دەستپێشخەرییەکان بۆ هەڵبژاردن

09:39 - 2023-02-26
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
362 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی گرنگە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی حکومەت و پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک، جیا لەوەی مافێکی رەوای دەنگدەر و هاووڵاتیانە، فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی ناو حکومەت بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی ئامانج و کارنامەی حکومەت و مومارەسەکردنی دەسەڵاتی هاووڵاتی لە پڕۆسەی سیاسیدا.
نەکردنی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا وا دەکات حکومەت بەپێی پێویست لە ئاست داواکارییەکانی شەقام نەبێت، لەگەڵیشدا جۆرێک لە لاوازیی بەشداریکردن بە دیاردەکەوێت لە تیایدا .
ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن لەکاتی خۆی تێپەڕیوە، جۆرێک لە گلەیی دەنگدەر و ناڕەزایی پارتە سیاسییەکان هەیە بەم هۆکارە، هەندێک جاریش گوتاری جیاجیای پارتە سیاسییەکان بڵاودەکرێتەوە  کە ئامادەن بۆ  بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
یەکێتی زۆر بە روون و ئاشکرایی داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەکات، بەڵام بە پێویستی دەزانێت کە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێکەوتن لەسەر رۆژێکی دیاریکراو سێ خاڵی پێشوەختە گرنگە کاری لەسەر بکرێت:
1- یەک دەنگی و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بەدەرەنجام و لێکتێگەیشتن لە نێوان پارتە سیاسییەکان سەبارەت بە هەڵبژاردن.
2- رێکەوتن لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن و شێوازی  دەنگدان.
3- بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات، بەتایبەتی دەنگدەران، بۆ ئەوەی رۆلێکی کاریگەریان هەبێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
ئەگەر ئەم خاڵانە هەنگاوی جدی بۆ بنرێت، دەگەڕێینەوە سەر کارایی و ئەکتیڤبوونی دەنگدەران بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن، هەروەها بۆ لایەنە سیاسیەکانیش جۆرێک لەهەماهەنگی و رێکخستنەوەی بەرنامەکانی هەڵبژاردن بۆ خزمەتکردنی خەڵک دروست دەبێتەوە.
رێکەوتنیش لەسەر کردنی هەڵبژاردن، دەستەبەری هەموو مافە کەسییەکانی هاووڵاتیان دەکات، لەلایەکی تریش گرنگیی دەنگدەر دەردەکەوێت بۆ پێکهێنانی حکومەت و بەشداریکردن لەو پڕۆسەیەدا، بۆ پارتە سیاسیەکانیش ژینگەیەکی کێبڕکێ دروست دەکات بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
لەسەر ئاستی دەرەوەش متمانە و سیاسەتی دەرەوە دادەڕێژێتەوە و هاوبەش دەبێت لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکانی وڵاتان، چونکە ئەوەی بە گشتی بەدی دەکرێت، جۆرێک لە پاشەکشە لە ئاستی جیهانی بۆ دیموکراسی هەیە. 
ئەگەر هەرێمی کوردستان پەلە بکات و وادەی هەڵبژاردن دیاریبکات، دەتوانێ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی خۆی لەسەر ئاستی جیهان، وەکو قەوارەیەکی نێودەوڵەتی رۆڵێکی کارای هەبێت لە بەرژەوەندی سیاسەت و دواڕۆژی هەرێمی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر