هەڵبژاردن لە هەناوی دیموکراسیدا

10:11 - 2023-02-20
بێستون عەلی
393 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن، رۆحی دیموکراسییە، زۆر جار لەژێر ناوی دیموکراسیدا ستەم لە دەنگ و رەنگ و کاریگەری خەڵک دەکرێت و ئاراستە راستەقینەکە بەرەو دەنگدان و نادادپەروەری دەبرێت تاکو تەرازووی هێز و دەسەڵات بکەوێتە دەست کەسێک، یان گروپێک یان لەبەرژەوەندی نەتەوە و پێکهاتەیەکی تردا دەشکێتەوە، ئەم جۆرە هەڵبژاردنە ناتەواوە زیاتر لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست باوە.

بەبێ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، هەڵبژاردن سەرناگرێت

هەرێمی کورستانیش وەک بەشێک لەو عیراقەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  بێ کێشە و کەموکورتی نییە، بەڵکو ئەو گرفت و تێڕوانینەی لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێ ئەوا لێرە خەست تر بۆتەوە، ئەزموونی هەڵبژاردنەکانی رابردوو شایەتحاڵی ئەو جۆرە هەڵبژاردنە پڕکێشە و کەموکورتییە دەدەن کە هەڵبژاردن و دیموکراسی تەنها تابلۆیەکی ریکلامی حزبی سیاسی کوردییە و لەژێر چەندین گرفتی دیموکراسی یاساییدا دەکرێ. 
لە هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک دواخرا، تەمەنی هەرسێ دامەزراوکە درێژکرایەوە، تەنها لەپێناوی رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و ئارام، بەڵام وەک دۆخەکە شرۆڤەی بۆ دەکرێت ئەمجارە حزبەکان دوو جەمسەری جیاوازن.
سەبارەت بە کەمینەکانی هەرێمی کوردستان، هەندێک پێیانوایە کە ئەوان وەک ئێستا کورسی خۆیان هەبێت، زۆرینەی حزبەکانیش پێیانوایە ئەوانەی ئێستا نوێنەری راستەقینەی کەمینەکان نین.
پێویستە یاساکە چاک بکرێت و وابگونجێنرێت کە ئەو کەمینانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن دوور لەکاریگەریی حزبێکی دیاری کراو.
هەڵبژاردن چەند مانگێکی کەمی ماوە، کەچی تائێستا نە پەرلەمان هەمواری یاساکەی کردۆتەوە و نە کۆمسیۆنیش کاراکراوەتەوە.
بۆیە ئەگەر هەنگاوی جدی نەنرێت ئەوا جارێکی تر دەکەونە ژێر رەخنەبارانی یونامی و رای جیهانی بەتایبەتی ئەمریکا، چونکە هەرێمی کوردستان ئێستا لەژێر چاودێرییەکی توندی نێودەوڵەتیدایە و هەموو هەنگاوێک حسابی تایبەتی بۆدەکرێت. 
پێویستە حزبەکان  درک بەوە بکەن کە  خەڵک لە دۆخێکی ناجێگیر دایە، رەواندنەوەی ئەمەش تەنها بە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندیی یەکێتی و پارتی دەکرێت، تا ئەوان گرفتەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا دۆخی دەروونیی خەڵک و بازاڕ سەقامگیر نابێت.
چەندین جارە  لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان داوای هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام هەنگاوەکان زۆر هێواش و بێ کاریگەرن، دەکرێت لەو رووداوانە ئەوەمان بۆ زیاتر روون بێتەوە کە هەرێمی کوردستان لە قۆناغی ساوابوونی دیموکراسیدایە، چونکە دیموکراسی گوزارشت لە کەمێک مافی سادە ناکات، بەڵکو دیموکراسی بە مانا گشتییەکەی دەبێ خەڵک بەشداریی خەڵکی بە گشتی تێدا بێت، بەڵام لەم هەرێمی کوردستانە چەند حزبێک  دەیانەوێت شتەکان، رێک و یاسایی بن و دیموکراسیانە هەڵبژاردنەکە بکرێت و مافی کەسی تێدا نەخورێت و دادپەروەریی و بێگەرد لە رێگەی تۆمارێکی راستەوە تاکەکان بەشداریی بکەن، بەڵام رێگاکە پڕ گرفتە و پێویستی بە دانیشتن و رێکەوتن هەیە.
بڕیار و سەپاندنی هەژموونی حزبێک دۆخەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو بەرەو خراپتری دەبات.
هەرکاتێک زەمینەسازی کراو یاساکانی هەڵبژاردن هەموار کرایەوە و لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا هەڵبژاردن کرا، ئەوا دیموکراسی رێچکەی خۆی دەگرێت و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووش دەبێتە بنەمایەکی گونجاو.

وتارەکانی نوسەر