1: دۆزینه‌وه و گه‌ڕانه‌وه بۆ پرانسیپه لەده‌ستدراوه‌كان
یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی (ی.ن.ك) كه له (22/5/1975) له چایخانه‌ی (طليطلة) له دیمه‌شقی پایته‌خی سوریا نووسراوە، له (1/6/1975 ) له ئه‌وروپا بەناونیشانی (یه‌كێتی ی نیشتمانی ی كوردستان بۆچی؟) بڵاوكرایه‌وه، تیایدا مژده‌ی له دایكبوونی (ی.ن.ك)ی راگه‌یاند.
ئه‌م به‌یاننامه‌یه له هه‌ناوی خۆیدا، مه‌یدانی كار‌و ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه دوور و نزیكه‌كان، دروشم و پرانسیپ و هێڵه سیاسییه گشتییه‌كان، دیاریكردنی یارو نه‌یار، هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكی شۆڕش و هه‌ستانه‌وه‌ی بەڕوونی نه‌خشاند بوو.
ئه‌وێ رۆژێ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له ده‌وری ی.ن.ك كۆبووبوونه‌وه، یان به ئاراسته‌ی كۆبوونه‌وه له ده‌وری ده‌ڕۆیشتن، خاوه‌ن بیروباوه‌ڕێكی به‌هێز بوون، فكر بەپله‌ی یه‌كه‌م ببووه چه‌تری كۆكه‌ره‌وه، كۆمه‌ڵێك پرانسیپ و ره‌وشتی به‌رزی شۆڕشگێڕی و كوردایه‌تی، یه‌ك پارچه هه‌موو لایه‌كی داپۆشیبوو، ئه‌وه‌ش وایكردبوو كه گیانی هه‌ڤاڵانه، گیانبه‌خشین، خۆڕاگری و ئازایه‌تی، دڵسۆزی بۆ خاك و نیشتمان، په‌رۆشی بۆ به‌دیهێنانی ئازادی، په‌روه‌رده‌و هۆشیاری به‌رده‌وام، ده‌ست و ده‌م و داوێنپاكی ببێته ناسنامه‌ی تێكۆشه‌رانی ی.ن.ك له ته‌واوی كوردستان، بەتایبه‌تی له‌و ناوچه ئازادكراوانه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تیایدا باڵاده‌ست و فه‌رمانڕه‌وا بوو له باشووری كوردستان و بەپله‌ی یه‌كه‌م گۆڕه‌پانی راسته‌قینه‌ی خه‌باتی یه‌كێتی بوو.
ئه‌م خه‌سڵه‌ته جوانانه وایانكردبوو ی.ن.ك ببێته خاوه‌نی به‌هێزترین پردی متمانه له نێوان خۆی و گه‌لی كوردستاندا، بۆیه هه‌موو رۆژێك سه‌روه‌ری و داستان و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی مێژوویی له ناو شار‌و شاخ تۆمار ده‌كرا.
ئێستا كه بڕیارمانداوه دیداری یه‌كێتی له پێناوی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و خاكی كوردستاندا ساز بكه‌ین، ده‌بێت یه‌كه‌م هه‌نگاوه بچینه‌وه سه‌ر ئه‌و پرانسیپه گرنگه سه‌ره‌تاییانه‌ی كه (ی.ن.ك) یان كردبووه ئه‌ستێره‌ی گه‌شی ئومێدی ته‌واوی چین و توێژ و نه‌ته‌وه و پێكهاته جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ش سه‌خت نابێت، ئه‌گه‌ر ته‌نیا پشت ببه‌ستین بهپرانسیپه‌كانی رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال و كاریان پێبكه‌ین.
2: كۆكردنه‌وه‌ی تێڕوانینه‌كانی مام جه‌لال
كه‌مینه‌یه‌كمان ئاشناین به به‌شێك له ژیان و خه‌باتی سه‌رۆك مام جه‌لال له پێناوی ئازادی گه‌لی كوردستاندا، زۆرینه‌مان ئه‌م ئاشنایه‌تیمان یان هه‌ر نییه، یان ئه‌وه‌ندەنییه كه سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌بووه، بیناسین. بۆیه گرنگه راسپارده و ئه‌ركێك له دوای دیداری یه‌كێتی بریتی بێت له كۆكردنه‌وه‌ی وتار‌و نووسین و كتێب و چاوپێكه‌وتنه ته‌له‌فزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامەنووسییه‌کانی سه‌رۆك مام جه‌لال، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌هه‌ر شوێنێك و له هه‌ر وڵاتێك و كه‌ناڵێكه‌وه لە بارەیەوە نووسیویانه، یان قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه و ده‌یكه‌ن.
دواتر له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی تایبه‌تمه‌ند ئایدیا، تێڕوانین، دونیابینیه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا، بەجۆرێك دابڕێژرێنه‌وه كه به روونی هێڵه گشتییه‌كانی رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال دیاری بكه‌ن، دواجار له چوارچێوه‌ی رێبازێكی فكری دابڕێژرێنه‌وه به ناونیشانی (رێبازی مام «جه‌لالیزم»)، كه بەهە‌ق خاوه‌نی رێبازێكی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت به‌خۆی بووە، جیاواز له هه‌موو رێبازه فكریه‌كانی دونیا، توانیویه‌تی سوود له هه‌موو قوتابخانه و رێبازه فكری و فه‌لسه‌فییه‌كان وه‌ربگرێت و له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕه تایبه‌تیه‌كانی خۆیدا، به له‌به‌رچاوگرتنی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیای كوردستان موتوربه‌یان بكات، به‌قازانجی ئامانجه ستراتیژییه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان سوودیان لێوه‌ربگرێت له به‌رێوه‌بردنی كاروباره سیاسی، رێكخراوه‌یی، دیپلۆماسی، په‌یوه‌ندییه كوردستانی و عیراقییه‌كان، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، حوكمڕانی، راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نووسی، ئابووری و ململانێیی چینایه‌ته‌كان و هتد..
ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی توند ده‌ستگرتن بەڕێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال و كارپێكردنی له پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجه دوور‌و نزیك و ستراتیژییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستاندا.