ئایا بوومەلەرزەکە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکەی تورکیا دەبێت؟

09:37 - 2023-02-15
وتار
328 خوێندراوەتەوە

نۆڤین مەجید ساڵح

وەڵامدانەوە و بڕیارەکانی ئەردۆغان لە پاش روودانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاریگەریی دەکاتە سەر چانسی بردنەوەی لە هەڵبژاردنەکەی مانگی ئایاردا. شرۆڤەکارانی سیاسیش وای دەبینن کە مامەڵەکردنی بەپەلەی ئەردۆغان و زوو  چارەسەرکردنی کێشەکان، وێنەیەکی گەشاوەی سەرۆک کۆمار پیشان دەدات و چانسی بردنەوەی زیاتر دەکات. 

ئاڵنگارییەکی گەورە
ئەم بوومەلەرزەیە ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەوە لەڕووی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردن و ئاوەدانکردنەوە، کە سێبەرێک دەخاتە سەر ماوەی پێش هەڵبژاردنەکە، کە پێشترش ئەم هەڵبژاردنە بە سەختترین تاقیکردنەوەی ئەردۆغان دادەنرا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا. 
دوای بوومەلەرزەکە کە زیاتر لە 30 هەزار کەس لە تورکیا بە هۆیەوە بوونە قوربانی، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن و بەشێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، گلەییان لە دەسەڵاتداران کرد لەبەر ئامادەنەبوونیان بە کەرەستەی پێویست بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو وێرانکارییەی روویدا.
هەر تێڕوانینێک کە حکومەت ناتوانێت وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ ئەم کارەساتە بکات، یان کۆدی بیناسازیی گونجاوی لە وڵاتێکی بوومەلەرزەدا جێبەجێ نەکردووە، زیان بە هەوڵەکانی هەڵبژاردنی ئەردۆغان دەگەیەنێت، بەڵام شرۆڤەکاران پێیانوایە کە ئەردۆغان توانای کۆکردنەوەی پشتیوانی نیشتمانی هەیە، چونکە ئەردۆغان شارەزایە لە راکێشانی هەست و سۆزی خەڵک بەلای خۆیدا. 
شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەردۆغان تائێستاش توانای چەسپاندنی پێگەی خۆی هەیە، چونکە هەڵمەتکارێکی لێهاتووە و لەبەرئەوەی حکومەتەکەی لە ساڵی 2002ەوە کە هاتۆتە سەر دەسەڵات، مامەڵەی لەگەڵ بوومەلەرزە و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و کارەساتی سروشتی دیکەی کردووە.

بەهێزترین بوومەلەرزە
ئەردۆغان تەنها چەند کاتژمێرێک دوای بوومەلەرزەکە، کە بە خراپترین بوومەلەرزە لە ماوەی زیاتر لە 80 ساڵدا لە تورکیا وەسفی کرد، وتی: کە دەسەڵاتداران پێشتر هەزاران کارمەندی فریاگوزارییان کۆکردۆتەوە کە سەرەڕای ئەم زستانە سەختە، هیچ کەم و کوڕییەکیان پیشان نەداوە و بە دڵسۆزی کارەکانیان کردووە. 
حکومەت (ئینزاری ئاستی چوارەم)ی راگەیاند و داوای هاوکاری نێودەوڵەتیی کرد، هەروەها باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگ لەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە راگەیاند.
گروپی راوێژکاری ئۆراسیاش رایگەیاند، «پێدەچێت مامەڵەکردنی خێرا و چەسپاوی ئەردۆغان لەگەڵ قەیرانەکان، وێنەی خۆی وەک سەرکردەیەکی بەهێز بەر لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایار پۆلیش بکات، ئەگەر حکومەت بتوانێت بەردەوام بێت لە هەوڵە پێشوەختە کاریگەرەکانی».
پێدەچێت تێچووی ئاوەدانکردنەوە بگاتە چەند ملیار دۆلارێک، لە کاتێکدا ئابووری تورکیا بەدەست هەڵاوسانەوە دەناڵێنێت. هەروەها رادەی ئەو زیانانەی کە بەدرێژایی سەدان کیلۆمەتر روویانداوە و کاریگەرییان لەسەر ملیۆنان کەس و ماڵەکانیان هەبووە، وێنەی ئابووری و سیاسەتی تورکیا «بەتەواوی دەگۆڕێت».

کاردانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان
پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەر دوای بومەلەرزەکە کاردانەوەیان دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان هەبوو و بە حکومەتێکی بێ پلان وەسفیان کرد. ئەمەش ئەردۆغانی تا رادەیەک تووڕە کردووە. چونکە ئەردۆغان پێیوایە حکومەتەی ئەوەی پێی بکرێت بە باشترین شێوە دەیکات بۆ گەلەکەی. 
ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە) رایگەیاند کە حکومەتی تورکیا بە هیچ شێوازێک بەهانای ناوچە کوردییەکانەوە نەچووە و هیچ هاوکارییەک و خزمەتگوزارییەک لە ئارادا نییە لەو شارە کوردییانەی کە زەرەمەندی یەکەمی بوومەلەرزەکە بوون. 

پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان هەر دوای بومەلەرزەکە کاردانەوەیان دژی حکومەتەکەی ئەردۆغان هەبوو و بە حکومەتێکی بێ پلان وەسفیان کرد. ئەمەش ئەردۆغانی تا رادەیەک تووڕە کردووە

ئەوەی روونە ئەوەیە کە داهاتووی تورکیا نادیارە. هەندێک لە شڕۆڤەکاران دەڵێن ئەم کارەساتە سروشتییە دەبێتە مایەی خێر بۆ ئەردۆغان و لە هەڵبژاردنەکەی ئایاردا سەری دەخات، چونکە لە دوای کارەسات، دەروونی مرۆڤ گۆڕانکاری ناوێت، تەنها دەیەوێت دۆخەکە وەکو خۆی لێ بێتەوە. ئەگەریش ئەردۆغان توانی دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە، ئەوا چانسی بردنەوەی زیاتر دەبێت.
هەندێک لە شرۆڤەکارانی دیکە پێیانوایە کە خودی ئەم کارەساتە سروشتییە، کارەساتێکی سیاسی بۆ ئەردۆغان دەهێنێتە ئاراوە. دەوترێت ئەمجارە ئەردۆغان ناتوانێت قەیرانەکە چارەسەر بکات و خەڵکیش ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ دوورخستنەوەی لە دەسەڵات. 

کاریگەرییە قورسەکەی بوومەلەرزەکە بەسەر هاووڵاتیانی باکووری کوردستانەوە

وتارەکانی نوسەر