چاکسازییەکان لای سودانی بەردەوامە

09:52 - 2023-03-01
هاشم غەمگین
278 خوێندراوەتەوە

لەئەدای حکومڕانی و کارکردنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی  عیراقدا نییەتێکی دڵسۆزانە و جدی دەبینرێت لە بەرەوپێش بردنی عیراق و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی عیراق بەگشتی، کار و چالاکی و هەنگاوەکانی سەلمێنەر و دەرخەری ئەوەن دەیەوێت یەکڕیزیی خاکی عیراق بپارێزێت و مافی هەموو پێکهاتەکان وەک خۆی زامن بکات و حوکمی هاووڵاتیبوون بەرجەستە بکات.
یەکێک لە هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراق کە مایەی نرخاندن و ستایش و دڵخۆشییە، بەرەنگاربوونەوە و رێگرتنە لە دزی و گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران، بەجۆرێک لە دەستگیرکردن و سزادان و بە شوێنی هەموو ئەوانەشەوەیە کە دەستیان هەبووە لە گەندەڵی و لە بە هەدەردانی سامانی گشتیدا.
سەرجەم وەزیرانی کابینەکەی راسپارد سەروەت و سامانی خۆیان ئاشکرا بکەن و  رێگریشی کرد لە گۆڕانکاریی پۆستە وەزارییەکان، بەڕێوەبەر و سکرتاریەت و نووسینگەی تایبەتی وەزیرەکان بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ گەندەڵی و ناعەدالەتی دروست نەبێت، کە لە هیچ کابینەیەکدا ئەم کارانە نەکراوە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا، ئاسانکاریی بۆ گەشتیاران کرد کە دراوی عیراقی بەرامبەر بە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی.
هەموو رێگایەک دەگرێتە بەر بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی، بۆ دروستنەبوونی قەیران، دۆلار بە نرخی حکومەت بە بازرگانان دەدات.
کابینەکەی گوێبیستی پڕۆژە یاسا و بەدواداچوونی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت بۆ چۆنێتی خزمەتکردن و چارسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتیان.
کاراکردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 ی دەستووری عیراق بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێنراوەکان.
تەرخانکردنی بودجە بۆ پێدانەوەی قەرزی پارەی گەنمی جووتیاران، چەندین کاری تر کەشایەنی ستایش و دەستخۆشین.
لێرەدا ئەوەی جێگەی نیگەرانییە سەرکردایەتی کورد، یەکگرتوو و یەکڕیز نییە بۆ دانوستان و گفتوگۆ و دانیشتن لەگەڵ بەغدا بۆ یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد، لەکاتێکدا دەبینرێت حکومڕانیی ئێستای عیراق نییەتی جدی چارەسەری کێشەکانی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نازانم چ سوودێک دەبینرێت کە کورد ئاوا ماڵی پەرتەوازە بێت و یەگگرتوو نەبێت؟
ئەمەش نیشانەی هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی هەندێک لایەنی سیاسی، بۆیە سست و پەرتەوازەن لە ئامادەیی یەکڕیزیی و کۆبوونەوە و دانیشتن و گفتۆگۆ لە بەغدا، ئیتر خەڵک چۆن و  بەچی دڵی خۆش بێت؟ دەبینێت سەرکردە و بەرپرسەکانی ئاوا پەرتەوازە و تەباو یەکریڕ نین، ئەگەر بێت و ماڵی کورد ئاوا ناڕێک بێت، چیتر ناتوانین لەگەڵ بەغدا هاوبەشێکی راست و تەباو دروست و گونجاو بین.

دابینکردنی بازاڕی ساغکردنەوەی گەنمی جووتیاران ئەرکی حکومەتی هەرێمە

وتارەکانی نوسەر