دیداری یەکێتی و کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە حزبییەکان

12:51 - 2025-03-07
بێستون عەلی
181 خوێندراوەتەوە

بێستون عەلی 

زۆر روون و ئاشکرایە لە هەرێمی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حزبێکی سیاسیی کاریگەر و خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەریی و تێکۆشانە، رەچەشکێنی قۆناغە سەختەکانە، لەگەڵ ئەو رابردووە و رەهەندە سیاسی و مێژووییە شۆڕشگێڕییەی، قۆناغ لەدوای قۆناغ هەنگاوی جددی ناوە بەرەو پێشەوە و لە پرسە سەردەمییەکاندا خۆی گونجاندووە و هەمیشە وەک رێکخراوێکی سیاسی بەهێز‌ بە رێگای نوێ و مۆدێرن خۆی نۆژەن کردۆتەوە.  
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێش پێنجەمین کۆنگرەی خۆیدا، دیدارێکی فراوانی بەست، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی نوێ، کارە سیاسییەکانی ئەنجامبدات، بۆ نموونە، دیداری یەکەم ئەزموونێکی نوێی سیاسی بوو، لە هیچ حزب و  رێکخراوێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و لە عیراق نەکراوە، وەک مۆدێلێکی جوانی کاری سیاسی هاتە ناو کار و بەرنامەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کە رێڕەوی کارەکانی رێکخست و بە پێشنیاز و بیرۆکەی جوانی کادرەکانی ئەو رێبازەی فراوانتر کردووە، بۆتە جێگەی ئومێدێک کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رزگار بکات لەو کۆت و بەندە حزبییانەی زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێوەی گیرۆدە بوون.
 دیدار، کارێکی نوێیە، وا لە کادر دەکات بە رۆحییەتیێکی بابەتیانە بەشدار بێت لە پرس و پرۆسەی سیاسیدا، لە بڕیار و داڕشتنی ستراتیژی نوێی کارکردن، لە دروستکردنی کۆدەنگییەکی بەهێزدا، لە هەنگاونانی نوێدا، لەبەر ئەم هۆکارانە، دیدارەکانی یەکێتی کاریگەریی ئەرێنی و باشیان بەجێهێشتوە و خاڵێکی گرنگی گۆڕانکارییە و وێستگەیەک دەبێت بۆ پێداچوونەوە بە کەموکورتییەکانی ڕابردوو، چارەسەرکردنیان. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە قۆناغی ئیستای ڕێکخراوێکی سیاسی گەنجانەیە بەکۆمەلێک ئەزموونی مێژوویی و کارەکتەری شۆڕشگێڕ وایکردوە بناغەی خۆی لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لە پرسە نیشتمانی و عیراقییەکان خاوەن دیدگاو ستراتیجیەتی کارکردنی خۆیبێت، لەبەر ئەوە هەموو هەنگاوێک لە عیراق دەبێت جارێکی تر بگەڕێندرێتەوە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چونکە دیدارەکانی و هەنگاوە سیاسییەکانی سەرۆک بافڵ و روونیی و راشکاوی مامڵەکردنی، لەگەڵ دیدارەکانی بۆتە هێزێکی حساب بۆ کراو لەسەر ئاستی عیراق. 
دیدارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سنووری مەڵبەندەکانی، ئەوە بۆخۆی گرتنەبەری رێڕەوی راست و رچەشکێنی لە کاری رێکخراوەیی سیاسییە، کاریگەریی زۆر باشی لەسەر دەوروبەر و شەقام بە گشتی هەیە.

وتارەکانی نوسەر