یەك وشە !

10:04 - 2023-02-23
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
283 خوێندراوەتەوە

لەو دەمەدا تەواوی ئەوروپا بەدەست كێشەی نایەكسانی و نەبوونی یاسا و سەردەمە تاریكەكانی خۆیەوە دەیناڵاند و سیستمی سیاسی و دینی وڵاتانی ئەوروپا وەك ئێستا یەكسانی بۆ تەواوی هاووڵاتیانی كۆمەڵگە جیاوازەكان دەستەبەر نەكردبوو، شەپۆلێك لە رەخنە و نووسین و داواكاری، تەواوی ئەوروپای گرتەوە بەناوی «یەك وشە»!، ئەم یەك وشەیە لە رووخساردا كەم و لە مەبەست و پەیامدا گەورە و فرەكاریگەر بوو، ئەویش مەبەست لێی وشەی «یاسا» بوو. لە پێناو ئەم یەك وشەیەشدا نووسەران و رۆشنبیرانی ئەوروپا چەندین كتێبیان بڵاوكردەوە و لە شارەكانی ئەوروپاشدا دروشمیان بەرزكردەوە بۆ یاسایەك كە بۆ تەواوی هاووڵاتیان بێت، نەك بۆ سەرۆك و هێزی تایبەت و (مەبەستی دینی پرۆتستانت و كاسۆلیك و حوكمی كڵێسا و دادگاكانی پشكنین) بێت.
نەبوونی ئەم «یەك وشە»یە، لە كۆنەوە بۆ ئێستای زۆرێكی كۆمەڵگەكان، چارەسەر نەكراوە و بەردەوامیش كێشەیەكی جەوهەری مرۆڤە بەتایبەت مرۆڤی خۆرهەڵاتیی. لە كۆمەڵگەی كوردیشدا كە خاڵی هاوبەشمان زۆرە لەگەڵ كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییەكان، هەمان كێشەی «یەك وشە _ یاسا»مان هەیە، یاسا لەم كۆمەڵگەیەدا، لەلایەك نەیتوانیوە یەكسانی بۆ تەواوی كۆمەڵگە دەستەبەر بكات، لەلایەكی دیكەشەوە نەیتوانیوە خۆی لە بێلایەننەبوون و بڕیارە سیاسییەكانی كەس و حزبی سیاسی بپارێزێت و وەك هێزی رێكخستنی كۆمەڵگە و دەستەبەركردنی مافە گشتییەكان بەشێوەیەكی یەكسان دەربكەوێت.
ئەم كۆمەڵگە خۆرهەڵاتییانەی كە كێشەی گەورەیان لەگەڵ نەبوونی «یاسا» هەیە، بۆ چەندین سەدە لە رەوتی یەكسانیخوازیی جیهانی و دەستەبەركردنی مافی تاكەكان بە گشتی دواكەوتووە، چونكە دادگاكان تەنها ئەو ناوە بێكاریگەرە بوون كە لە زۆرێكی سەردەمەكانی دواكەوتوویی ئەوروپا بەناوی «دادگای پشكنین» هەبوون و لە زۆرێكی سیستمە دیكتاتۆر و داخراوەكانیشدا لە خۆرهەڵاتدا وەك «دادگای سەورە» و «دادگای دەوڵەت» و «دادگای لێپرسینەوەی گەل» و .. هتد، ناویان هەبووە و بەڵام دواجار دادگایەكی خاڵی بوون لە سەربەخۆیی و بێلایەنی.
ئەوەی كۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی لە كۆمەڵگەی خۆرئاوایی جودا دەكاتەوە لە رووی «یاسا»وە ئەوەیە، خۆرئاواییەكان دابڕانێكیان كرد لەنێوان «دەستێوەردانی كڵێسا و پیاوانی دینی ئەوروپی» لەگەڵ «یاسا»، ئەم دابڕانە بە مانای گەڕانەوەی سەربەخۆیی بوو بۆ یاساكان و جێبەجێكردنی بوو بە شێوەیەك كە هیچ مرۆڤێك لەسەروو یاساوە نەبێت، بەڵام بە ئێستاشەوە خۆرهەڵاتییەكان لێنەگەڕاون دادگا «یاسا» دەسەڵاتی سەربەخۆی خۆی جێبەجێ بكات و لە سەروو دەسەڵاتی حزب و كەسەكانەوە بێت، بۆیە زۆرجار دەبینین لە ناوچە جیاجیاكانی خۆرهەڵاتدا یەك كەس یان یەك حزبی سیاسی، دادگا بە ویستی خۆی دەجوڵێنێت بۆ مەرامە تایبەتەكانی خۆی.
ئۆپشنی لۆژیكی، لەنێوان فۆرمی خۆرهەڵاتی و خۆرئاوایی ئەم یەك وشەیەدا «یاسا» ئەوەیە، چ بەرەیەك توانیویەتی بەرهەمی سەربەخۆییبوون و  هێزی باڵای دادگا و یاسا بباتەوە؟
بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە وێنە گشتییەكەی سیستمی سیاسی هەر وڵاتێكەوە، هەر بڕوابوونێك بە سەربەخۆیی دادگا و بڕیارە یاساییەكان، واتە بڕوابوون بە ئازادی رەخنە و ماف و بڕیارەكانی دادگا و یاساكان، بەواتایەكی دیكە لە سیستمی دیكتاتۆریی و داخراوی موحافیزكارانەدا، هەرگیز دادگایەكی سەربەخۆ و بێلایەن بەرهەم نایەت بەرگری لە ئازادیی رەخنە و مافەكان وەك یەك بكات، ئەمەش وایكردووە كە زۆركات دادگاكان هێزی پشتەوەی دەسەڵات بن بۆ بێدەنگكردنی دەنگە ناڕازی و بڵندەكان و هەندێك لەو بڕیارانەشی دادگاكان دەریدەكەن لە بەرژەوەندیی یەك ئیمام و سەرۆك و حزب بێت، وەك ئەوەی زۆرجار لە زۆنێكی هەرێمی كوردستان و خۆرهەڵاتیشدا دەیبینین.

وتارەکانی نوسەر