لەناو رووداوەکاندا

فۆرمی سێیەمی جەنگێكی یەك ساڵە

10:09 - 2023-02-27
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
271 خوێندراوەتەوە

لەماوەی هەفتەیەكدا، تایبەت بە گرژییەكانی نێوان «روسیا و ئۆكرانیا» دوو بابەتی ناهاوسەنگ هاتنە ئاراوە، یەكێكیان بڕیارەكەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی روسیا بوو كە بەشداری وڵاتەكەی لە پەیماننامەی «دەستپێكردنی نوێ _ NEW START»  بۆ سنوورداركردنی چەكی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریكا راگرت. 
ئەمەش وەك هەڵوێستێكی توندی روسیا لێكدرایەوە دژی هاوكارییەكانی ئەمریكا و وڵاتانی خۆرئاوا بۆ ئۆكرانیا گەرمکردنی جەنگەکە.
 دووەمیشیان هاتنەناوەوەی چین بوو بە گورزە خاڵێكەوە بۆ رێكەوتنی روسیا و ئۆكرانیا كە ئەمەیان تاكو ئەندازەیەك مایەی دڵخۆشی هەندێك وڵات و جێی رەخنەی هەندێكی دیكە بوو، دەوترێت ئەمەی دواتریان رەنگە پێویستیی جیهانی هێنابێتیە کایەوە.
رۆژی 24ی ئەم مانگە، ساڵێك بەسەر دەسپێكی جەنگی روسیا و ئۆكرانیادا تێپەڕی، ئەو بەرەیەی كە راستەوخۆ جەنگەكەیان دەستپێكردووە و لەناو جەنگەكەدان، هیچیان نەچنیوەتەوە لە روبەڕوبوونەوەكەیان، ئەو بەرەیەشی كە لەپشت جەنگەكەوەن لە رووی دەستهات و مادییەوە باشترن لەهەردوو وڵاتی ناو جەنگەكە. ئەم واقیعەش راماندەكێشێت بۆ راستی ئەو تێڕوانینە سەرمایەدارییەی كە پێیوایە «لە جەنگی دوو مرۆڤدا، سێیەم زیاتری دەستدەكەوێت».
سەرەتا هێڵی پێشەوەی جەنگەكە «روسیا و ئۆكرانیا» گوێیان بۆ لاپەڕە دوانزە خاڵییەكەی چین گرت بۆ گفتوگۆ و دانوستان، ئەگەرچی رەنگە بە دڵی هەردوولا نەبێت كە بە چ ئەنجامێكەوە دەیانباتە دەرەوەی جەنگەكە، بەڵام بەرەكانی پشتەوەی جەنگەكە بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئامانجە باڵایەی كە ئیشی بۆ دەكەن هەرزوو داواكەی چینیان بۆ رێكەوتن رەتكردەوە.
جۆ بایدنی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا «وەک بەرەی پشتەوەی جەنگەکە»، بە تەنزەوە دەڕوانێتە خاڵەكانی رێكەوتنەكە و پێیوایە ناكرێت ئۆكرانیا ئەو رێكەوتنە قبووڵ بكات و «شتێكی ناعەقڵانییە».
ئەم جەمسەربەندییەی روسیا و ئەمریكا لەسەر خاكی ئۆكرانیادا، نە لە فۆرمە ئەفغانییەكەی ساڵانی 1979_1989 دەچێت كە دەرئەنجام هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتی لێكەوتەوە و ئەمریكا دواین سەربازی سۆڤیەتی لە رووباری ئامۆداریاوە خستە دەرەوەی خاكی ئەفغانستان، نە لە فۆرمی پێكدادانی ئەمریكا و روسیا دەچێت لە خاكی سوریای دوای ساڵی 2011، كە پێكدادانێك بوو زیاتر لە ئاستی وتار و هەندێك جاریش نزیكبوونەوە و رێكەوتنیشی تێكەوت لەسەر بەڕێوەبردنی ناوچە جیاوازەكانی سوریا. 
پێكدادانی ئەم سێبەرانەی روسیا و ئەمریكا لەسەر خاكی ئۆكرانیا جیاوازە لە ئەو دوو فۆرمەی پێشوو، واتە ئامادەییەکی تەواوەتی هەردوو زلهێزە جیهانییەكە نییە بۆ جەنگێكی راستەقینە و ماندووكردنی یەكتر و دەستشكاندنەوەیەكی توند تا ئەو ئاستەی ناودەبرێت بە جەنگێكی دیكەی جیهانی، گەرچی ئەوە قسەیەكی تا ئەندازەیەك لۆژیكییە ئەگەر بڵێین ئەمریكا هەمیشە لەو خاڵەدا لە روسیا بە حەزەر بووە كە لەدوای تۆڵەی ئەفغانستان بگەڕێت، بەڵام ئەمریكا لە فۆرمی سێیەمیدا و لەسەر خاكی ئۆكرانیا، بەشێوەیەكی دیكە مامەڵە دەكات كە دەیەوێت بە تەواوەتی توانا سەربازییەكانی ئێستای روسیای بۆ كەشف ببێت، ئەمەش لە رێگەی ئەو چەكانەی خۆیەوە كە دەینێرێت بۆ سوپای ئۆكرانیا و روسیا وەڵامیان دەداتەوە.

وتارەکانی نوسەر