دیسانەوە میدیا هەڵەی کرد؟!

09:51 - 2023-02-20
نێرگز قادر
322 خوێندراوەتەوە

ئەمجارەش وەک جارەکانی تر راگەیاندن و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی کەوتنە هەڵەیەکی ترەوە کە کاری یەکەمجاریان نەبوو، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە لادانە لە ئیتیکی کاری میدیایی و  کاردانەوەی خراپی دەبێت و کاریگەریی دەروونی خراپ جێدەهێڵێت.
لەم چەند رۆژەدا بابەتی هاووڵاتییەکی ونبووی هەڵەبجە بوو بە باسی میدیاکان و چیرۆکەکەی هەموانی  تاساندووە، بەتایبەت لە کاردانەوەکانی باوکی ونبووەکە جۆرێک لە نیگەرانی لە نێو خەڵکیدا لێکەوتووەتەوە، لەلایەکی تریشەوە دڵخۆشبووین بە ئەنجامی پشکنینەکان.
چیرۆکەکە خۆی لە خۆیدا خەمناکە، هاوڕێ هەر لە منداڵییەوە ئازار و خەم و ناسۆری زۆری کێشاوە، ئێستاش کە خێزانەکەی دۆزییەوە، نەیانهیشتووە هێشتا کەمێک ئاسوودە بێت.
کێ یەکەم لێدوانی لە باوکی هاوڕێ یان روونتر بڵێم باوکی کوردەوان وەرگرت، خراپیی دۆخەکە لە ئەستۆی ئەودایە، ئەویش کاتێک لە بەردەم دادگادا ناڕوونی کەیسێک بڵاودەکەنەوە، بێئاگا لەوەی بابەتەکە چەندە هەستیارە و بێ ئاگاییان لە لێکەوتەکانی ‎بابەتەکە، هۆکاری هەموو ئەوانە بوون کە روویاندا.
میوانداریی‌ گەنجێک و هاووڵاتییەکی بەساڵاچوو پرسیاری ئەوەی لادروست کردم ئایا مرۆڤایەتی هێندە بێ نرخبووە تا لەپێناوی بینەر و لایک و کۆمێنیت ژیانیان هەڕاج بکرێت، من لەبری هاوڕێ هەزارجار وتم: بریا هەر ون ببوایە و نەدۆزرایەتەوە.
ئەو پرسە و هاوشێوەکانی لە بابەتە کۆمەڵایەتی، ئایینی، ئابووری و سیاسییەکان، پێویستییەکی زۆریان نەک تەنیا بە سەلیقەی‌ میدیایی، بەڵکو بەقوڵبوونەوە لە چۆنیەتی پرسەکە و پەیوەستی بڵاوبوونەوەی‌ بە بابەتی ئەخلاقی میدیاییەوە هەیە ‎بابەتێک هێشتا لەلای پۆلیس و دادگا و پزیشک و پشکنینی (DNA)یە، زۆر قورسە بوێریی ئەوەت هەبێت لایەنە ناتەباکانی بابەتەکە روبەڕوی یەکتر بکەیتەوە لەپێناوی گەیشتن بە وەڵامێکی بە بنبەست گەیشتوو یا کۆتایی کە هێشتا لایەنی زانستی و دادوەری پێی نەگەیشتوون و قەزاوەتیش بدەیتە دەست بەکارهێنەرانی‌ تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تا بەهەڵکردنی بای لایک و کۆمێنت و ڤیوەوە بابەت بوروژێنن و بەلاڕێیدا ببەن و ناشیرینی بکەن، ئەمە وێڕای ئەوەی پەیج و میدیاکان بوون بە دادگا و دوایین بڕیار بدەن و لێکۆڵینەوە بکەن.
من ئەو بەرنامانەم لە شێوەی دادگاییەک دەبینی بەڕاستی هیچ پێویست نەبوو برینی چەندین ساڵەی ئەو کوڕە گەنجە بکولێننەوە پێویستیش نەبوو وتەی ئەو پیرەپیاوە کە لەڕووی تەندروستی و دەروونیشەوە هەست بەباشی نەدەکرا نەدەبوو لەوکاتەدا بۆچوونی وەربگیرێت، بەڕاستی کاتی ئەوەیە بە یاسا کاری میدیایی رێکبخرێتەوە، یاسایەک هەبێت تا رێگە نەدات بەمیدیاکانیان لەم جۆرە بابەتانە بوروژێندرێن لەپێناو ڤیو و لایک و کۆمێنتدا.

وتارەکانی نوسەر