چی دەبێت ئەگەر بڵێی نازانم؟

10:42 - 2023-02-19
وتار
252 خوێندراوەتەوە

دەزانم، رۆژانە رووبەڕووی چەندان پرسیار دەبیتەوە، لە قورسترین پرسیارەوە هەتا ئاسانترین پرسیار. بەڵام ئایا ناچاریت وەڵامی هەموو پرسیارێك بدەیتەوە؟ بێگومان نەخێر، پێش هەموو شتێك دەبێت فێربیت یەكسەر وەڵامی هەموو پرسیارێك نەدەیتەوە، بەتایبەتی پرسیارە قورسەكان، پێویستیان بە لەسەر وەستان و نووسینە نەك وەڵامی سەرزارەكی. چونكە هەمیشە وەڵامدانەوە بە نووسین رێك وپێكتر و لۆجیكی ترە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە جورئەتی ئەوەت هەبێت كاتێك وەڵامی پرسیارێك نازانیت بەبێ ئەوەی شەرم بكەیت، رێك و راست بڵێیت: نازانم.
ئیتر ئەم رۆژگارە رۆژگارێك نییە، مرۆڤ هەرچەندە بزانێت، هەرچەندە خاوەنی ئەزموون بێت، هەرچەندە سەری بەسەر كتێبەوە بێت و بخوێنێتەوە، بتوانێت وەڵامی هەموو پرسیارێك بداتەوە. چونكە ئەم رۆژگارە رۆژگاری پسپۆڕییە و هەركەسە دەشێت لە بواری خۆیدا شارەزا بێت و بتوانێت وەڵامی پرسیارەكانی بوارەكەی خۆی بداتەوە. كەواتە مرۆڤ هەرچەندە رۆشنبیر و بلیمەت بێت ناتوانێت ببێتە مەوسوعە و وەڵامی هەموو پرسیارێكی لابێت. بۆیە كاتێك وەڵامی پرسیارێك پسپۆڕیی تۆ نییە، كاتێك لێی نازانیت و تەقەی سەرت دێت، نابێت بكەوێتە ژێر كاریگەری مایك و كامێرا و رۆژنامەنووسی فزولەوە، چونكە هەموو ئەمانە دەشێت چاڵێك بن و دواتر ئابڕووی خۆت ببەیت و ببیت بە گاڵتەچی! 
كاتێك ئاشكرا دەبێت شانت پیاكردووە و لە خۆتەوە وەڵامی پرسیارێكت داوەتەوە، كە بواری تۆ نییە و لێی نازانیت، بەڵام جورئەتی ئەوەت نییە بڵێی: نازانم! چونكە پێت وایە لە شان و شەوكەتت كەم دەبێتەوە. ئەو كاتەی كەسێكی پسپۆڕی بوارەكە گوێی لە وەڵامەكەت دەبێت، یان وەڵامەكەت دەخوێنێتەوە، ئەودەم دەردەكەوێت بەبێ ئەوەی لەو شتە بزانیت چۆن بەناو كەوتوویت، ئەو دەم كەسی پرسپۆڕ و شارەزا گاڵتەی بە عەقڵت دێت، ئەوسا لە شان و شەوكەتت  كەم دەبێتەوە.
هیچ كاتێك درەنگ نییە بۆ فێربوون و ئەزموون وەرگرتن، ئەگەر هەتا ئێستاش سواری سەری هەموو پرسیارێك دەبیت و لە خۆتەوە وەڵامی هەموو پرسیارێك دەدەیتەوە، لە ئێستاوە دەستپێبكە و ئەو جورئەتە لە خۆتدا بچێتە كاتێك وەڵامی پرسیارێك نازانیت راست و رەوان بڵێ: نازانم. ئەم بابەتە چەندە بابەتێكی زانستییە و نیشانەی ئەوەیە باوەڕت بە زانست هەیە و زانستیش پسپۆڕییە، بابەتێكی ئەخلاقیشە، چونكە تۆ كاتێك وەڵامی پرسیارێك نازانیت و دەڵێیت نازانم، ئەوا جەخت لە راستگۆیی خۆت دەكەیتەوە و متمانە بۆ خۆت دروست دەكەیت. بەڵام، كاتێك لە شتێك نازانیت و لە خۆتەوە قسەی لەبارەوە دەكەیت، بە ئاشكرا هاوار دەكەیت راستگۆ نیت و كارەكتەری خۆت دەشكێنیت و ئاستی متمانەی خۆت دادەبەزێنیت. كەواتە ئەگەر بڵێی نازانم، یانی راستگۆیت و خاوەنی كارەكتەر و متمانەیت. ئەگەر واشنەڵێی پێچەوانەكەی راستە.
گەنم محەمەد 

وتارەکانی نوسەر