داهێنانەكانی تەكنۆلۆژیا زاڵ و زاڵتر دەبن و دەبنە پێداویستی بنچینەیی ژیان، ئیتر خەڵك بە كوێرانە و بێ ئەوەی هۆشیارییەكی ئەوتۆیان هەبێت، دەكەونە بەكارهێنانی؛ دیارە هەر ئەو كاتەش سەرەتای كێشە و ئاڵۆزییەكان دەست پێدەكات.
لەوانەیە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا زۆر زانیاری و لێكدانەوە لە بارەی سوود و زیانەكانی پێشکەوتنی تەکۆلۆژیا و زیرەكیی دەستكردەوە بەردەست بێت بەڵام هێشتا فیلمی خەیاڵی زانستیی (I robot)  تام و چێژی خۆی لە دەستنەداوە. ئەو فیلمە ساڵی 2004 لە ئەمریكا بەرهەمهێنراوە، ئەكتەری بەناوبانگی هۆڵیود، ویڵ سمس رۆڵی پاڵەوان دەگێڕێت؛ فیلمێكی باشە بۆ تێگەیشتن لە ئایندەی تەكنۆلۆژیا و ئەو مەترسیانەی پێشكەوتنی بێ سنوور و بێ قەید و شەرتی زانست و تەكنۆلۆژیان لەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتی دروستی دەكەن. زیرەكیی دەستكردیش كە دەرەنجامی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایە، مەترسیی سەرەكیی لەوەدایە كە دواجار لە دەستی مرۆڤ دەردەچێت و هەروەك رۆبۆتەكانی ویڵ سمس، خۆیان بڕیار دەدەن!

وتارەکانی نوسەر