پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیا و پاراستنی منداڵان

09:54 - 2023-02-27
فەیسەڵ عەلی
316 خوێندراوەتەوە

لە پەرەسەندنێکی بەرچاودا، رەنگە سەرۆکانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکانی بەریتانیا زیندانی بکرێن ئەگەر سەکۆکانیان نەتوانێ منداڵان لە ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و پێگەکانی ئینتەرنێت بپارێزێت، ئەمەش دوای ئەوە هات حکومەت رەزامەندیی لەسەر یاسای سەپاندنی سزای کەتن بەسەر بەرپرسانی پێگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نیشاندا، ئەگەر نەتوانن پارێزگاری لە منداڵی خوار هەژدە ساڵ بکەن، کە بەهۆی بەکارهێنانی پێگەکانی ئینتەرنێتەوە زیانیان پێدەگات. 
ئەم یاسایە گفتوگۆیەکی چڕ و گەرمی لە ناوەندە ئەکادیمی و پیشەییەکانی بەریتانیا و جیهانیشی بەدوای خۆیدا هێنا، گفتوگۆکە تەنها لەسەر بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە لە پاراستنی منداڵان و ئەوانەی کەناڵەکانیان بەکاردەهێنن، بەڵکو لەسەر سروشتی بەرپرسیارێتییە لە تاوان، ئایا کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرس دەبن بەرامبەر بە تاوانێک نەیانکردبێت؟ کە دەشێ کەسانیتر لێی بەرپرس بن، بەر لە گفتوگۆی ئەو پاساوانەی پشت دەرچوونی ئەم یاسایە، کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە ئاشکراکردنی ناسنامەی بەکارهێنەران تووشی دڵەڕاوکێ بوون، چونکە دیاریکردنی ناسنامەی بەکارهێنەری کەناڵەکان و پاشان پاراستنیشی ئەگەر پێویستیش بکات بە دیاریکراوی ناسنامەی بەکارهێنەر ئاشکرا بکرێت، پێویستی بە کۆتوبەندی زۆر توند هەیە، ئامرازەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەڕووی فراوانبوون و بڵاوبوونەوەیەوە دەگەڕێنێتەوە سەرەتا، چونکە بنچینەکەی لەسەر ئارەزووی پەیوەندیکەر لە شاردنەوەی ناسنامەکەی بەندە، بەڵکو پرسی لێکۆڵینەوە لە ناسنامە ئەرکی کەسی پەیوەندیکەرە و بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو، رێگە بە کەسێک نادرێت پەیوەندیی بە کەسێکی ترەوە بکات ئەگەر نەیناسێت، هەروەها دیارینەکردنی ناسنامە، دەرفەتی بۆ کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخساندووە تا ژمارەی بەشداربوانیان ئێجگار زیاد بکات، ئەمەش بەهۆی بانگەشەی بازرگانی سەر سەکۆکانیان تا دەستکەوتی بێشومار بەدەستبهێنن، کۆمپانیای لاوەکی دروستبوون کار بۆ زیادکردنی ژمارەی بەکاربەران دەکەن، ئەمەش گومانی لەسەر حەقیقەتی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی بەکاربەران دروستکردووە.

ئیلۆن ماسک پەلەی کرد
جێی ئاماژەیە پێش ماوەیەک ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکایی وتی، تویتەر کار بۆ پاکردنەوەی ئەم سەکۆیە لە حساباتە ساختەکان دەکات، ئەوەی ناویناوە حساباتی پۆستەی هەڕەمەکی فێڵاوی، بەڵام پەرچەکردار بەرامبەر بە پلانەکەی تویتەر تەنانەت لەلای کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیاشەوە ناڕەحەتی پێوە دیار بوو. ئەویش لەبەرئەوەی ژمارەی بەکاربەرانی سەکۆی تویتەر بە فیعلی رووی لە دابەزین کرد، ئەمەش وای لەو کۆمپانیایانە کرد چاو بە مانەوەی ئەپڵیکەیشنی تویتەر بخشێننەوە لەسەر سەکۆکانیان، ئەم بۆچوونەی کۆمپانیاکان ئیلۆن ماسکی ناچارکرد چاو بە بڕیارەکانیدا بخشێنێتەوە کە تاڕادەیەک پەلەکردنی پێوە دیاربوو، ئەمەش پرسی دیاریکردنی ناسنامەی بەپرسێکی ئێجگار هەستیار بۆ کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کۆمپانیاکانی پەیوەست پێیانەوە دووپات دەکاتەوە، دەبێت قەناعەت بە جیهانی بزنس بهێنن ئەو ژمارە بەکاربەرانەی هەیانە راستن و ساختە نین، چونکە کاریگەریی لەسەر بڕی پارەی کۆمپانیاکان بۆ بانگەشەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بەو تۆڕانەوە دەبێت، بەڵام یاسای نوێی بەریتانیا هەموو ئەوانە دەخاتە بەردەم زریانێکی راستەقینە نەک تەنها بڕیارێکی کۆمپانیایەک دەشێ دواتر لێی پاشگەزبێتەوە.

یاساکە تەکنیکی تازەی دەوێ
پێداویستییەکانی یاسا تازەکەی بەریتانیا، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پۆستی هەڕەمەکی قورستر دەکات، ئیلۆن ماسک لە راستی ژمارەی بەکاربەران دڵنیا نەبوو، یاساکەی بەریتانیا بەکارهێنانی تەکنیکی زۆر پێشکەوتوو دەخوازێت تا سنوورێک بۆ ساختەکردنی ناسنامە و تەمەن دابنێت کاتێک هەژمار لە هەر کام لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە، لەوانە لێکۆڵینەوە لە ناسینەوەی دەموچاوی کەسەکە، بریتییە لە بەرنامەی شیکارکردنی دەموچاوەکان و دیاریکردنی وێنە و پێوانەی رواڵەتی رووی کەسەکە، ئەمەش ئامڕازی زۆر وردتر بۆ ناسینی کەسەکە فەراهەم دەکات، لەبری بەکارهێنانی ژمارەی مۆبایل یان ناونیشانی ئیمەیل یان ناونیشانی (IP) بۆ نموونە.
ئەم تەکنیکە کاراییەکی ئێجگار بەرزی لە رێگریی فێڵکردنی تەکنیکی سەلماند، بەجۆرێک رێی لە ساختەکەران گرت بە ژمارەی نهێنی و پاسۆردەکان بگەن و بەفێڵ و ساختە لە خاوەنەکانیان بدزن، بەڵام  تەکنیکی دەموچاو، بەنیمچە تەواوی دەتوانێ ئەو رێگرییە بکات. وەک ئاماژەی پێکرا، ئەم تەکنیکە ئاڵنگارییەکی گەورەی بۆ کۆمپانیاکان دروستکردووە، بەوەی تەنها لەڕێی کەسە راستەقینەکانەوە دەتوانن بەو هەژمارانە بگەن، نەک تەنها لەڕێی بەرنامە کۆمپیوتەرییەکانەوە، لەبەرئەوە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا بەرەنگاری ئەم رێوشوێنانە دەبنەوە، چونکە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر ئاستی داهاتیان دەبێت. وەک ئەوەی پێشبینیکراو بوو بەتایبەتی لە کۆتایی ساڵی پارەوە قازانجی ئەو کۆمپانیایانە روویان لە پاشەکشێ کرد لەگەڵیشیدا نرخی پشکەکانیان بەڕێژەی (%6) داشکا.

بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکان
لە یاسا نوێیەکەی بەریتانیادا مەسەلەیەکی تر هەیە، جێی سەرنجە و بۆتە هۆی مشتومڕێکی زۆر، پەیوەستە بە ئاستی بەرپرسیارێتی کۆمپانیاکانەوە سەبارەت بە تاوانی جینائی، تاوانی جینائی تەنیا لەڕێی کەسێکی ئاساییەوە دەکرێت، وەک بەرتیل و ساختەکاری و کوشتن و هتد، تاوانێکن کەسەکان دەیکەن، بەڵام تاوانی وەک سپیکردنەوەی پارە، تاوانی جینائییە، کەسێکی ئاسایی نایکات، بەڵکو ئەم جۆرە تاوانە بەبێ بوونی پەیکەرێکی سیستماتیکی دامەزراوەیی یان کۆمپانیا ئەستەمە بکرێت، هەر بۆیە چەندین جۆری رەفتاری تاوانکارانە هەن تەنها لەناو پەیکەری کۆمپانیا و بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیا دەکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پرسی وەسفی یاسایی و فەلسەفەی بنچینەیی تاوانبارکردنی کۆمپانیاکان جێی پرسیارە، تا چەمکی (شکست لە رێگرتن)ی تاوان داخڵکرا. بە کردەوە لە ساڵی 2010 شکست لە رێگرتنی تاوان لە یاسای بەگژاچوونەوەی بەرتیل لە بەریتانیا داخڵکرا، لە 2017 ش رێگرتن لەو تاوانانەی لە یاسای دارایی جنائییدا هاتووە داخڵکرا، پەیوەستە بە ئاسانکاریی خۆدزینەوە لە باج، ئێستا یاسادانەرانی بەریتانیا کار لەسەر بە تاوان دانانی شکست لە رێگرتن لە تاوان لە سایەی یاسای کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکات، ئامانجی ئەم جۆرە لە تاوانبارکردن کۆمپانیاکان ناچار دەکات بەگژ ئەو تاوانانەدا بچنەوە، ئەمەش لەڕێی باشترکردنی کەلتوری رێکخراوەیی ناو کۆمپانیاکان و پەرەدان بە ئیدارەی عەقڵانی بایەخ بە دۆزینەوەی خێرای ساختەکاری و پاراستنی کەسەکان دەدات، لەبەرئەوە خۆدزینەوە یان ئیهمالکردنی بە ئەنقەست لە بونیاتنانی مەنزومەیەکی خۆپارێزی لە تاوان لەناو کۆمپانیاکاندا، نەک بە سەرپێچی لە رێساکانی ئیدارەی عەقڵانی بەڵکو بە تاوانیش دادەنرێت.

وتارەکانی نوسەر