ئەنفالی دۆڵی جافایەتی

10:28 - 2023-02-21
ئارام هەڵەدنی
534 خوێندراوەتەوە

گەلی كورد بە درێژایی مێژوو چەندینجار رووبەڕووی جینۆساید بۆتەوە، كەم ناوچەی كوردستان هەیە بەر گرتن و راگواستن، بۆردومانی تۆپ و فڕۆكە، كیمیایی، تاوانی ئەنفال و هەوڵی لەناوبردن نەبووبێتەوە. هەموو ئەوانەش دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. ئەنفال پڕۆسەیەكی جینۆساید بوو  بۆ لەناوبردنی گەلی كورد بە تەواوی شوناسی  سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی و دەروونی و دیمۆگرافیاوە. ئەنفال هەموو رەگەزەكانی جینۆساید لە خۆدەگرێت.
مێژووی کۆمەڵکوژی لە دژی کورد
باشووری كوردستان زۆرترین تاوانی بەرامبەر كراوە، دامركاندنەوەی شۆڕشی شێخ مەحمود و  شۆڕشی ئەیلول، جینۆسایدی كوردانی فەیلی، بۆمبارانی هەڵەبجە و قەڵادزێ لە ساڵی 1974 و راگواستنی دانیشتوانی گوندەكانی سەرسنوور و ناوچە نەوتییەكان لە كۆتایی حەفتاكان، ئەنفالی بارزانیەكان لە ساڵی 1984 ، كیمیابارانی هەڵەبجە و دۆڵی جافایەتی و گۆپتەپە و بالیسان و زۆر ناوچەی تر و ئەنفالكردنی نزیكەی 200 هەزار هاووڵاتی سڤیلی كورد لەسەردەستی رژێمی بەعس.
 ئەنفال
ئەنفال هەوڵێك بوو بۆ تێكشكاندنی دابونەریت و كەلتوری نەتەوەیی و شێواندنی دیمۆگرافیای كوردستان و بێ ئەرزش بوونی بەهای مرۆڤایەتی.  جینۆساید چەندین جۆر لە خۆدەگرێت: جەستەیی و بایەلۆژی، واتە رێگرییكردن لە پێشكەوتن و لەدایك بوون و زیادبوون. كەلتوری، واتە قەدەغەكردنی زمان، وێرانكردنی ژینگە و جێگە و شوێنەوارەكان و گوند و شارەكان. ئابووری، واتە تێكدانی سەرچاوەكانی ژیان و گەمارۆدان و بەربەست لە خستنە رێگەی بەرهەمهێنان.
تاوانی ئەنفال زنجیرەیەك پەلاماری سەربازی چڕوپڕ بوو، بە هەشت قۆناغ لە مانگی شوباتەوە تا مانگی ئەیلول،هەموو باشووری كوردستانی گرتەوە.
پڕۆسەی ئەنفالی یەک
پڕۆسەی ئەنفالی یەك  سنووری دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری  گرتەوەو زیاتر لە مانگێكی خایاند، لە 18ی شوباتی 1988 تا 19 ی ئازاری هەمان ساڵ. دەستپێكی پەلاماری رژێمی بەعس بوو بۆ ناوچە كوردییەكان، شاڵاوێكی فراوان و گشتگیر بوو لە هەموو لایەكەوە فۆكس خرابووە سەر ناوچەكە، بۆئەوەی كەس دەربازی نەبێت و بە ئاسانی بگیرێت و ورەی هێزە هیلاكەكەی كە ماوەی هەشت ساڵ بوو لە جەنگی دژی ئێراندا بوو، بەرز بكاتەوە. 
لێرەوە پەیام بگەیەنێت بە هاووڵاتیانی كوردستان، كە هەموو كوردستان داگیر دەكات و دەست لە هیچ ناوچەیەك و شتێك ناپارێزێت. بۆ ئەم مەبەستە لە پێگەی سەرەكی قەزا و ناحیەكانی (دوكان ، بنگرد، سورداش، سەرچنار، چوارتا، قەڵاچوالان)ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، واتە خۆرهەڵات و باشوور و خۆرئاواوە، هێرشی كردە سەر ناوچەكە تەنها لای باكوور مابوو كە سنووری بە ئێرانەوە بوو. هێزی پێشمەرگەی كوردستان ماوەی یەك مانگ، بەرگری سەختیان كرد توانیان پڕۆسەكە دوابخەن،  هەرئەوەش بووە هۆی دەربازبوونی بەشێكی زۆری دانیشتوانەكە و رزگاربوونی بەشی زۆری هاووڵاتیان. 
ناوچەی شۆڕش
لەو شاڵاوە بەرفراوان و بەهێزەدا، کە بە پێشكەوتووترین چەكی ئەو سەردەمە و جەیش و جاشێكی زۆر بۆ لەناوبردنی دانیشتوانی دۆڵی جافایەتی بەكارهات، بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە پێگەی بەرگریی و گوشار لەسەر رژێم، لای رژێم وا وێنا كرا بوو، سیمبوڵی بەرگریی و پەناگەی هێزی پێشمەرگە و دڵسۆزی كوردو كوردستان ئەو ناوچەیەیە. سەركردایەتی یەكێتی و بارەگای بەشێك لە حزبە كوردیەكان لەو ناوچەیە بوون، لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە، ویستی سەدام بوو كە ناوچەكە خاپوور بكات و جارێكی تر گەلی كورد بیر لە شۆڕش و كوردایەتی نەكاتەوە. 
ئامادەسازی بۆ پەلاماردان
بۆیە ئامادەسازی زۆری بۆ كرد بە بەرنامەیەكی  ستراتیجی و شۆڤێنیانە پلانەكەی جێبەجێكرد، لەو پێناوەشدا پێش دەستپێكردنی هێرشەكە بۆ ئەو ناوچەیە، هەندێك لە ئەندامانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەگەڵ سەركردەی فەیلەقی یەك و پێنج، سەردانێكیان بۆ ناوچەكە كرد بە مەبەستی داڕشتنی دوا نەخشە كە چۆن و بەچ شێوەیەك سەركەوتوو دەبن لە پڕۆسەكەدا.
لە كۆتایی مانگی كانونی دووەم و سەرەتای مانگی شوباتی 1988 هێزێكی یەكجار زۆر لە دەوروبەری دۆڵی جافایەتی كۆكرایەوە، بەتایبەتی لە بناری گۆیژە كە دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی سلێمانی و باشووری خۆرهەڵاتی دۆڵی جافایەتی، كارێزە، دەشتی مەرگە، كە دەكەوێتە خۆرئاوای دۆڵی جافایەتی و سورداش. هەر لەهەمانكاتدا سەربازگەكانی  سەلام و سارداو، پڕ هێزو چەك كران و  چادر بۆ سەربازگەكان هەڵدراو چەندین كەتیبە ، تۆپخانە و تانك و چەكی قورس ئامادە كرا بۆ پەلامارەكە.
بە مەبەستی سەركەوتن لە پڕۆسەكە، رژێم بە بەرنامە خۆی بۆ پڕۆسەکە رێكخست و لە رۆژانی  8.7.6/2/1988  سوپا گەورە و زەبەلاحەكەی، ئابڵوقەی ناوچەكەی دا لە شوێنی دیارییكراو دواتر لە چەندین قۆڵەوە هێرشێكی بەرفراوانیان دەستپێكرد.
قۆڵی یەكەم
لەڕێگەی سەرەكی كارێزە بەرەو گوندی گاپیڵۆن، لەوێشەوە هێزەكەیان بوو بە سێ‌ بەشەوە:
1/ گاپیڵۆن، بۆ سەر زنجیرە شاخی هێلانە بەراز و شاخی سوور و گوندی گەڕەدێ‌ و گەورەدێ‌. 
2/ گاپێڵۆن، بۆ گوندەكانی باڵخ و وڵاغلو و شاخی گۆجار.
3/ گاپیڵۆن، بەرەو شاخی خەجەلەرزۆك.
قۆڵی دووەم
لە دۆڵە رووتەوە بەرەو گوندی قزلەر لەوێ‌ هێزەكەیان كرد بە دوو بەشەوە بەم شێوەیە:
1/ گوندی قزلەر، بەرەو كەڵكی قزلەر.
2/ گوندی قزلەر، بەرەو شاخی یاخیان و لوتكەی چیایەر بەرامبەر زێوێ‌.
سەرپەرشتیاری ئەم دوو قۆڵە موقەدەم  عارف حسێن محەمەد  بوو.
قۆڵی سێیەم
لەسەر جادەی سورداشەوە بەرەو زێوێ.
قۆڵی چوارەم
لەسەر جادەی سورداشەوە بۆ قوڵە پوشین، قوڵە سەوز، كلكەی سپیلك، لەوێشەوە بەرە گوندی شەدەڵە.
  قۆڵی پێنجەم
لە سەرجادەی دوكانەوە بۆ ناحیەی سورداش و هۆمەرقەوم و شەدەڵە، شاخی دابان.
قۆڵی شەشەم
لەسەر جادەی دوكانەوە بەرەو گوندی قەمچوغەی كۆن، گوندی سەرمۆرد.
قۆڵی حەوتەم
لە قەرەسردەوە بەرەو گوندی قەڵەمپاشا ، كڵاوسپی.
قۆڵی هەشتەم
لە جادەی بنگردەوە بۆ گوندەكانی هەنجیرە، شارەستێن، سێدەر، دۆڵەبی ، هەوارەبەرزە.
قۆڵی نۆیەم
لە بنگردەوە بەرەو ئاوەژێ‌، چنارنە، سیروان.
هەردوو قۆڵی هەشت و نۆ لەلایەن عەمید روكن  سوبحی فازیل جێگری  فەرماندەی فەیلەقی پێنجەوە سەرپەرشتی دەكرا.  
هێرشێکی بەرنامە بۆدارێژراو
هێرشەكە زۆر بە بەرنامە و فراوان رێكخرا بوو، وەكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی زلهێزی بەرامبەر خۆی بكات. سەرپەرشتیاری هێرشەكە  لیوار وكن سوڵتان هاشم ئەحمەد  بوو ناوبراو زۆر شارەزای ناوچە كوردستانییەكان بوو، چونكە لەوکاتەوە کە لە پلەی ملازمدا بووە، راژەی سەربازی لە ناوچەكانی كوردستان جێبەجێکردووە. فەرمانی سەرپەرشتی كردنەكەش لەلایەن سەرۆكی ئەركانی سوپا  نزار خەزرەجی  و یاریدەدەرەكەی  حسێن رەشید ەوە پێی سپێردرا.
هێزەكان كە بەشداربوون لە ئەنفالی یەكدا بریتیبوون لە :  60  فەوج و دەیان فەوجی سوك و مەفرەزەی تایبەت، جگە لە دەیان كەتیبەی تۆپخانەی 130ملم و 150ملم کە عەمید  عەلی حسێن مزعەل  فەرماندەی هێزەكانی  بدر الكوبرا  تەنها لە ئەنفالی یەكدا، شەش مەدالیای  بەخشی.

مۆنۆمێنتی ئەنفالی دۆڵی جافایەتی

وتارەکانی نوسەر