گمۆ

دەنگی بەرزی چەكی خێڵەكان

09:55 - 2023-02-22
فەرید دڵشاد
177 خوێندراوەتەوە

ئەگەر جاران هەڵگرتنی چەك لای خێڵەكانی عیراق تەنها لە گوندەكان باو بووبێت، ئێستا بۆتە دیاردەیەكی شارستانی و لەناوجەرگەی شارەكاندا هەڵگرتنی چەك وەك شانازییەك دەبینرێت، لە كۆندا خێڵەكانی عیراق كاتێك چەكیان هەڵدەگرت بۆ پارێزگاریكردن بوو لە خۆیان دژی ئاژەڵی دڕندە و پاراستنی مەڕ و ماڵاتیان، بەڵام ئێستا چەكی دەستی خێڵەكان هەر رۆژە و بنیادەمێكی بێ تاوان خەڵتانی خوێن دەكات. 
لە كۆندا خێڵەكانی عیراق لەسەر وشتر و ئەسپەكانیان تەنیا چەكی سووكیان پێ بوو وەك تاپڕ، بڕنەو یان مزەلییەكی ژەنگاوی..هتد، بەڵام ئێستا دۆشكە، بیكەیسی، ئارپیجی و ئێم فۆڕ و چەندین چەكی پێشكەوتوو بەسەر لاندكرۆزەر، میگ زەمینی و تاهۆ جامڕەشەكانیانەوە دەبینرێت، لە كۆچە و كۆڵانەكانی شار عەرزی عەزەڵات دەكەن. 
چەكی بێ مۆڵەت لە بازاڕەكانی عیراق زۆر بە ئاسانی دەست دەكەوێت، بەنرخێك دەفرۆشرێت هەموو كەسێك دەتوانێت بیكڕێت، لە ماڵەكاندا وەك هەر كەلوپەلێكی ئاسایی چەك دەبینرێت، لەوەش خراپتر هەمیشە پەنجە لەسەر پەلەپیتكەكانە، زۆرجار لەسەر قڕەقڕی دوو هەرزەكار،  پڕیشكی ئاگر لە نێوان دوو خێڵ لە ناوچەكە دەكەوێتەوە، دەیان دایك و باوك جەرگ سووتاو دەبن، هەندێكجار قوربانییەكان ژن و منداڵی بێ تاوانن. 
دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت لای خێڵەكان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ كۆنتڕۆڵنەكردنی لەلایەن حكومەتەوە، بەتایبەت لە دوای ساڵی 2003 چەكێكی زۆر كەوتە دەست هاووڵاتیان، ئێستا چەكی دەستی خێڵەكان هێندە زۆر بووە لە كۆنتڕۆڵی حكومەت دەرچووە، هەر سەرۆك خێڵێك بۆ خۆی بۆتە خاوەنی فەوجێكی بەهێز، سەرچاوە ئەمنییەكانی عیراقیش چەكی دەستی خێڵەكان بە 7 ملیۆن و 600 هەزار پارچە چەك مەزەندە دەكەن. 
هەروەها پێكدادانی نێوان خێڵەكان رووی لە هەڵكشان كردووە، زۆربەی جار لەسەر كێشەی زەوی كشتوكاڵی و پشكی ئاو و كێشەی كۆمەڵایەتییە، هەندێكجاریش بۆ دەستدرێژیكردنەسەر كۆمپانیاكان بەتایبەتی كۆمپانیاكانی نەوت چەك بەكاردەهێنن، شارەزایانی سەربازیی هۆشداریی دەدەن لە مەترسی پشتگوێخستنی دیاردەكە، جگە لەوەی هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی كۆمەڵایەتی، هاوكات رەنگە هەڵگەڕانەوەی خێڵەكانی دژ بە دەسەڵات لێبكەوێتەوە. 
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی كاروباری خێڵەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا تاكو مانگی تەموزی 2022،  نزیكەی 2500 ناكۆكی و پێكدادانی چەكداری نێوان خێڵەكان یەكلاییكراونەتەوە، بەجۆرێك لەماوەی ساڵێكدا تەنها لە پارێزگای بەسرە زیاتر لە 200 پێكدادان لە نێوان خێڵەكان روویداوە و بەهۆیەوە 300 قوربانی لێكەوتۆتەوە.
پارێزگاكانی باشووری عیراق بەتایبەتی بەسرە، زیقار، میسان، واست، ناسریە،  ئەو پارێزگایانەن كە زۆرترین جار شەڕ و پێكدادانی چەكداری لە نێوان خێڵەكاندا روودەدات، زۆرجار شەڕەكە هێندە سەختە ماوەی چەند رۆژێك دەخایەنێت، هەندێكجار هاووڵاتیان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان  داوای جێگیركردنی هێز دەكەن.
هەرچەندە لە كارنامەی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانیدا باس لە كۆنتڕۆڵكردنی چەكی بێ‌ مۆڵەت كراوە، بەڵام بەوتەی چاودێران ئەو بەڵێنە تەنها لەسەر كاغەز دەمێنێتەوە، چونكە دیاردەكە دەردێكە دەرمانی نییە و پێكەوە ژیان لە عیراق گۆڕاوە بۆ رق و كینە.

وتارەکانی نوسەر