بەرپرسیارێتی كردنەوەی دەروازەی نوێ لە سوریا

09:52 - 2023-02-28
فەتحوڵڵا حوسێنی
195 خوێندراوەتەوە

جۆن كێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سەربە كۆشكی سپی روونیكردەوە: بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری نوێ لەگەڵ سوریادا بە مەبەستی ناردنی كاروانی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئەو وڵاتە زۆر گرنگ بوو، هەرچەندە درەنگیش بوو.
 وتەكانی كێربی ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە رێكخراوەكە لەئاستی بەرپرسیارێتی خۆیدا نەبووە بەرامبەر بە دۆخی سوریا، بەتایبەتی كە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەماوەی رابردوودا دانیشتنێكی داخراوی بەست سەبارەت بە بوومەلەرزەكەی توركیا و سوریا، كە تێیدا مارتن گریفیسی بریكاری ئەمینداری گشتی كاروباری مرۆیی، باسی سەردانەكەی خۆی بۆ ناوچە كارەساتبارەكانی هەردوو وڵات كردبوو، هەروەها باسی لە دەرەنجامی كردنەوەی هەردوو دەروازەی «باس ئەلسەلام و ئەلراعی»یش وەكو دوو دەروازەی تر بۆ چوونە ژوورەوەی یارمەتیی مرۆیی بۆ ناو سوریا بۆ ماوەی سێ مانگ كردبوو، لەكاتێكدا دەروازەی «یەعروبیە»ی نێوان عیراق و سوریا وەكو خۆی ماوەتەوە و هیچ یارمەتییەكی نێودەوڵەتی لێ ناچێتە ژوورەوە، هەرچەندە ناوچە زیانلێكەوتووەكانی رۆژئاڤا پێویستی زۆریان بە بەهاناوەچوون بووە.
دەروازە سنوورییەكان بۆ رۆژئاڤا
لەكاتێكدا ئەم دەروازە گرنگە واتا یەعروبیە لەساڵی 2020ەوە داخرابوو بە بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش خۆی، بەهۆی گوشار و ڤیتۆی دوولایەنەی روسیا و چین، كە سووربوون لەسەر ئەوەی كە دەروازەی «باب ئەلهەوا»ی ژێر كۆنترۆڵی توركیا و میلشیاكانی سەر بەو وڵاتە لە پارێزگای ئەدلیب بەكراوەیی بمێنێتەوە، بە پێچەوانەی دەروازەی «یەعروبیە- تەل كۆچەر».
 رۆژنامەی «فاینانشیاڵ تایمز»یش لەبابەتێكدا باس لە پێویستی روانین بۆ كارەسات و بوومەلەرزەکان وەكو حاڵەتێكی مرۆیی دەكات نەك وەكو حاڵەتێكی سیاسیی، هەروەها دەڵێت ئەوە سەركەوتنی حكومەتی دیمەشق یان ئەسەد نییە، ئەو دەروازەیە بكرێتەوە ئەگەر بە كاتیش بێت.
خاڵی هەرە گرنگ لێرەدا ئەوەیە، وڵاتە كاراكانی نێو قەیرانی سوریا، هیچ گوشارێكی جددیان بۆ سەر چین و روسیا نەهێناوە، بۆ كردنەوەی دەروازەی تەلكۆچەر، چونكە باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا كە نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی خەڵكی ناوچەكانی تری گرتۆتەخۆ، پێویستی بە یارمەتیی مرۆیی بەردەوامە، ئەمە چ جای ئەوەی ئابڵوقەیەكی قورسیشی لەسەرە لەپاڵ ئەو قەیرانە بكوژەی ماوەی 11 ساڵە لەو وڵاتەدا هەیە.
بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی لە بارودۆخی سوریادا لاوازە، دەستە نێودەوڵەتییەكانیش هەوڵی دۆزینەوەی هیچ جۆرە تەوافوقێکیان نەداوە بۆ چارەسەری سیاسیی بارودۆخی سوریا، دوای ئەو هەموو شەڕ و شۆڕەی لەو وڵاتەدا روویداوە، نەك هەر ئەوەش بەڵكو ناردنی یارمەتی و بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی ئەو جەنگەش تەنها بۆ بەشێكی گەلی سوریا بووە، نەك بۆ هەموان، لەكاتێكدا بەشێكی تری گەلی سوریا و بەتایبەتی لە خۆرئاوای رووباری فورات، بێبەش بوون لە یارمەتییە مرۆییەكان.
كۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری زۆر قورس دەگەڕێت دوای هەر كێشە و كارەساتێك، لەكاتێكدا ئەگەر دەستە نێودەوڵەتییەكان لە سەرەتاوە رێگریی لە روودانی كێشەو كارەساتەكان بكەن، ئەوا بارگرانییەكە سووكتر و زیانیشی كەمتر دەبوو، مرۆڤانەتریش دەبوو، بەتایبەتی كە بارودۆخی سوریا رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت لەسایەی نەبوونی پێشنیاز و چارەسەرێكی نێودەوڵەتی و نەبوونی رێگرییەك لەو پێشێلكارییانەی  لە  ناوەوە و دەرەوە دژبە سوریاییەكان دەكرێت.
چارەسەری كاتی بۆ قەیرانی سوریا
ئێمە لەبەردەم چارەسەری كاتیداین، كە ناتوانێت سوریا بەدوور بگرێـت لە كارەسات و زیاتر قەیرانەكەشی ئاڵۆزتر دەكات، بوومەلەرزەكانیش كارەساتێكی ترە كە ترس و دڵەڕاوكێ زیاتر دەكەن لە وڵاتێكی لەتلەتكراوی وەكو سوریادا.

دەروازەی سنووریی (یەعروبییە- تەلکۆچەر)ی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا

وتارەکانی نوسەر