یاسای دابەشکردنی خۆراک هەموار بکرێتەوە

09:36 - 2023-02-26
هیوا محەمەد
142 خوێندراوەتەوە

ماوەیەکی کەم نییە کە پێمان ناوەتە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵییەوە و کۆتاییمان بە رژێمی بەعس هێناوە، بەڵام زۆرن ئەو هەنگاوانەی کە دەبوا ئێستا بواری جێبەجێکردنیان تێپەڕاندایە و خەڵک لێی سوودمەند بوونایە.
خزمەتگوزارییەکان کە تێیاندا دابینکردنی سووتەمەنی، کارەبا و تەدروستی و دەرمان و رێگاوبان، لەسەرەتاییەکانن و بەدوایدا نەهێشتنی بێکاری و دانانی بیمەی کەسێتیی کۆمەڵایەتی لە بێکاریی و  پەککەوتەیی، رێکخستنی کاروباری بانکەکان و بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەکانی بۆ هاووڵاتییان، هەریەک لەمانە دەبوا لانیکەم لە 10 ساڵی رابردوەوە دەستەبەر بکرابایە.
ئەوەی باوە لای هاووڵاتییان سەبەتەی خۆراکی مانگانەیە کە پێیدەڵێن  (بائیع) و لە مێژە لە عیراقدا هەیە و کەم تا زۆر مانگانە دابەشدەکرێت.
دەکرا لەبری ئەو بڕە خۆراکە، کە وەزارەتی بازرگانی لە ئەستۆی گرتووە و فەرمانگەی تایبەتی بۆ تەرخانکراوە بە خەرجێکی زۆرەوە، بکرێتە بڕە پارەیەک و لە رێگەی بانکەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی هەر خێزانێک، بەمەش خەرجێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت و دەتوانێت لە بوارێکی تردا بەکاریبهێنێت، چونکە تێچووی گواستنەوە و دابەشکردنی ئەو سەبەتەی خۆراکە زیاترە لە نرخی کڕینەکەی.
 سەرەڕای ئەوەش پێویستە پێداچوونەوەیەک بە یاسای دابەشکردنی ئەو سەبەتەی خۆراکەدا بکرێت، بەجۆرێک کە ئەوانەی ئاستی داراییان بەرزە ئەو بەشە خۆراکەی مانگانە نەیان گرێتەوە.

تێچووی گواستنەوە و دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک زیاترە لە تێچووی کڕینەکەی

 ئەگەر لە عیراقدا ژمارەی دانیشتوان وەک دەووترێت42 ملیۆن کەس بێت، بەپێی زانیارییەکان دەتوانین بڵێین نیوەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە ئاستی داراییان لەسەرووی باشەوەیە و پێویستیان بەو بڕە خۆراکە نییە.
گریمان حکومەت مانگانە 10 ملیۆن دۆلار خەرج دەکات بۆ کڕینی ئەو خۆراکانە و دابەشی دەکات بە سەر 42 ملیۆن کەسدا، بەڵام ئەگەر لەوانەی ببڕێت کە پێویستیان پێی نییە، ئەوا نیوەکەی تر سوودمەند دەبن لە مادەی خۆراکیی دیکە و بڕی زیاتریش، چونکە ئەوکات هەمان ئەو 10 ملیۆن دۆلارە خەرج دەکرێت بۆ نیوەی خەڵکی عیراق.
بەم پێیەش ئەگەر بۆ هەر کەسێک یەک لیتر زەیت بدەن، لەدوای ئەو چاکسازییە دەبێتە دوو دانە و مادەکانی دیکەش زیاد دەکەن.
لە هەندێک وڵاتی ئەوروپا، هاوکاریی دارایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەدەن بەو خێزانانەی بێکارن، ئەوانەی داهاتی مانگانەیان کەمترە لە پێویست، ئەمە لە رێگەی رێکخراوی سۆشیالەوە دەبێت کە سەر بە شارەوانی شارەکانە. 
خێزانەکان دوای تێپەڕینینان بە چەندین لێکۆڵینەوە لەگەڵ نوێنەری سۆشیال و گەیشتنیان بەو قەناعەتەی کە خێزانەکە پێویستی پێیەتی، ئەوجار بڕیار لەسەر خەرجکردنی دەدەن و ماوەی بۆ دیاری دەکەن، لەو ماوەیەدا کە ئەو هاوکارییە وەردەگرن، هانیشیان دەدەن کە باری داراییان باش بکەن بە دۆزینەوەی ئیش بۆیان یان بەشداری پێکردنیان لە خولەکاندا بۆ فێربوون و چوونە سەر ئیش.
لە هەندێک لە شارەوانییەکان، ئەوانەی سوودمەند دەبن لە هاوکاریی بێکاریی، لەو ماوەیەدا نابێت خاوەنی ئۆتۆمبیلیش بن، ئەگەر بزانن هەیەتی بڕی ئەو پارەیەی لێدەبڕن کە دەکاتە نرخی ئۆتۆمبیلەکە، لەمەدا پێیان وایە ئەگەر ئەو پێویستی بە هاوکاریی بێت، نابێت توانای کڕینی ئۆتۆمبێلی هەبێت، کەچی لە وڵاتی ئێمە خێزانی وا هەیە کە بەشە خۆراکیان دەدرێتێ، رەنگە تەنها نرخی ئۆتۆمبیلەکانیان دەیان هەزار دۆلار بێت و لەبەرامبەریشدا خێزانی هەژار هەیە کە هەمان رێژەی ئەوان وەردەگرن و هیچ داهاتێکیشیان نییە، رەنگە شوێنی نیشتەجێبوونیشیان جێگەی ئاسایی مرۆڤ نەبێت.
دەکرێت وەزارەتی بازرگانی عیراق، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، شەن و کەوی ئەم دوو خاڵە بکەن و بەرەو باشتری ببەن تا کەسانێک لێی سوودمەند بن کە بەڕاستی دەیانەوێت.
لابردنی بەو مادە خۆراکییانە و پێدانی پارە وەک هەنگاوی یەکەم، جیاکردنەوەی ئەو خێزانانەی کە پێویستیان پێیەتی بۆ هەنگاوی دووەم، لەم پڕۆسەیەدا دەیان ملیۆن دۆلاریش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

وتارەکانی نوسەر