پێده‌چێت به‌رژه‌وه‌ندیخوازی و چاوچنۆكی و غه‌ریزه‌ی بوون به خاوه‌نی هه‌موو شتێك، لای مرۆڤ و سه‌ركرده و وڵاتانیش بووبێته خولیایه‌كی هه‌میشه‌یی و دانه‌بڕاوی حه‌زه سه‌ركێشه‌كان، له‌پێناو هێنانه‌دی خواسته‌كانیشیاندا چ ره‌وا بێت یان ناڕه‌وا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر هه‌موو كارێك ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نامرۆڤانه‌ش بێت.
ململانێی تووندی سیاسیی
هه‌ر به‌هۆی حه‌ز و خواسته له‌بن نه‌هاتوانه‌ی مرۆڤه‌وه، جیهان هه‌میشه له‌ململانێی توندی سیاسیی و سه‌ركرده‌كاندایه و پێده‌چێت له سه‌ره‌تای دروستبوونی شارستانێتیه‌كانه‌وه تاكو ئێستا هیچ ده‌یه‌یه‌ك نه‌بوبێت كه جیهان به ئارامی و دوور له جه‌نگ و كاولكاری گوزه‌رابێت، به‌ڵكو هه‌میشه له قوژبنێك یان ناوچه‌یه‌كی جیهان نه‌ك هه‌ر یه‌ك كێشه و ململانێ به‌ڵكو ده‌یان كێشه و ململانێی گه‌رم و سارد هه‌بوون، ململانێ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له نێوانی زلهێزه‌كان، هه‌ر له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریه‌ته گه‌وره و دێرینه‌كانه‌وه تا دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی شارنشین و دواتریش ده‌وڵه‌تی پاشا ره‌هاكان و مۆدێلی ده‌وڵه‌ته كۆمارییه‌كانی دوای شۆڕشی پیشه‌سازی و رۆشنگه‌ری و پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كان هه‌بووه.
ئیدی به ده‌یان جه‌نگی ماڵوێرانكه‌ر له‌نموونه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و جه‌نگی سارد و جه‌نگی ڤێتنام و كوبا و فۆكڵاند و عیراق- ئێران و عه‌ره‌ب – ئیسڕائیل و كۆریاكان و عیراق-كوێت و یۆگوسڵاڤیا و ده‌یانی تریش.
ململانێ بۆ كۆنترۆڵكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه
هه‌موو ئه‌م ململانێیانه‌ش ته‌نها و ته‌نها بۆ كۆنتڕۆڵكردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی هاوشێوه‌ی نه‌وت و غازی سروشتی و كانزا گران به‌هاكان و سه‌رچاوه سروشتییه‌كانی تر و هه‌روه‌ها ئاوی شیرین و دانه‌وێڵه و خۆراك بووه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و گه‌شه و پێشكه‌وتنه پیشه‌سازیه‌كانیان و دواتریش ساغكردنه‌وه‌یان له وڵاتانی هه‌ژار و تازه‌پێگه‌یشتووه‌كاندا، تا یه‌كێتیی سۆڤیەت مابوو وه‌ك رابه‌ری بلۆكی سۆسیالیستی و هاوپه‌یمانی سه‌ربازی وارشۆ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكای رابه‌ری بلۆكی سه‌رمایه‌داری و خۆرئاوا و په‌یمانی سه‌ربازی ناتۆ.
ئێستاش ململانێكان توندن و له گۆڕه‌پانی فراوانی جیهاندا زلهێزه‌كان سه‌رقاڵی پیلانداڕشتنن دژ به‌یه‌كتر و له‌هه‌وڵی نه‌هێشتن و بچووككردنه‌وه‌ی یه‌كتریدان و نموونه‌ی زیندووش هه‌ڵایسانی جه‌نگی ئۆكرانیا- روسیایه كه ئه‌مریكا و خۆرئاوا مه‌به‌ستیان له قاڵبدانی روسیایه وه‌ك ركابه‌ری دێرین و سه‌رسه‌ختی خۆیان.
هه‌رچه‌نده روسیا ره‌نگه توانا و هێزی به‌رگه‌گرتن و به‌رده‌وامیدانی ململانێكانی نه‌مابێت، به‌هۆی سه‌ختی و گرانی خه‌رجی ململانێكانه‌وه و ئابوورییه‌كه‌شی له پاشه‌كشه‌دایه و ره‌نگه رۆڵ و پێگه‌ی رابه‌رایه‌تی خۆرهه‌ڵاتیش بداته ده‌ست چین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا و خۆرئاوادا.
ململانێی ئه‌مریكا و چین
ئێستا ئه‌مریكا و خۆرئاوا سه‌رقاڵی پیلانن دژ به چین كه به‌هه‌مان شێوه هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی کۆمۆنیزم و خۆرهه‌ڵاتییه و نایه‌وێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌لتور و چه‌مكه فكریه خۆرئاواییه‌كان له‌كۆمه‌ڵگای چینی‌دا بچه‌سپێت و ببێته هۆكاری گۆڕانكاری له سیسته‌می حوكمڕانیدا، له‌به‌ر ئه‌وه چین به‌سیاسه‌تێكی نه‌رم و هێواش دوور له‌به‌كارهێنانی چه‌ك و هه‌ڵایسانی جه‌نگی گه‌رم په‌نای بردۆته به‌ر سیاسه‌تێكی نه‌رمی ئابووری و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و هه‌واڵگری و له‌و رێگه‌یه‌وه مه‌ترسی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و خۆرئاوا له‌هه‌موو جیهان و به‌تایبه‌تیش ناوچه‌ی گه‌رم و ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا دروستكردووه، كه ئه‌مریكا به په‌ناگه و به‌شێك له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی دایده‌نێت و رێگه‌ی نه‌داوه هیچ وڵاتێكی زلهێز ببێته تاكه‌ده‌مڕاستی به‌هێز له‌و ناوچه‌كه‌دا كه ته‌نها بۆخۆی قۆرخی كردووه، به‌ڵام چین له میانه‌ی سیاسه‌ت و پلانه ئابووریه‌كه‌ی به‌ناوی (پشتێنه‌ی ئاوریشم) هه‌وڵده‌دات كه‌لتور و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان له 70 وڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا و ئه‌فریقادا بكات كه هه‌موانیان بۆ ئه‌مریكا گرنگن و سه‌رچاوه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌كانی وزه و هێزی پیشه‌سازیین. بۆیه دوای روسیا ئێستا چین بۆته ركابه‌ری یه‌كه‌می ئه‌مریكا له رووی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و ته‌كنۆ‌لۆجی و هه‌واڵگرییه‌وه له جیهاندا. له‌لایه‌ك به هه‌ژموونه گه‌وره وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ی و له‌لایه‌كی تریش هه‌وڵدانی بۆ قۆرخكردنی بازاڕه‌كانی ئه‌و وڵاتانه.
هه‌وڵی له‌قاڵبدانی چین له دوای روسیا
ئێستا ئه‌مریكاش گه‌ره‌كێتی دوای له قاڵبدان و لاوازكردنی روسیا، چینیش لاواز بكات، له‌و رووه‌وه گه‌مارۆی داوه و ده‌ست وه‌رده‌داته كاروباری ناوخۆیی ئه‌و وڵاته، له رێگه‌ی كێشه‌ی تایوان و كۆریای باكوور و ژاپۆن و فلیپین.. هتد. به‌ڵام چینیش بێ ده‌سه‌ڵات و بێ جوڵه نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو هه‌وڵی خۆنزیكبونه‌وه ده‌دات له‌وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌تایبه‌تیش وڵاتانی كه‌نداو، ئینجا میسر و عیراق و دواتریش وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌فریقا و به نیازه وه‌به‌رهێنان به‌بڕی ملیاران دۆلار بكات.
به‌هۆی ركابه‌ری چین و ئه‌مریكاوه، جیهان رووبه‌ڕووی ململانێیه‌كی توندی نێوان ئه‌م دوو وڵاته ده‌بێته‌وه، كه ره‌نگه ده‌یان ساڵ بخایه‌نێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حسابی خاك و گه‌لانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و وڵاته تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه جیهان هه‌م له رووی سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌وه روبه‌ڕووی ئاڵنگاری و مه‌ترسی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه، له دیارده سروشتیییه‌كان، كه ئه‌وه‌ش جیهانێكی تاریك و ته‌مومژاوی و پڕ له‌مه‌ترسی ده‌خوڵقێنێت كه جێگه‌ی ئاشتی و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی تیانابێته‌وه، ئه‌گه‌ر عه‌قڵ و ژیری كۆنتڕۆڵی چاوچنۆكی و غه‌ریزه‌ی كۆنتڕۆڵكردنی هه‌موو جیهان لای سه‌ركرده‌ی وڵاته زلهێزه‌كان جڵه‌وگیر نه‌كات.
ململانێ و رکابەری ئەمریکا و چین لە جیهاندا