وردتر

میدیا لە ساڵی 2023 دا

09:57 - 2023-02-28
لەشکر حەمە ساڵح
251 خوێندراوەتەوە

میدیا و رۆژنامەگەری لە ساڵی 2023دا بەرەو كوێ دەڕوات؟ ئەوە پرسیاری سەرەكیی توێژینەوەی ساڵانەی پەیمانگەی رۆیتەرزە بە هاوبەشی لەگەڵ زانكۆی ئۆكسفۆرد لەبارەی میدیا و رۆژنامەگەری و پێشكەوتنەكانی تەكنۆلۆژیا كە تیایدا هەوڵدراوە لە رێگەی توێژینەوەیەكی فراوان و بنكۆڵكارییەوە وەڵامبدرێتەوە كە بەرپرسی 303 دەزگای میدیایی لە 53 وڵات بەشدارییان تێداكردووە و بۆچوون و شیكردنەوەی خۆیان خستۆتەڕوو.
توێژینەوەكە لەلایەن رۆژنامەنووسی دیجیتاڵی، نیك نیومان سەرپەرشتی كراوە كە زۆر بە وردی و بە جددی وەڵامی بۆ پرسیارە گرنگ و چارەنووسسازەكان لەبارەی میدیا و رۆژنامەگەری و كاریگەریی تەكنۆلۆژیا كۆكردۆتەوە. 
لێرەدا گرنگترین خاڵەكانی توێژینەوەكە بڵاودەكەینەوە بەو ئومێدەی لە دەرفەتێكی نزیكدا هەموو دەقەكەی بە كوردی بڵاوبكرێتەوە. 
بەشێوەیەكی گشتی بەرپرسی دەزگا میدیاییەكان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیووە لەبارەی ئایندە و چارەنووسی پیشەی رۆژنامەگەری و میدیا بەگشتی بەراورد بە ساڵی رابردوو. ئەوان بەدیاریكراوی وتوویانە كە دۆخێكی نوێ لە میدیادا سەریهەڵداوە و رەنگە نەتوانرێت بارودۆخی دەزگا میدیاییەكان وەك پێشتر بمێنێتەوە، چونكە تێچوو زیادیكردووە و كۆمپانیاكانیش بودجەی تەرخانكراوی ریكلامیان كەمكردۆتەوە. گەشبینترین بەرپرسی دەزگای میدیایی باسی كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندەكان دەكات، رەشبینترینیش ئاماژە بە ئەگەری داخستن یان یەكگرتنی میدیاكان دەكات.
بەپێی توێژینەوەكە، 72 %ی بەرپرسەكانی میدیا دوودڵن لە زیادبوونی ژمارەی ئەو كەسانەی هەواڵ و زانیاری پشتگوێ دەخەن، واتە ئەو كەسانەی گوێ بە گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لە رێگەی میدیاوە نادەن، ژمارەیان زیاتربووە لە جاران، كە رەنگە دواجار ببێتە هەڕەشە لەسەر چارەنووسی میدیا و رۆژنامەگەری بەو شێوەیەی كە ئێستا هەیە.
ئەو بەرپرسانەی میدیا كە رایان وەرگیراوە باسیان لەوە كردووە كە ریكلام پاشەكشەی كردووە و ناتوانرێت وەك سەرچاوەیەكی باشی داهات پشتی پێببەسترێت، بەڵكو باشتروایە پشت بە بەشداریی مانگانە و ساڵانە ببەسترێت. 68 %ی بەرپرسانی میدیا گەشبینن بە بەرزبوونەوەی ژمارەی بەشداران لە سەكۆ ئۆنلاینەكان بۆ ناوەڕۆكە هەواڵی و سیاسی و میدیاییەكان بەشێوەیەكی گشتی.
ئەوەی مایەی سەرنجە، بەرپرسانی میدیایی باسیان لەوەكردووە كە دەكرێت كۆمپانیا و دامەزراوە میدیاییەكان لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی بواری تەكنۆلۆژیا یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێبكەون بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بابەتە میدیاییەكان بەرامبەر داهاتێكی جێگیر بۆ میدیاكان كە جێگەی ریكلام و بەشداریی مانگانە و ساڵانە بگرێتەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە هەر ئەو بەرپرسە میدیاییانە باسیان لەوە كردووە كە ئیتر ئەوان ئەوەندە گرنگی نادەن بەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك و تویتەر، بەڵكو ئاڕاستەكە دەگۆڕن بۆ تۆڕە نوێکان، كە بەكارهێنەرانیان لە تەمەنی خوار 25 ساڵیدان، بەتایبەتی تۆڕی تیك تۆك.
بەپێی توێژینەوەكە بەرپرسانی میدیایی نەیانشاردۆتەوە كە ئەوان بەشێنەیی دەستیان كردووە بە سوودوەرگرتن لە زیرەكیی دەستكرد، بەتایبەتی ئەپڵیكەیشنە نوێکانی وەك چات جی پی تی، كە دەتوانن هاوكار و ئاسانكار بن بۆ میدیاكان تا لەم قۆناغە سەختەدا پشتیوانی میدیا بن و بۆشایی دوای كەمكردنەوەی ژمارەی كارمەندان پڕبكەنەوە.
هەروەك توێژینەوەكە باسی لەوەشكردووە كە ئەمساڵ ژمارەیەكی تری رۆژنامە و گۆڤار و دەزگای میدیایی بڵاوكراوە كاغەزییەكانیان رادەگرن و وەك دامەزراوەی ئۆنلاین درێژە بەكارەكانیان دەدەن.

وتارەکانی نوسەر