تەقە و قاقا: (20)

جەماللاغای دۆندار

10:26 - 2023-02-22
رەهبەر سەید برایم
327 خوێندراوەتەوە

خۆش جەمالاغا لەو قسەو وتار
وای رادەوەشاند، بـە فشە، پەلار

جەمالاغای عەباساغای ساڵحاغای غەفوری ناسراو بە جەمالاغای دۆندار، ئەو زاتە خۆشە، نەشێت بوو نە عاقڵ، بەڵام بەزمی وای دەنایەوە سەربەقوڕی بە پێكەنین دەهێنا، كە هەردوو دەستی لەبن گوێی خۆی دەنا یەك بەخۆی دەینەڕاند و وتاری دەدا و لاسایی بێژەرە پڕ حەماسەتەكانی ئێستگەی گەلی كوردستانی دەكردەوە، دەیگوت: تۆڵە بەسەبرە، ئەمما بەزەبرە، قەیسەریان لێ دەكەینە كونە مشك، چەندین بروسكە و چالاكی پێشمەرگانی دەخوێندەوە لەپەنا ئەو قسە و بروسكە و  وتارانەیدا، پلاری وای رادەوەشاند كە مانا بدا، كە تەنگاویان دەكرد ئەوە چیت گوتووە یەكسەر ناسنامەی دەردەهێنا و دەیگوت تەماشای بكەن نووسراوە (موخەبەڵ)ئەمن شێتم بەڕەسمی، لێم ناگیرێ! جەمالاغای دۆندار خەڵك و پێشمەرگە خۆشی دەویست و دەوریان دەدا و بەرنەدەكەوت، لە قسەو وتار و پەلاری وەڕس نەدەبوون!.
كە چالاكی پێشمەرگانە وەك ئێستگە دەخوێندەوە، خەڵك و پێشمەرگەی خڕ دەكردەوە حەماسەتی دەخوڵقاند، شەهیدی وای نا دەهێنا لەناو یەكێتی، كەم كەس لەبیری مابوو نەیاندەزانی ئەو شەهیدانە كێن؟ وەك شەهید سولاقە، كڵاشینكۆفەكەی یەك لاقە، شەهید شەریف بەرەكەیی، جاربەجار بۆ بەزم و خۆشی ناوی پێشمەرگەی زیندووی بە شەهید ناو دەهێنا، جەمالاغای دۆندار لە دایك بووی 1951 بوو ژنی هەر نەهێنا بوو، بەرەبەنی دەژیا لە دۆندار ماینێكی چاكی هەبوو، دوایی فرۆشتی، پاش ماوەیەك پەشیمان بۆوە و دەیگوت: چۆن ماڵی خۆم وێران كرد، ئەی درێغ بۆ ماینە كوێت!!
جەمالاغای دۆندار بە قەستی بێ یان بەڕاستی بە پێشمەرگەی رادەبوارد و كڵاوی لەسەر دەنان و تاقی دەكردنەوە، پێشمەرگەش حەزیان پێدەكرد بەقسەكانی، وتارەكانی، بروسكەكانی، پلارەكانی، دەپچڕان لە پێكەنینان، جەمالاغای دۆندار زمانی رەوان نەبوو، پێشمەرگەیەك ناوی مەمدوح بوو پێی دەگوت (متوح)بە پێشمەرگەیەكی دیكە كە ناوی (بەهمەن) بوو، ئەو دەیگوت (بەمهەن)، هەر پێشمەرگەیەك خوشكێكی جوانی هەبوایە، جەمالاغای دۆندار زۆر بە پەرۆش و ماندوونەناسانە كارەكانی بۆ دەكرد، نامە و راسپاردەكانی بۆ ناو شار دەبرد، گەر وانەبوایە جنێوێكی تێ دەسرەواند و جارێكی دیكە ئیشەكەی بەجێ نەدەگەیاند.
جەمالاغای دۆندار، لەناخی دڵەوە پارتی خۆشدەویست، چونكە پورزا گرووك خاڵی بوو، فەرماندەكی دیار و ناسراو بوو، جا جەمالاغای دۆندار بەهۆی خاڵ و خزمایەتی و باوەڕەوە هەر پارتی دەیویست، كە شەڕی ناوخۆ بوو نێوان یەكێتیی و پارتی زۆربەی پێشمەرگەكانی تیپی 93ی كۆیەی سەر بە (ی.ن.ك)لە دەشتی كۆیە لە گوندی (دۆندار)بوون، جەمالاغا هاتە ناو پێشمەرگەكان گوتی بزانم دەستان راستە، لە نیشانە دەدەن، كەچە پێڵاوێكی لاستیكی لە پێبوو دایكەند و كردیە نیشانە، چی پێشمەرگە بوو یەك بە یەك تەقەیان دەكرد، لە نیشانە و لە كەچە پێڵاوەكەیان دەدا، پێڵاوی لاستیك چەند مەترێك بەرز دەبۆوە، جەمالاغا پێڵاوەكەی دادەنایەوە، دەیگوت: لێتان نەداوە، تومەز كەچە پێڵاوی لاستیك جێ گوللەی پێوە دیار نابێ و لاستیكە وێك دێتەوە، شوێنەواری گوللەی لێ بەدەرناكەوێ، دوایی ئاشكرا بوو جەمالاغای دۆندار بەفێڵ وایكردووە، تا فیشەكیان پێ نەمێنێ و شەڕی براكوژی پێ نەكەن، دەیگوت: پێشمەرگەی یەكێتیی گوللەی پێ بمێنێ و بۆ ئەوەی شەڕی پێشمەرگەكانی پارتی نەكەن، مەخزەنیان بەتاڵ بێ!

وتارەکانی نوسەر