خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیشە وەک ناوچەیەکی گەرمی جیهان، چاوی لەسەر بووە، زۆرجار گۆڕانکارییە جیهانییەکانیش هەر لەم جوگرافیا دیاریکراوەدا روویانداوە، عیراق وەک یەکێک لەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای 2003 وە لەژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە سیاسی و گۆڕانکارییانەدایە و تووشی چەند دۆخێک بۆتەوە کە لە قازانجی دانیشتوانەکەی نەبووە و بۆتە هۆی گرفتی سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبی کە دەرچوون لێی قوربانیی زۆری لیکەوتۆتەوە.
هەرێمی کوردستان، کە بەشێکی گرنگ و بنیادنەری عیراقی نوێیە، ئەو عیراقەی کە سیستمێکی فیدراڵییە، بێبەش نەبووین لە زیانی ململانێی سیاسی و نەتەوەییەکان، بە پێچەوانەوە زۆرترین زیانی گیانی و ئابووریمان لێکەوتووە تا گەیشتووین بەم دۆخەی ئێستا کە دۆخێکە تا ئێستاش جێگیر نییە و بەردەوام لە دڵەڕاوکێی ئەوەداین چۆن دۆستەکانمان جێگیر بکەین و ئەو باوەڕەیان بۆ دروست بکەین کە پێویستە کورد قەرەبووی زیانەکانی بکرێتەوە، چونکە تائێستاش بەشێک لە دۆستە سیاسییەکانمان لەژێر کاریگەریی وڵاتانی ناوچەکەدان بۆ بڕیاردان لە بابەتێک، کە پەیوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە بێت، باشترین نموونەش گرفت دروستکردن بوو بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید.
لە عیراق، لەدوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال-ەوە، هاوسەنگیی هێز تێکچوو، کورد تووشی پەرتەوازەییەک بۆتەوە کە تا ئێستا نەیتوانیوە مافەکانی خۆی وەربگرێت لە پۆستی ناو وەزارەتەکان، لە ناو سوپای عیراق و دەزگاکانی تر، کاتێک کەمینە بیت ئەوا بێگومان لەناو ئیدارەی حکومەتی فیدراڵیدا ناتوانرێت رۆڵ و کاریگەریی کورد باشتر دەربکەوێت، ئەمەش دوو هۆکاری هەیە، یەکەم ململانێی حزبی و دووەمیش کاریگەریی ئیقلیمی. ئێستا گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەکان خێران، لەلایەک هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی ترەمپ و راکردنی ئەسەد لە سوریا و هاتنی ئەحمەد شەرع و باڵادەستبوونی گروپی سوننە و جەنگی غەززە و لاوازبوونی رۆڵی ئیقلیمی لەناوچەکەدا و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و یەکگرتنی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا و رۆڵی ئیسرائیل و پشتیوانیکردنی لە دروزەکان لە سوریا و پاشەکشەی روسیا و ئێران لەناوچەکە و گفتوگۆی ئێران لەگەڵ ئەمریکا، بابەتی گەرمی ناوچەکەن و زۆر هاوکێشە دەگۆڕن، لەبەرئەوە ناکرێت کورد لە هەرێمی کوردستاندا بێدەنگبێت، پێویستە رۆڵی ئەرێنی و ئاشتییانەی خۆی نیشانبدات، زیاتر بەرەو یەک گوتاری و ستراتیجێکی کوردانە هەنگاو بنێت.
لە عیراقیش نابێت هەمیشە وەک میوان رۆڵ ببینینن، وا باشە بە بیری خاوەندارێتیی یان هاوبەشی راستەقینە هەنگاو بنێین، نەک لە دوورەوە سەیری پرۆسەکە بکرێت یان پەرتەوازەبین و داخوازیی میللەتیک بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی حزبی و کەسی.
لەبەر پێشهاتە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکان، دەبێت کورد بەتایبەتی کارەکتەر و سەرکردە سیاسییەکانی، رۆڵی باشتر ببینن و خاڵە لاوازەکان چارەسەر بکەن و لەگەڵ بۆچوونی جیاوازی سیاسییان، یەکگرتوو خاوەن ستراتیژیژێکی بەهێزبن، تا ئەمجارە دەنگی زیاتر و پێگەی بەهێزتر بەدەستبهێنن و دووربکەونەوە لەپەرتەوازەیی و نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا دێنە ئاراوە.