خێزان بۆ ئەندامەکانی چی دەگەیەنێت؟

10:15 - 2023-02-21
چنار عەزیز
501 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە بەها گرنگەکانی خێزان رێزگرتنە ئینجا خۆشەویستی، چونکە بناغەی مانەوەی پتەوی خێزانە. گرنگ نییە چەند بە تەمەنن، چەند گەنجن، شارەزاییان چەندە، لە کوێ دەژین، توانایان چەندە.
کەواتە رۆڵی خێزان لە پەروەردەی منداڵدا زۆر گرنگە، وەک دایەنگە وایە منداڵ وەک مرۆڤێک تیایدا پەروەردە دەبێت و گەورە دەبێت. توانای جەستەیی و رۆحی بە منداڵ دەبەخشێت، خێزان کاریگەرییەکی شاراوەی هەیە لە تەواوی  ژیانی منداڵدا. منداڵانیش بۆ پاراستن و دابینکردنی پێداویستییەکانیان پشت بە خێزان دەبەستن.
دایک و باوک یەکەمین کەسن لە دروستکردنی پەیوەندی منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان و دەوروبەر و کۆمەڵگە، چونکە خێزان بۆ منداڵ وەک ئاوێنە وایە، منداڵان خۆیان لە بەردەم ئەو ئاوێنەیەدا دەبیننەوە و شێوە و هەڵسوکەوت و رەفتار لەو ئاوێنەیەدا لە کەسایەتییاندا رەنگ دەداتەوە.
دایک و باوک لە یەکەم ساڵی تەمەنیاندا تا گەورە دەبن مامۆستای یەکەمی منداڵەکانیانن، فێریان دەکەن چۆن شارەزایی شکست و سەرکەوتنەکانی ژیان بن، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕین له دروستکردنی متمانە و دڵنیایی لەلای منداڵ کاتێک ئامادەی چوونە قوتابخانەن، منداڵان کاتێک فێری کۆڵنەدان و گەشە دەبن، کە دایک و باوکان بتوانن بە شێوەیەکی ئەرێنی گەشە بە تواناکانی خۆیان بدەن.
شێوازی هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ منداڵدا، شێوازی هەڵسوکەوتی منداڵ پیشان دەدات لەناو کۆمەڵگەدا، پەروەردەی توندی خێزانی کەسایەتییەکی بێ ئیرادە دروست دەکات لەناو کۆمەڵگەدا، کەسایەتییەکی سەرلێشێوا و دوورەپەرێز دەبێت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا.

وتارەکانی نوسەر