شەن و کەو

رێکەوتنی واشنتۆن، ئابووریی عیراق بەرەکوێ دەبات؟

09:01 - 2023-02-16
مستەفا محەمەد
432 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە لەبارەی جێگیرکردنی بەهای دراوی عیراقییەوە گوێمان لە جەختکردنەوەی بەردەوامی پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق دەبێت گوایە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتیدا لێکتێگەیشتنی باشیان هەیەو پلانێکیان داناوە کە خزمەتی هەردوولا دەکات، بەڵام هێشتا بەهۆی کۆنترۆڵ نەکردنی حەواڵەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات گرفتی بانکەکان لەم بارەیەوە چارەسەر نەکراوە، بەهای دۆلاریش لە هەڵکشان و داکشان نەوەستاوە.
ئەنجامی دانوستانەکانی وەفدی عیراقیش لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریکا پێمان دەڵێت واشنتۆن مەرجەکانی روون و راشکاون بۆ رێکخستنەوەی دۆسێی بانک و چارەسەری قەیرانی ناجێگیریی بەهای دۆلار و  بەلایەنی عیراقیشی وتووە لە ماوەیەکی کەمدا ئەو خاڵانەی پابەندیی تەواوەتی بەغدای تێدایە، دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.
مەرجەکانی واشنتۆن زیاتر بۆ رێگرین لە بردنە دەرەوەی دۆلار لە خاکی عیراقەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ کە گرنگترینیان کردنەوەی نووسینگەیەکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمریکایە، وەک لایەنی تایبەتمەندی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی لەبارەی رێگەو شێوازەکانی بردنە دەرەوەی دۆلار، دەقی رێکەوتنەکە باس لەکردنەوەی ئەو نووسینگەیە لە عەمانی پایتەختی ئوردن دەکات تا ورد و دەستکراوە، هەرچی جوڵەی پارە هەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق تۆمار بکات، هەڵبژاردنی ئەو پێگەیەش جگە لە خاکی عیراق مانا و مەغزای خۆی هەیە.
لە راستیدا ئەو بڕیارە پێشتر لە کۆبوونەوەی نێوان پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا دراوە، کە لەدواتردا لە واشنتۆن لەگەڵ وفدی عیراقدا پێداچوونەوەی بۆکرا و هەردوولاش لەسەری رێکەوتوون، ئەمەش لە بچوکترین پێناسەدا واتای کۆتاییهاتنی ئەگەرەکانی حەواڵەکردنی دۆلار «بەشێوەی نەختینە» لەناوخۆی عیراقەوە بۆ دەرەوە دەگەیەنێت! بەجۆرێک لەمەودوا دۆلاری نەختینە سەرجەمی لە «عەمان»دا کۆدەکرێتەوە و لەژێر چاودێریی وردی وەزارەتی دادی ئەمریکادا دەبێت.
 دوا سەرنج بوترێت ئەوەیە ئەگەرچی رێکەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی ئابووریی و بەفیعلی دەبێتە مایەی جێگیریی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار «بێگومان ئەگەر بەغدا پێوەی پابەند بێت»، بەڵام لەڕووی دیبلۆماسیەوە پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ کابینەکەی سودانی ، چونکە رێ و شوێنەکانی ئیدارەی بایدن بۆ کۆت و بەندکردنی تەواوی ئابووری عیراقەو لەهاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا شتێک لە خوار گێڕانەوەی بڕیاری بەندی حەوتەمی‌ بەڵێننامەی‌ نەتەوە یەکگرتووەکانەوەیە کە پێشتر عیراق باجی زۆری لە رووی ئابووریەوە لەسەر داوە.

وتارەکانی نوسەر